کۆبوونەوەکانی گەل لە وان و بەدلیس: لە گەملیک کۆدەبینەوە!
لە وان و بەدلیس بە بەشداری سەدان کەس کۆبوونەوەی گەل سازکرا. لە کۆبوونەوەکاندا بەمەبەستی بەشداری لە رێپێوانی گەملیک بانگەواز راگەیەندرا.
لە وان و بەدلیس بە بەشداری سەدان کەس کۆبوونەوەی گەل سازکرا. لە کۆبوونەوەکاندا بەمەبەستی بەشداری لە رێپێوانی گەملیک بانگەواز راگەیەندرا.
بە بەشداری کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (توهای-دەر) و کۆمەڵەی کولتور و یەکێتیی پشتیوانی و هاریکاری ئەو بنەماڵانەی کەسوکاریان لە لانکەی مرۆڤایەتیدا بێسەروشوێن بوون (مەبیا-دەر) لە وان و بەدلیس کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.
لە وان لە کۆبوونەوەکەدا بە سەدان کەس لە هاووڵاتیان و هەروەها نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەبوون. تەوەری کۆبوونەوەکە 'رێپێوانی ئازادی'بوو کە لە ١٨ تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر لە گەملیک لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت.
هاوسەرۆکی مەبیا-دەر خانم کایا بەبیری هێنایەوە کە ٣٢ مانگە پارێزەر و بنەماڵەکەی ناتوانن ئۆجالان ببینن و وتی، " وێڕای گۆشەگیری پێشێلکارییەکانیش لە زیندانەکان روو لە هەڵکشانن. سیاسەتی شەڕ لەسەر رۆژئاوا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تاوانەکانی شەڕ بەردەوامن. ئێمە ئەو سیاسەتانە قەبوڵ ناکەین".
هاوسەرۆکی توهای-دەر چەتین ئویاریش وتی، "رۆڵەکانمان بەهۆی ئەو سیاسەتە ستەمکارانەوە ژیانیان لەدەستدا. لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبێت ئێمە دەنگ هەڵبڕین. لە ١٨ی تشرینی دووەم ئێمە لە گەملیک رێپێوانێک ساز دەکەین. دەبێت بنەماڵەکانمان بە شێوەیەکی بەهێز و بەرچاو بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن. ئێمە بە رێپێوان گۆشەگیری ئیمراڵی تێکدەشکێنین".
لە ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی شیرین ئابییش دەستنیشانی کرد کە دەبێت هەموان بەرامبەر گۆشەگیری بوەستنەوە و وتی، "ئێمە دەمانەوێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەناو خۆماندا ببینین".
هاوسەرۆکی مەد توهای –فەد ئەمینە کایا لەپێناو بەشداری لە رێپێوانی گەملیک بانگەوازی راگەیاند.
بەدلیس
لەناوچەی تاتوانی بەدلیسیش کۆبوونەوەی گەل سازکرا. هاوسەرۆکی توهای-دەر ئەدیبە بابور رایگەیاند، کە دەسەڵات لەوان دەترسێت هەربۆیە درێژە بە گۆشەگیری دەدات و وتی، "رەنگە بەڕێز ئۆجالان لە رووی جەستەییەوە زیندانی بێت، بەڵام ئەندێشەکانی لە هەموو شوێنێک بوونیان هەیە. سەرباری ئەوەش ئیتر ئێمە داوای ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەکەین و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین".
لای خۆیەوە هاوسەرۆکی مەبیا-دەری وان ئەنوەر تاشیش ئاماژەی بەوەکرد کە لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی دەبێت هەموان خاوەنداری لە عەبدوڵا ئۆجالان، خاک، رۆڵەکان و بەهاکانیان بکەن.
لە بەڕێوەبەرانی توهای-دەر ئۆرهان ئیشک بەمەبەستی بەشداری لە رێپێوانی گەملیک بانگەوازی راگەیاند.
هـ . ب