بێدەنگی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تادێت ناڕەزایەتی و نیگەرانی هاووڵاتیان زیاتر دەکات و داوادەکەن بەرامبەر بەو داگیرکەرییە کەس بێدەنگ نەبێت و هەڵوێستی توند بگیرێتەبەر.
هاوڵاتی هەژار جاف، سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئاژانسی هەواڵی (ANF) قسەیکرد و وتی: "ئەوە هەر ئێستە نییە کە کوردستان داگیردەکرێت، بەدرێژایی مێژوو کوردستان داگیرکراوە و کورد هیچ دڵسۆزێکی نەبووە، بەتایبەتی دەوڵەتی تورک هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی ئەم گەلەی داوە، ئێمە بۆ ئەم خاکە خوێنی چەندەها شەهیدمان داوە و خاکەکەمان شەرەفمانە، هەر کوردێکی بەشەرەف و بە ویژدان، پێویستە ئێستا هەڵوێستی خۆی دەربڕێت و بێتە سەر جادە و دژی ئەو لەشکرکێشییە ببێتەوە، بەتایبەتی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرەکان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە دەیبینین، تەنانەت حکومەتی هەرێمیش لەئاست ئەم لەشکرکێشییە بێدەنگە، کوردستانی ئێمە یەک پارچەیە و هەرچەند دووژمن بیەوێت ئەو ڕاستییە ناگۆڕدرێت."
هەر لەم بارەیەوە، هاوڵاتییەکی کتێبفرۆشی شاری سلێمانی، پێیوابوو، کە بێدەنگبوون لە ئاستی ئەم پێشێلکاریی و هێرشانە مرۆڤ دەکاتە کەسێکی مردوو، چونکە داگیرکار نیازی سڕینەوەی گەلی کوردە و وتیشی: "ئەرکی هەموو کەسێکە ئێستا هەڵوێست وەربگرێ، بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هیچ کاتێک دۆخەکە ئەوەندە ترسناک نەبووە، بەتایبەتی لە ئێستەدا بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیر و موفەکیرەکانە کە هەڵوێست وەربگرن، ئەم خاکە ناموسی ئێمەیە و نابێ ڕێگە بە داگیرکاری و پێشێلکاری بدەین."
هەروەها سەبارەت بە ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەم هێرشانە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە ئەو وتی: "بێگومان هەموو داگیرکارێک پێش داگیرکردن هەڵوێست لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە وەردەگرێت، ناکرێت هەروا هێرش بکەن، بێگومان ئاسانکاری و ڕێگەخۆشکردن بۆیان هەبووە، بۆیە توانیویانە ئەم هێرش و پەلامارانە ئەنجام بدەن."
هـ . ب