خانەوادەکان داوایان کرد سەردانی ئیمڕالی بکەن

خانەوادە و پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕالی داوایان کرد سەردانی ئیمڕالی بکەن.

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و مەزلۆم دینچی پارێزەری، عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یلدرم برای حامیلی یلدرن و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش سەردانی داواکاری کۆماری بورسایان کرد.

خانەوادەکان بە هەمان مەبەست لە رێگەی داواکاری کۆماری بورساوە داوایەکیان پێکەشی بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمڕالی کرد.

پارێزەران هەفتەی دووجار بۆ ئەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجالان ئەنجام بدەن، داواکاری پێشکەش دەکەن. بەڵام وڵامیان نادرێتەوە.

پارێزەران لە مانگی ئایاردا، دۆسیەکیان لەبارەی سزای دیسیپلینی نایاسایی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ دادگای دەستووری بنەڕەتی تورک نارد.

لە دۆسیەکەدا ئاماژە بە "incommunicado" کراوە کە بە واتای دۆخی دابڕان بە تەواوەتی دێت. پارێزەران رایانگەیاند کە وەرنەگرتنی زانیاری لە عەبدوڵلا ئۆجالان دۆخێکی ئەشکەنجەیە و داوای لە دەستووری بنەڕەتی کرد کە بەهۆی بێرێزی بە مافی ژیان، چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادە و پارێزەران، پێشێلکردنی دادپەروەری و بەرگری و پێشێلکردنی مافی سەردان، دەست بە جووڵە بکات.

ف.ق