خەڵکی گەڕەکی نەورۆز: کۆمەڵکوژییەکانی دژی کورد ناتوانن کلتورەکەمان بسڕێتەوە

خەڵکی مانگرتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، دەڵێن: "کێشەکە سیاسییە هەوڵێکە بۆ بە ئامانج گرتنی کوردی کەرکوک".

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆژی ١٠ی ئادار کە دەکاتە رۆژی جلوبەرگی کوردی، بەو بۆنەوەیەوە خەڵکی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک لە خێوەتی مانگرتنیاندا بەبۆنەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سازکرد، سەڕەڕای پیرۆزکردنی رۆژی جلی نەتەوەیی کوردی، باسیان لە کێشە و گرفتەکانیان کرد کە ماوەی سێ مانگە هێزەکانی سوپای عێراق بەشێک لە خانووەکانیان داگیرکردووە و هەوڵی دەرکردنی زۆرەملێی بەشەکەی دیکەیان دەدەن.

کۆمەڵکوژییەکانی دژی کورد ناتوانن کەلتوورەکەمان بسڕنەوە

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا مەلا فەرمان محەمەد یەکێک لە نوێنەرانی خەڵکی گەڕەکەکە بۆ دەزگاکان ڕاگەیاندن قسەی کرد و ووتی: "جلوبەرگی کوردی ڕەگێکی مێژووی هەیە، ڕەنگدانەوەی سرووشت و کولتوری گەلەکەمانە، هیچ کۆمەڵکوژیەک لە دژی کورد نەیتوانیوە وا بکات نەتەوەکەمان جلوبەرگەکەی نەپۆشێت و کلتوری لەبیر بکات، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی کوردستانیش بێت، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبای لە نەتەوەکەمان دەکەین، هەر گەل و نەتەوەیەک خاوەنی جلوبەرگی ڕەسەنایەتی خۆی بێت، ئاسۆ ڕوونە و دەگات بە ئامانجەکانی".

خەڵكی کەرکوک بووەتە قوربانی

مەلا فەرمان محەمەد، سەبارەت بە دواین گۆڕانکارییەکانی گەڕەکی نەورۆز و بارودۆخی شارەکە، ڕایگەیاند: "کێشەکانی گەڕەکی نەورۆز و جوتیارانی کورد و تەواوی کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لە دوای هاتنە کایەی مادەی ١٤٠ی دەستورەوە، حکومەتی عێراقی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەم هۆیەوەش خەلكی کەرکوک بووتە قوربانی نابەرپرسیارێتی حکومەتی بەغداو هەرێم، سەرباری ئەوەی هیچ هاوکاریەک نادرێت بە جووتیارانی کورد، لە زۆر شوێنیش قەدەغەیان دەکەن بچنە سەر زەوییەکانی خۆیان، ئەمەش دژی دەستوور و مرۆڤایەتیە".

دۆخی کەرکوک رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت

لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەخراپی دۆخی کوردانی کەرکوک، ناوبراو ئاشکرای کرد: " ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، گەڕەکی نەورۆزیش نموونەیە کە ماوەی ٧٠ ڕۆژ سوپای عێراق هاتۆتە ناو گەڕەکەکەوە کە دژی مادەکانی دەستورە، وای لێهاتووە سەربازەکان بە گەڕەکەکەدا دەسوڕێنەوە، دوورنیە کێشەی لێ بکەوێتەوە، داوا دەکەین بە زووترین کات سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری عێراق بێنە دەنگ، لە بەر ئەوەی کێشەکە سیاسیە".