ئەنفال یەكێكه لە گەورەترین ئەو تاوانانەی، لە لایەن رژێمی بەعسەوە لەدژی گەلی کورد ئەنجامدرا. ئهنفال پرۆسهیهكی نهخشه بۆداڕێژراوی رژێمی بهعس بۆ سڕینهوهو لەناوبردنی نهتهوەی كورد بوو و گشت ئاسەوار و شوێنهوارێكی كۆمهڵایهتی و مرۆڤایهتی و ئابوری و کلتوری كۆمهڵگهی كوردی کرایە ئامانج. ئهم پرۆسهیه له ٢٣ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دهستی پێکرد و لە هەشت قۆناغدا، شەش ناوچهی جوگرافیای جیاوازی کوردستانی گرتەوە و تیایدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کوردی ئەنفالکران و ژمارەیەکی زۆریش بێسەروشوێن کران.
پرۆسەی ئەنفال زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەردەوام بوو، سهرجهم قۆناغهكانیش له ٦ی ئهیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی سەرجەم گوندهكانی كوردستان كۆتایی پێهات.
ئەمرۆ ٦ی ئەیلول لە ٢٤هەمین ساڵیادی کۆتایی هاتنی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، خەلیل رەحیم بەڕێوبەری دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراون لە کەرکوک لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو دژی گەلی کورد بەکارهێنرا
سەبارەت بە قۆناغەکانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و کۆتایی هاتنی پرۆسەکە، خەلیل ڕەحیم گوتی: "سەرەتا سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ تەواوی شەهیدانی کورد و کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان، پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بە هەشت قۆناغەدا تێپەڕیەوە، کە کۆتا قۆناغی لە رۆژی ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ کۆتایی هاتووە کە کۆتا قۆناغ بە(خاتمة انفال) ناونراوە بە واتای ئەنجامی ئەنفال، لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال رژێمی بەعسی لەناوچوو، تەواوی هێز و چەکەکانی بەکارهێنانەوە تەنانەت چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوی دژی گەلی کورد بەکارهێناوە، لەماوەی هەشت قۆناغی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال زیاتر لە ١٨٢هەزار هاوڵاتی کورد لە تەواوی چین و توێژەکان کۆمەڵکوژ و جینوساید کراون".
زۆربەی قوربانیان ژن و منداڵ بوون
هەروەها سەبارەت بە ئاماری فەرمی قوربانیان و زەرەر و زیانەکانی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و هۆکاری دەستپێکی ئەو کۆمەڵکوژیە دژ بە کورد، ئەو بەرپرسەی دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوەکرد: " لەو پرۆسەیەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد کۆمەڵکوژ کراوان کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها زیاتر لە ٤ هەزار و ٥٠٠ گوند لە دەوروبەری کەرکوک و ناوچەکە جێناکۆکەکان خاپورکران، تەنانەت خاکە کشتوکاڵیەکانیشی خاپور کرد".
ئامانجەکە سڕێنەوەی تەواوی گەلی کورد بووە
سەبارەت بەئامانجی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، خەلیل ڕەحیم گوتی: " هەشت قۆناغی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال ئامانجی سڕێنەوەی تەواوی گەلی کورد بووە، خۆشبەختانە گەلی کورد قارەمانانە توانیویەتی بەرگری لەخۆی بکات، قوربانیان پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هینراونەتە سەربازگەی تۆپزاو و دووبز لە کەرکوک، پاشان گواستراونەتەوە بۆ بیابانەکانی خواروی عێراق و هەر لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کراون، بەداخەوە تاوەکو ئیستا هیسك و پروسکی تەواوی قوربانیان نەگراوەتەوە بۆ کوردستان، لەیادی ٣٤ ساڵەی کۆتایی هاتن بە پرۆسەی بەدنایو ئەنفال داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم کە داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات لە گەڕانەوە رووفاتی قوربانیان ئەنفال و قەرەبووی بنەماڵەی قوربانیان بکاتەوە".
لەبەرچاوی هەموو جیهان کورد جینۆساید کرا
سەبارەت بەهۆکاری نەناساندنی کەیسی ئەنفال بەجینۆساید لە دادگای نێودەوڵەتی، ئەو بەرپرسەی دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوان، رایگەیاند: "ئێمەی کورد بەپێش چاوی هەموو جیهانەوە بەهەشت قۆناغ لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعسەوە جینۆساید کراین، دادگای نێودەوڵەتی و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان ئەوکات بێدەنگ بوون، ئیستاش هەر بێدەنگن بەرامبەر جینۆسایدی کوردان، تاوەکو ئەمرۆ کەیسی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بەجینۆساید نەناساندووە".
بۆ رێگریکردن لە کۆمەڵکوژیەکان پێویستە کورد یەکگرتوو بێت
لە کۆتایدا لەپێناو ئەوەی جارێکی دیکە گەلی کورد تووشی کۆمەڵکوژی و جینۆساید نەبێتەوە، خەلیل ڕەحیم بەرێوبەری دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کەرکوک گوتی: "تەواوی رژێمە یەک لەدو یەکەکانی عێراق ستەمیان لەکورد کردووە، تائیستاش گەلی کورد لە مەترسی رژێمی عێراق رزگاری نەبووە و مەترسی لەسەر گەلی کورد هەیە، بۆئەوەی جارێکی دیکە گەلی کورد تووشی کۆمەڵکوژی و ئەنفالێکی نوێ نەبێتەوە، یەکریزی گەلی کورد لە تەواوی کوردستان زۆر گرنگە. بەتایبەتی لەشارێکی وەکو کەرکوک، داواکارم لەسەرجەم حزبە کوردستانیەکان کە تەواوی ململانیە حزبیەکانیان لەدەرەوەی کەرکوک بەجێ بهێلین لە کەرکوک. بەیەکریزی و برایەتی کاربکەین لەپێناو گەلەکەمان، چونکە دوژمنانی گەلەکەمان بەردەوام هەوڵدەدەن ناکۆکی لەنێوان گەلی کورد دروست بکەن".
ف.ق