کەجەکە: بەرخودانی گەلان بە دڵنیاییەوە ستەمی زوحاکەکان تێکدەشکێنێت

کەجەکە جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد و رایگەیاند، "بەرخودانی گەلان بە دڵنیاییەوە ستەمی زوحاکەکان تێکدەشکێنێت و بەرخودانی گەلان و ئازادی سەردەکەوێت".

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە راگەیەندراوێکی بەبۆنەی نەورۆزی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا بەبیرهێنراوەتەوە کە هەنگاوی سەرەتایی تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە نەورۆزی ١٩٧٣ لە کۆبوونەوەی بەنداوی چوبوکدا هەڵگیرا و بەم جۆرە بەردەوامبوو؛ "کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان لە ساڵی ١٩٨٢دا ئاگری بەرخودانی داگیرساند و نەورۆزی سەرلەنوێ گەیاندە واتا مێژووییەکەی، سەرلەنوێ نەریتی بەرخودانی گەشاوە کرد، نەریتی بەرخودانی گەیاندە چیا، دەشت، گوند و شارەکانی کوردستان، گەلی کوردستانیش لەگەڵ هەر نەورۆزێکدا زیاتر وشیاربووەوە و سەرلەنوێ هەڵسایەوە سەر پێ. بەم جۆرە نەورۆز گەیشتە واتا و ئامانجی مێژوویی خۆی، سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد".

راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:

"بەرەوپیری نەورۆز دەچین کە یەک لە دێرینترین و واتادارترین جەژنەکانی مێژووی مرۆڤایەتیە. نەورۆز لە دژی ستەم، کۆیلایەتی و داگیرکەری سەرهەڵدانێکی بەهێزی گەلانە. ئەم نەریتە کە بە هەزاران ساڵ هێمای بەرخودانی ستەملێکراوان لە دژی ستەمکارەکانە، هیچ شتێک لە واتای خۆی لەدەست نەداوە، بەهێزتر بووە و گەیشتووەتە ئەم سەردەمە. لە کاوەی ئاسنگەرەوە تا کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان کە وەک ئافرێنەرانی ئەم رۆژە مێژووییە ناویان دەهێندرێت، رێزی خۆمان بەرامبەر هەموو ئەوانە دەردەبڕین کە خاوەنداری لە نەورۆز دەکەن. ئافرێنەری ئەم نەریتە واتادارە بەکای هاوبەشی مرۆڤایەتیە.

نەورۆز لە دژی ستەمی زوحاکەکان ناوی سەرکەوتن لە رێگەی بەرخودان و ئازادییە. بەو بڕوایەوە کە بەرخودانی ئازادی دەتوانرێت بخوڵقێندرێت، ئێمە نەورۆز لە گەلانی مێزۆپۆتامیای دێرین، لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە ژنان، گەنجان، رەنجدەران و بندەستان پیرۆز دەکەین. هەموو ئەوانەی کە نەورۆز لە دڵەوە هەست پێدەکەن، دەڕژێنە گۆڕەپانەکان و پیرۆزی دکەن، بە تینی ئاگری نەورۆز سڵاویان لێدەکەین.

خۆشەویستی گەلی کورد بۆ نەورۆز بەهۆی هۆگربوونیەتی بۆ ئازادی

گەلی کورد کە ئافرێنەری نەورۆزە لە تەواوی مێژوودا لە دژی ستەم و داگیرکەری خۆڕاگری کردووە و نەریتی نەورۆز بەردەوام بووە. بە هەزاران ساڵە بە تامەزرۆیی ئازادییەوە نەورۆز بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز دەکرێت. وەک گەلی نەورۆز هەبوونی خۆی پاراست و درێژە پێدا. رێبەر ئاپۆ بەهۆی ئەو راستیەوە گەلی کورد وەک 'گەلی نەورۆز' پێناسەکرد. لەم سەردەمەشدا گەلی کورد بە تامەزرۆیی ئازادی، بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە نەورۆز پیرۆز دەکات. وەک هەموو ساڵێک ئەمساڵیش نەورۆز زۆر پێش هاتنی ٢١ی ئادار لە هەموو شوێنێک پیرۆز دەکرێت. ئەمەش دەریدەخات چەندە بیری نەورۆز دەکات و خۆشی دەوێت. جۆش و خرۆش و خۆشەویستی گەلی کورد بۆ نەورۆز بەهۆی هۆگربوونیەتی بۆ ئازادی. لە ناخەوە بە بۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.

هەروەها بە بۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە دۆستان، ژنان و ئینترناسیۆناڵیستەکان دەکەین کە بە هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادییەوە بوونە بەشێک لە تێکۆشان و شۆڕشی کوردستان، لە بڵاوکردنەوەی شۆڕشی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە جیهاندا رۆڵێکی گەورەیان گێڕان. سڵاویان ئاراستە دەکەین، خۆشەویستی و رێزی خۆمانیان پێشکەش دەکەین. پشتیوانی دۆستانمان بۆ تێکۆشان و رێبەر ئاپۆ دڵخۆشی و هێزی بە ئێمە بەخشیوە و دڕوای ئێمە بە بەها گەردونیەکانی زیاتر کردووە. ئێمە ئەو هەڵوێستە واتادارەی دۆستانی گەلی کوردستان زۆر بە نرخ و واتادار دەبینین.

شەهیدانی نەورۆز بەبیر دەهێنینەوە

رۆڵەی قارەمانی گەلی کورد شۆڕشگێڕی گەورە مەزڵوم دۆغان لە ساڵی ١٩٨٢ لە زیندانی ئامەد ئاگری نەورۆزی کردەوە، تاریکی راماڵی و نەریتی نەرۆزی سەرلەنوێ گەش کرد. ئێمە بە رێز، خۆشەویستی و بەتاسەوە یادی دەکەینەوە. لە کەسایەتی شەهیدانی نەورۆزدا شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش هەر هەموویان جارێکی دیکە بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنینەوە، بەژنی خۆمان لەبەردەم یادەوەری ئەواندا بە رێزەوە دادەنەوێنین. ئەو چەخماخەیەی کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان لە زیندان دایگیرساند لە رێگەی زەکیە، رەهشان، رۆناهی، بێریڤانەکانەوە گۆڕدرا بۆ ئاگرێکی گەورە، وایکرد گەلی کورد بە شێوەیەکی گەورە وشیار بێتەوە و بە هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی لە ئێستادا گۆڕدراوە بۆ رۆژێک کە مرۆڤایەتی بە تەواوەتی رووناک و گەرم دەکاتەوە.

بێگومان ئەوانەی زیاتر بە قووڵی لە نەورۆزدا دەژین و نوێنەرایەتی دەکەن بەرخودانی زیندانەکان و گەریلان. زیندانیانی سیاسی لە هەلومەرجی هەرە دژواردا هێڵی بەرخودانی کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان بە بێ سازش لەسەر کردن درێژەپێدا، خۆبەدەستەوەدان و خیانەتیان تا کۆتایی شەرمەزار کرد و شکستیان دا. نەورۆز لە خۆڕاگرانی زیندانەکان پیرۆز دەکەین کە خۆبەدەستەوەدان و خیانەتیان تێکشکاند و بە هەڵوێستی ئازادی خۆیان هێزێکی گەورەیان بە تێکۆشان و گەلەکەمان دا. سڵاو لە بەرخودانی ئەوان دەکەین. گەریلاکانی ئازادیی کوردستانیش ئەو بەرخودانەی کاوەی سەردەم دەستیپێکرد لە چیاکانی کوردستان گەیاندیانە بەرزترین ئاست، داگیرکەری، کۆلۆنیالیزم و دوژمنی ستەمکاریان تێکشکاند و وایانکرد کە گەلی کوردستان سەرلەنوێ هەڵسێتە سەرپێ. بەم بۆنەوە سڵاو لەو گەریلایانە دەکەین کە بە گیانی فیدایی خۆڕاگری دەکەن و یەک بە یەک نەورۆز لەوان پیرۆز دەکەین.

لە مێژووی کوردستاندا نەورۆز بە واتای تێکۆشان و بەرخودانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی کاوەکان لە دژی ستەمی زوحاکەکانە. ئەو بەرخودانەی بە ئاگری کاوەی ئاسنگەر دەستیپێکرد، ستەمی زوحاکی ستەمکاری روخاند، گەلی بە ئازادی گەیاند و نەورۆزی ئافراند، کە سەردەمێکی نوێیە. ئەم نەریتە واتادارەی بەرخودانی مەزڵومەکان لە دژی ستەمکاران، بە پێشەنگایەتی پەکەکە نیوسەدەیە لە رێگەی بەرخودانی گەلی کوردەوە بەردەوامە، تاریکی رووناک دەکاتەوە، ستەمکاران تێکدەشکێنێت و ئازادی دەستەبەر دەکات. تێکۆشانی ئازادی کوردستان کە ئەمڕۆ بە هۆشمەندی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک گۆڕدراوە بۆ تێکۆشانی ئازادی گەردونیی مرۆڤایەتی، یەکەم هەنگاوی خۆی لە ساڵی ١٩٧٣ لە نەورۆزدا لە کۆبوونەوەی بەنداوی چوبوک هەڵگرت. کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان لە ساڵی ١٩٨٢دا ئاگری بەرخودانی داگیرساند و نەورۆزی سەرلەنوێ گەیاندەوە واتا مێژووییەکەی، نەریتی بەرخودانی سەرلەنوێ گەشتر کرد، نەریتی بەرخودانی گەیاندە چیا، دەشت، گوند و شارەکانی کوردستان، گەلی کوردستانیش لەگەڵ هەموو نەورۆزێک زیاتر وشیار بووە و سەرلەنوێ هەڵسایە سەرپێ. بەم جۆرە نەورۆز گەیشتە واتا و ئامانجی مێژوویی خۆی، سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد.

ئافرێنەری ئەو پەرەسەندنانە رێبەر ئاپۆیە

بێگومای ئەوەی هەموو ئەو هەنگاوە مێژووییانەی هەڵگرت رێبەر ئاپۆیە. رێبەر ئاپۆ بە دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردی سەرلەنوێ بە نەورۆز گەیاندەوە و لە کوردستان پرۆژەیەکی نوێی مێژوویی دەستپێکرد. هەربۆیە زوحاکە ستەمکارەکانی ئەم سەردەمە هەموویان کۆبوونەوە، بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی رێبەر ئاپۆیان بە دیل گرت و لەناو سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی دایاننا. رێبەر ئاپۆ لە ٢٦ەمین ساڵدا لە دژی ئەم سیستمەی ئەشکەنجە و گۆشەگیری خۆڕاگری دەکەن. ئاشکرایە کە بەرخودنی رێبەر ئاپۆ لە دژی زوحاکە ستەمکارەکان، گەورەترین نەورۆزە. ئەوەی بە گەورەترین شێوە لە نەورۆزدا دەژی و بە زیندوویی رایدەگرێت رێبەر ئاپۆیە. نەورۆز لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، کە گەورەترین خۆڕاگری نەورۆزە، هەروەه سڵاو و رێز و خۆشەویستی خۆمانی پێشکەش دەکەین.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە دروشمی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد' بە پێشەنگایەتی دۆستان هەڵمەتێکی جیهانی دەستیپێکرد و لەم چوارچێوەدا گرنگترین کار تائێستا ئەنجام دراوە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەبێت ئەو هەڵمەتە بگەیەندرێتە سەرکەوتن و لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێت ئێمە گوڕ بە تێکۆشانمان بدەین، بەرەوپێشی ببەین. پیرۆزباییەکانی نەورۆزیش دەبێت بەرزترین ئاستی ئەوە بێت، گەلەکەمان لە هەمووشوێنێک دەبێت بڕژێتە شەقامەکان، داوای ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بکەن، هەڵوێستی ئازادی و بەرخودانی خۆیان نیشان بدەن. لەبەر ئەوە دەبێت نەورۆزی ٢٠٢٤ ببێتە بەهێزترین چالاکی و بەم دروشمەوە کە ملیۆنان مرۆڤ بەشدار بن. ئێمە وەک گەل و بزوتنەوە جیتر ناتوانین بەرامبەر بە هێرشەکانی قڕکردن و داگیرکەری، کردەوەکانی ئەشکەنجە و گۆشەگیری رژێمی ئاکەپە- مەهەپە دان بە خۆماندا بگرین کە فاشیست، نکۆڵیکار، نەژادپەرست، درۆزن و دوژمنی کوردانە. گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بە هیچ جۆرێک مایەی قەبوڵکردن نییە.

فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هێرشی قڕکردن و داگیرکەری لەسەر کورد زیاد دەکات، درێژەی پێدەدات. بەتایبەتی هێرشەکانی سەر رۆژئاوا، لە دژی کوردستان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت. هێرشەکانی سەر رۆژئاوا بە شێوەیەکی ئاشکرا تاوانی جەنگە. ئێستاش بۆ قڕکردنی کوردان پلانی نوێ دادەنێن. تەیب ئەردۆغان و رژێمەکەی زوحاکی ئەم سەردەمەن، هەربۆیە لە دژی ئەوان دەبێت بە رۆحی نەورۆز بەرخودانمان گەورەتر بکرێت، دەبێت ئێمە ساڵی ٢٠٢٤ بکەینە ساڵی سەرکەوتن. بەو ئامانجەوە دەبێت ئێمە ملیۆنان مرۆڤ بڕژێینە گۆڕەپانەکان، بە بەهێزترین شێوە نەورۆز پیرۆز بکەین.

بەدڵنیاییەوە بەرخودانی گەلان ستەمی زوحاکەکان تێکدەشکێنێت، بەرخودان و ئازادی گەلان سەردەکەوێت. ئێمە بەو بڕوایەوە جارێکی دیکە نەورۆز لە گەلی کورد، گەلانی مێزۆپۆتامیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پیرۆز دەکەین".

هـ . ب