کەجەکە: دەبێت گەلەکەمان لە هەموو شوێنێکدا بەشداری لە هەڵمەتی تێکشکاندنی داگیرکەردا بکات

کەجەکە رایگەیاند، دەبێت گەلەکەمان لە باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات بە هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' بە چالاکییەکانیان لە دژی داگیرکەری هەڵوێستی روون نیشان بدەن.

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی هێرشی داگیرکەری لە دژی ناوچەى گارە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە:

"دوای ئەوەى وەزیری شەڕ و فەرماندەی گشتیی سوپای تورک لە بەغدا و هەولێری باشووری کوردستان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا، سوپای داگیرکەری پاکتاوکەر و چەوسێنەر لە دژی گارە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی بە هێرشێکی داگیرکەری کرد. لە بەرەبەیانی ١٠ی شوباتدا بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک زۆر شوێن لە ئاسمانەوە بۆردومانکران و سەربازیان لە هەندێک شوێن دابەزاند. ئێستا لە گارە لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و سوپای تورکی داگیرکەردا شەڕێکی قورس لە ئارادایە.

 بەبێ رەزامەندیی پەدەکە ناتوانن هیچ جۆڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدەن

ناوچەى گارە زۆر لە سنووری تورکیا دورە و لە ناو باشووری کوردستاندایە. هەموو کات لە دژی گارە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە. ئەوە یەکەمجارە لە عەرزەوە سەربازیان نارد و دەستیان بە جموجوڵی داگیرکەری کرد. بێگومان بۆ ئەوەى جوڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدرێت، دەبێت رێگاپێدان و پەسەندکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە هەبێت. ئەو رۆژەى ئەو هێرشە دەستیپێکرد، مەسرور بارزانی لە بریی ئەوەى لە دژی ئەو داگیرکەرییە بوەستێتەوە، گەریلاکانی تاوانبارکرد و رەوایی بەو داگیرکەرییە دا. هەر خۆی دوو بۆ سێ مانگە هێزە سەربازییەکانی سەر بە پەدەکە دەوری ناوچەکانی گەریلایان گرتبوو. لەو دۆخەدا داگیرکەریی دەوڵەتى تورک دەستیپێکرد.

ئەو جوڵە داگیرکەرییە لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا بەڕێوەدەچێت

جموجوڵی داگیرکەری لە دژی گارە لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەی بەڕێوەدەچێت و ئەوەش روونی دەکاتەوە، کە ئامانجی دەوڵەتى تورک پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی و سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردانە. لە رۆژئاواش بۆ ئەوەى کۆتایی بە ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گەلی کورد بهێنێت، هێرشە داگیرکەرییەکانی دەستپێکردووە. ئەو قسەیەیان کە دەڵێن، 'ئێمە هەڵەکەمان لە باکوری عێراق لە باکوروی سوریا دووبارە ناکەینەوە' روونی دەکاتەوە، کە هێرش بۆ سەر رۆژئاوا لەو چوارچێوەیە و لەو دیدەوە ئەنجام دەدەن. ئێستا لە گۆڕەپانی ناوخۆ لە باشووری کوردستان لە کەسایەتیی هێزەکانی گەریلادا لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کوردان دەیانەوت فیدراسیۆنی باشووری کوردستان لە ناو ببەن. هەر خۆی گەلانی باشوری کوردستان و گەلی کورد دەڵێن، ئەو هێرشە تەنها لە دژی پەکەکە و گەریلا نییە، بەڵکو جموجوڵی داگیرکردنی باشووری کوردستانە. تاوەکو جموجوڵی داگیرگەری لە هەموو پارچەکانی کوردستان کۆتایی پێنەیەت، ئەو هێرشانەى دەوڵەتى تورک لە دژی ژیان و هەبوونی ئازاد و دیموکراتیکی هەموو پارچەکانی کوردستان بەردەوامیی دەبێت. بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و راگەیاندنەکانیان لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتەوە لە هەموو دەرفەتەکاندا رایدەگەیەنن، کەرکوک و موسڵ هی ئەوانە. دوای هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر ناوچەکانی خواکورک و حەفتانین، کە ناوچەى نزیکی سنوورن، ئەم هێرشە لە قوڵایی ناوخۆی باشووری کوردستان ئەنجامدرا، دەبێت ئەوە هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ داگیرکردنی کەرکوک و موسڵ. بەپێی داگیرکەرییەکانی پێشتریش ئەوە دەزانرێت، دەوڵەتى تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان ناکشێتەوە.

دەبێت گەلەکەمان راپەڕێت و بەشداری هەڵمەتی تێکشکاندنی داگیرکەری ببێت

هەپەگە رایگەیاند، ئەو کۆپتەرانەى بەشداری ئەو هێرشە بۆ سەر چیای گارە بوون، لە بەری باشوور و لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدا هەستاون. سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند، جموجوڵی داگیرکەری بۆ سەر گارە لە شارۆچکەى باکرمانی سەر بە قەزای ئاکرێ لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هێرش بۆ سەر گارە تەنها هێرش نییە بۆ سەر تێکۆشانی ئازادیی کورد بە پێشەنگایەتیی پەکەکە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر هەبوونی گەلی کورد، هێرشە بۆ سەر ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گەلی کورد. هەر خۆی تاوەکو هێرش بۆ سەر پارچەکانی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو کوردان نەزانرێت و لێکنەدرێتەوە و بەپێی ئەوە هەڵوێستی نەتەوەی نیشان نەدرێت، ئەستەمە هەموو پارچەکانی کوردستان ئازاد ببن و ئەگەری ئەوەش هەیە دەستکەوتەکان لە دەست بچن. لەبەر ئەوەش دەبێت لە دژی هێرش و داگیرکەری بۆ سەر گارە، گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی و دەرەوەی وڵات، هێزە سیاسیییەکان، رۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان، ژنان و گەنجان هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. دەبێت لە دژی ئەو هێرشە لە باشووری کوردستان لە دژی داگیرکەری بزووتنەوەیەکی گەل دروست ببێت، حیزبە سیاسییەکان، رۆشنبیران، هونەرمەندان، گەنجان و ژنان بەشداری ناو بەو بزووتنەوەیەی گەل ببن. گەلەکەمان لە باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات و دەرەوەی وڵاتیش، هەڵمەتەکان بە ناوی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە" لە دژی ئەو داگیرکەرییە بە چالاکیی کاریگەر و چالاکانە، خۆیان بکەنە خاوەن هەڵوێستی بەرچاو. لە هەموو شوێنێکدا دەبێت لە پێش هەمووانەوە ژنان و گەنجان و گەلەکەمان راپەڕن و بەشداری هەڵمەتی تێکشکاندنی داگیرکەری ببن.

دەبێت گەلەکەمان باشووری کوردستان لە داگیرکەران بەرتەسک بکات

دەبێت گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی وەک دەوڵەتی تورک و لە دژی هەموو هێرشێکی داگیرکەری هەڵوێستی وڵاتپارێزانە و شۆڕشگێڕانە نیشان بدەن. ئێمە لە یادمان نەکردووە، کە کاتی جموجوڵی داگیرکەریی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ سەر زاپ، لە ئامێدی، دیرەلوک و شێلادزێ گەل هەڵوێستێکی چۆنی نیشان دا. بەو شێوەیە شکۆمەندانەترین بەرخودانتان لە مێژووی کوردستاندا خستەڕوو. هەروەها هەڵوێستی گەل لە دژی بارەگاکانی شێلادزی وەک یادەوەری شکۆ لە مێژوودا جێی خۆی کردووەتەوە. ئەو هەڵوێستە رێ نیشاندەری چالاکییەکانی ئەمڕۆیە لە دژی داگیرکەری. لەو چوارچێوەیەدا لە دژی جموجوڵی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە، لە پێش هەموانەوە دهۆک و ئاکرێ و هەموو شار و شارۆچەکانی کوردستان دەبێت راپەڕین، ئەوە نیشان بدەن، کە رێگا نادرێت هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان داگیر بکرێن. دەبێت باشووری کوردستان لە داگیرکەران بەرتەسک و تەنگ بکرێت.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەری پاکتاوکار لە هەموو شوێنێکدا هێرش دەکاتە سەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی. بە هێرش و داگیرکەری هەوڵ دەدات کورد لە هاوسەنگی و پێگە و دۆخی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا نەتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک رۆڵ بگێڕێت و بەشدار بن، بۆ ئەوەش دەیەوێت کورد پاکتاو بکات. دەبێت ئەو راستییە هەموو کوردێک لە دژی تورکی پاکتاوکار بهێنێتە سەر پێ، هێرشەکانیان تێکبشکێنن، هەبوونی کوردان مسۆگەر بکەن و کارێک بکەن، کە لە سەدەی ٢١دا هەموو پارچەکانی کوردستان ببنە خاوەنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک".

ژ.ت