کەجەکە: پێویستە تێکۆشانی دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی فراوانتر بکرێت!
هاوسهرۆكایهتیی دەستەی بهڕێوهبهری كهجهكه رایگەیاند، بۆ بهرهنگاربوونهوهی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، بۆ بهدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبهر ئاپۆ و رزگاركردنی كوردستان و دیموكراتیزەكردنی توركیا و رۆژههڵاتی ناوهڕاست، پێویستە هەموو کەسێک تێبکۆشێت.
راگەیەندراوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە:
"٢٤مین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی كە لە ٩ی تشرینی یەكەمی ١٩٩٨ لەدژی رێبەر ئاپۆ بە ئامانجی قڕكردنی گەلی كوردستان بەڕێوەبرا، جارێكی دیكە شەرمەزار دەكەین. هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی لە کەسایەتی ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا شەهید بوون، بە خۆشەویستی و ڕێز و سوپاسگوزارییەوە یادیان دەکەینەوە و بەڵێنمان بۆ یادی شەهیدان دووبارە دەکەینەوە.
هەڤاڵ خالید ئۆرال و ئاینور ئارتان ئەلقەیەکی ئاگریان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ دروست کرد، یەکەم کاردانەوەی گەورەیان لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پیشاندا و سەرکردایەتی خەباتیان دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کرد. ههڵوێستی ئهم هەڤاڵانە له دژی پیلانگێڕی و خیانهت بۆته یهكێك له مانادارترین چالاکیەکانی مێژووی مرۆڤایهتی و مێژووی خهباتمان. تەڤگەری ئازادیی کورد و گەلی کوردستان هەرگیز ئەم هەڤاڵە قارەمانانە لەبیر ناکەن کە بە دروستکردنی ئەڵقەی ئاگر بۆ پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ و درێژەدان بەو ڕێگایەی کە ئامادەیان کرد، دژایەتی پیلانی نێونەتەوەیییان کرد. ئەم هەڤاڵانە نیشانیان داین چۆن بەرەنگاری پیلانگێڕی ببینەوە و چۆن ڕێبەر ئاپۆ لە هەر بارودۆخێکدا بپارێزین. بنەڕەتیترین ئامانجمان ئەوەیە لەسەر ئەو ڕێگایە خەبات بکەین کە ئەوان ڕۆشنیان کردۆتەوە و بەو ئامانجانە بگەین کە دایانناوە. بە ڕێز و سوپاسەوە یادی ئەم شەهیدە مەزنانە دەکەینەوە. تێگەیشتن و هەستکردن بە هەست و ویستی ئەم هەڤاڵانە و هەزاران شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر کە بە ڕێپێوان و دڵسۆزییان بۆ خەباتی ئازادیی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ شەهید بوون، هەڵوێستێکی زۆر گرنگە.
زۆرێک لە هێزەکان بەشدارن لە پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا
کاتێک دەوڵەتی قڕکەر و ستەمکاری تورک ڕێبەر ئاپۆی ناچار کرد سوریا بەجێبهێڵێت و هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕی کرد، ڕێبەر ئاپۆ بڕیاریدا بەمەبەستی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دژی گەلی سوریا، سوریا بەجێبهێڵێت و لە ٩ ی مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا سوریای بەجێهێشت. لەم پرۆسەیەدا ڕێبەر ئاپۆ بە مەبەستی دوورخستنەوەی کێشەی کورد لە ململانێ، زەمینەسازی بۆ چارەسەری سیاسی دیموکراسی و چارەسەری کێشەی کورد، چوون بۆ ئەوروپای هەڵبژارد. داواكاریی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری كێشەی كورد ئەوەیە كە بە هۆی گرنگی كێشەی كوردستان لای ئەوروپا، بچێتە ئەوروپا و هەلومەرجێك لە ئەوروپا دروست بكات. دابەشبوونی کوردستان بۆ چوار بەش و سەرهەڵدانی کێشەی کورد و گەلی کورد لە پرۆسەی نکۆڵی و لەناوبردن دەرئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو سیستمەیە کە بنیاتیان ناوە. بۆیە خوڵقێنەری راستەقینەی کێشەی کورد وڵاتانی ئەوروپایە. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ چووە لای ئەو سەرچاوەیەی کە کێشەی کوردی دروست کردووە و ویستویەتی کێشەکە لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر بکات. ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە دەرفەتێکی بۆ چارەسەری سیاسیی کێشەی کورد لە ئەوروپا ڕەخساند و دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە مێژووییەی کە کردوویانە. بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ئەو دەرفەتەیان بەرز نەنرخاند کە ڕێبەر ئاپۆ پێیانی بەخشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە پەیوەستبوون بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات. ئەوروپا بە داخستنی هەموو دەرگاکانی بەڕووی ڕێبەر ئاپۆدا دەریخستووە کە ئەوان لەگەڵ چارەسەری سیاسیی کێشەی کورد نین، نەک هەر کێشەی کوردیان دروست کردووە، بەڵکو چەقبەستووییەکەیان دەپارێزن. جگە لەوەش وڵاتانی ئەوروپا نەک هەر خۆیان لە چارەسەری کێشەی کورد بەدوور گرت، بەڵکو یاساکانی خۆیان و نێونەتەوەییشیان پێشێل کرد. وڵاتانی ئەوروپا نیشانیان داوە کە دان بە هیچ بەهایەک و یاسایەکدا نانێن کاتێک باس لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان دەکرێت. زۆرێک لە هێزەکان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداریان لە پیلانگێڕی دژی رێبەر ئاپۆدا کرد. بۆیە پیلانەکە سیمایەکی نێونەتەوەیی هەیە. خاڵی هاوبەشی هەموو هێزە پیلانگێڕەکان ، رێککەوتنیانە لەسەر قڕکردنی کورد. ئەمەریکا ئامانجی ئەوە بوو کە هێڵێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات کە خزمەت بە سیاسەتەکانی بکات، هێڵی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دژایەتی ئەم سیاسەتە بوو و بۆ ئەم مەبەستەش پیلانگێڕی لە ناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ و تەسفیەکردنی خەباتی ئازادیی کوردستان رێخرا. هەر لەبەر ئەم هۆیەش بە نفوزی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆی و بەتایبەتی ناتۆ بەشداری لە پیلانگێڕیەکەدا کرد. ئەوە دووڕوویی وڵاتانی ئەوروپی بوو کە بەشداری پیلانگێڕی بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان بکەن. ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە خۆیان وەک مافی مرۆڤ و نەزمی یاسایی نیشان دەدەن، بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی، بە پشتگوێخستنی یاسا، چوونەتە ناو هەڵوێستێکی دووڕووییەوە. وڵاتانی ئەوروپا بەم هەڵوێستانە نیشانیان داوە کە کاتێک باس لە کورد دەکرێت، هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و یاسایی و مرۆیی لەبەرچاو ناگیرێت.
هێزە خیانەتکارەکانیش بەشدارن لە پیلانەکەدا
ههروهها بهشێك له هێزه كوردییهكان كه خیانهت و هاوكاریان قبووڵ كرد، بهشدارییان له پیلانگێڕییهكهی دژ به ڕێبهر ئاپۆدا كرد. ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادیی کورد، گەریلا و گەلە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان؛ بۆ ئازادی کوردستان خەباتیان کرد و باجێکی زۆریان دا. بەڵام ئەم هێزە هاوکار و خیانەتکارانە بەشداریان لە پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا کرد و ویستیان سوودی ئابووری بۆ خۆیان دروست بکەن بە هیوای نەهێشتنی خەباتی ئازادیی کوردستان. ئهو هێزانه له پاڵ دهوڵهتی بکوژ و ستەمکاری تورک و هاوپهیمانی فاشیستی ئاکهپه و مهههپه جێگیربوون و بهشداری له شهڕی گهریلادا دهکهن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم هاوکار و خائینانە، هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتی و ئازادی و رزگاری کوردستانەوە نییە. گروپە هاوکار و خیانەتکارەکان بەشێکن لە قڕکردنی کورد. کاتێک گەلی کورد دەکوژرێت و هێرش دەکرێتە سەر بوونیان، ئەم گرووپە هاوکار و خیانەتکارانە ڕۆڵی شاردنەوە و پاساودانی دەگێڕن. کوردیاتەی هاوکاری و خائین لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت. بەو پێیەی کە ٢٤مین ساڵی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بەرەو کۆتایی دەچێت، پێویستە ڕاستی کوردە هاوکار و خیانەتکارەکان ببینرێت و باشتر لە ڕۆڵیان لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و جینۆسایدی کورددا تێبگەین.
هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە، هێزێکی دژە کوردە، بۆ لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ و جینۆسایدی کورد لەڕێگەی پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیییەوە هاتۆتە سەر دەسەڵات. لەوەتەی هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە هاتۆتە سەر دەسەڵات، گۆشەگیرییان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ قوراتر کردووەتەوە و لە هەلومەرجی گۆشەگیری تونددا ئامانجیان بە شێوەیەکی جەستەیی لە ناوبردنی ڕێبەر ئاپۆیە. بۆ ئەوەی کورد بکوژن، هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیی کورد، هێرش دەکەنە سەر کەمپەکانی شەنگال و مەخموور، باشوور، ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و هەروەها باکوور و هەوڵ دەدەن هەموو شوێنێک داگیر بکەن. هەموو ئەم ڕەوت و هێرشانە نیشان دەدەن کە ئاکەپە – مەهەپە هێزێکە بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دروست کراوە. بۆیە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و پووچەڵکردنەوەی پیلانی تەسفیەکردن و قڕکردنی گەلی کورد، پێویستە ئامانجی سەرەکی سەرکەوتنی خەبات دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و لەناوبردنی ئاکەپە – مەهەپە بێت.
ئەوروپا و دەمەمەئە و سی پی تی بەرپرسیارن لە سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی
ئەوروپا و دەمەمەئە و سی پی تی بەرپرسیارن لە سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی ئیمرالی کە بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دروست بووە. چونکە دەبوو دەوڵەتانی ئەوروپا لە چوارچێوەی سیستمی یاسایی ئەوروپیدا نزیک ببنەوە، بەڵام بە پیلانێکی نێونەتەوەیییەوە پەیوەست بوون بە پلانی گرتنی ڕێبەر ئاپۆ و ڕادەستکردنی بە دەوڵەتی تورک. لە لایەکی دیکەوە سیستەمی ئیمرالی بە ڕەزامەندی دامەزراوە ئەوروپییەکان وەک بەشێک لە پیلانگێڕییەک دروست بووە. کاتێک ڕێبەر ئاپۆیان بردە ئیمرالی، شاندی سی پی تی پێشوازی لێکرد. ئەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوروپا و سی پی تی بەشێکن لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و بەرپرسیارن لەو سیستمە ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەی کە لە ئیمرالی دروست بووە. بۆیە هەرچەندە کردەوەکانی دامەزراوە ئەوروپییەکان و سی پی تی ، لەدژی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش بێت ، بەڵام بڕیارێکی ئەرێنی بۆ سیستەمی ئیمرالی نادەن کە ڕێبەر ئاپۆ تێیدایە و هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لە بڕیارەکان نانێن. بەڵام دەمەمەئە ڕایگەیاند کە بڕیاری دادگا سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ یاسایی نییە و ئەم بڕیارەی کشاندەوە. بەڵام نە دەمەمەئە و نە سی پی تی باسیان لەو هەنگاوانە نەکردووە کە پێویستە بنرێت. ئەمەش بە ڕوونی نیشان دەدات کە دامەزراوەکانی ئەوروپا و سی پی تی لەگەڵ فاشیزم و ئاکەپە – مەهەپە هاوڕان. بە بینینی ئەم ڕاستییە دەبێ لەوە تێبگەین کە پیلانەکە تەنیا بە تێکۆشان لەناو دەبرێت و بۆ لەناوبردنی پیلانەکەش دەبێ خەباتی زیاتریش بدرێت. پێویستە گەلی کوردستان و دۆستەکانی بڕوایان بە هێز و تێکۆشانی خۆیان هەبێت، ئەمە بە بنەما وەربگرن و بزانن کە پیلانەکە تەنیا بە تێکۆشان پووچەڵ دەکرێتەوە. نابێت هیچ هیوایەک لە سی پی تی و دامەزراوەکانی ترەوە هەبێت. خەباتی یاسایی تەنیا بە پەرەپێدان و فراوانکردنی خەبات مانادار دەبێت. بۆیە پێویستە هەموو لایەک لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی تێبگەن و خەباتی بۆ بکەن.
ویستیان بە پیلانی نێونەتەوەیی سەرکردەی ساختە دروست بکات
یەکێک لە ئامانجەکانی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دروستکردنی سەرکردەی ساختە بوو. هێزە پیلانگێڕەکان هەر وەک سەرەتای پیلانگێڕییەکە، ئەمڕۆ لە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانیانن. مەبەست لە هێشتنەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددا، پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە و بڕینی دەنگی، بۆ ئەوەیە سەرکردە ساختەکان بێنە پێشەوە و لەلایەن گەلی کوردستانەوە قبوڵ بکرێن. زۆر گرنگە گەلەکەمان و دۆستەکانمان بەتایبەتی گەنجان و ژنان ئەم پلانەی هێزە پیلانگێڕەکان بزانن و وەک جاران هەڵوێستی لەدژی دەرببڕن. پێش هەموو شتێک پێویستە گەنجانی کوردستان هەڵوێستێکی بەهێزتریان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر خەتی ڕێبەر ئاپۆ. ئەم پلانە بە هەڵوێستێکی بەهێزتر لە دژی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی ئیمرالی پووچەڵ دەکرێتەوە و خەباتی زیاتر بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکرێت.
دەیانەوێت کە رێبەر ئاپۆ لەبیر ببەنەوە
سیاسەتێکی دیکەی هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە هەوڵدانە بۆ لەبیربردنی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمەش بە زیادکردنی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدەن. لەبەر ئەم هۆکارەش لە ئیمرالی گۆشەگیری ڕەها ئەنجام دەدرێت، کارێکی تایبەت لەدژی بەرەوپێشبردنی بیرۆکەکانی ژیانی دیموکراسی مۆدێرن و هێڵی ژنێکی ئازاد ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەمەش شێوازی جەنگی تایبەت بەکاردەهێنرێت. چاوەڕێ دەکرێ ڕێبەر ئاپۆ بەم کارانە لەبیر ببرێت و خەباتی ئازادیخوازی و هێڵی ئازادی نەهێڵێت. ئەمڕۆ ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ڕێکارەکان لە بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕیدا ئەنجام بدرێت. بۆیە پێویستە یادی ڕێبەر ئاپۆ و هەڵوێست بەرامبەر بەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەم کارە بکەن، وەک گەورەترین چالاکی و خەبات تێبگەین و پەرەی پێبدرێت.
گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد و بە تایبەت گەنجان و ژنانی کوردستان لە خەباتێکی گەورە و بەردەوامدان دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و نەیانهێشت هێزە پیلانگێڕەکان بگەنە ئامانجەکانیان. بە دڵنیاییەوە ڕێبەر ئاپۆ گەورەترین تێکۆشانی دژی پیلانگێڕی بەڕێوەبرد. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٤ ساڵە لەدژی پیلانگێڕی خەبات و تێکۆشان دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ڕێبەر ئاپۆ گەورەترین هەڵوێست دەگرێتەبەر و دژی مەترسیدارترین هێزی پیلانگێڕی ئاکەپە – مەهەپە دەجەنگێت. توندی گۆشەگیرییەکە بەندە بە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئاکەپە – مەهەپەوە. پێویستە زۆر باش لەم دۆخە تێبگەین و بەم بیرکردنەوە لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک ببنەوە. سڵاو لە بەرخۆدانی ناوازەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین لە دژی هێزە پیلانگێڕەکان کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتی و کوردن. پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە خاوەنی بەهای مرۆییین و بە تایبەت گەلی کورد، زیاتر لەم بەرخۆدانە مێژوویی و ناوازەیەی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن و بە دڵ و عەقڵی خۆیان لەگەڵی بن.
سوپاسی خەباتکارانی دژی پیلانی نێونەتەوەیی دەکەین
وەک تەڤگەری ئازادیی کورد، دەمانەوێت سوپاس و ڕێزی خۆمان بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرببڕین کە لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پاڵپشتی ڕێبەر ئاپۆیان کرد و ڕێگرییان لە هێزە پیلانگێڕەکان کرد لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان. هەزاران دۆستی گەلی کورد کە بە شێوەیەکی سەرەکی ژنانن، ساڵانێکە لە هەموو جیهاندا دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی خەبات دەکەن و بانگەشە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ژنان و دۆستان و ئەکادیمی و نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و لاوانی نێونەتەوەیی دەکەین کە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کەمپەین رادەگەیەنن.
بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ڕزگارکردنی کوردستان و دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە هێندەی تر بە بەهێزی لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی خەبات بکەن و بەو هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن کە ڕێگای ئەم کارە لەناوبردنی هاوپەیمانی ئاکەپە - مەهەپە و بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی هەرگیز بە ئامانجی خۆی ناگات، فاشیزم و ستەمکاران شکست دەهێنن، ئەوانەی لە پێناو ئازادی گەلی کوردستان و برایەتی گەلان خەبات دەکەن سەردەکەون."
ف.ق