کەجەکە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و خۆشەویستانی کەریم ئەحمەد کرد

کەجەکە لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ، کەسوکار و خۆشەویستانی کەریم ئەحمەد سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی کرد و رایگەیاند، میراسی شۆڕشگێری کەریم ئەحمەد، لە مێژووی گەلی کورد و گەلی عێراقدا زیندوو و رۆناک دەمێنێتەوە.

دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لەبارەی کۆچی دوایی کەریم ئەحمەد سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی کوردستان و کەسایەتی ناسراوی حزبی شیوعی عێراق، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

سەرەتا کەجەکە سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان، عێراق، خۆشەویستان و خانەوادەی کەریم ئەحمەد کرد و وتی، " مامۆستا کەریم ئەحمەد لەماوەی سێ چارەکی سەدەدا، بۆ ئازادی، دادپەروەری، دیموکراسی و مافی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەموو سەنگەرەکانی خەباتدا وەک پێشمەرگە، فەرماندە و تێکۆشەرێکی زیندان و دامەزرێنەری دەزگای جۆتیار – کرێکار، لە ریزی پێشەوەی تێکۆشاندا جێی خۆی گرت و مێژوویەکی پڕ لە سەروەری لە دوای خۆی بەجێهێشت.

ئێمە بڕوامان وایە کە یادەوەری و میراسی شۆڕشگێری، نیشتیمانپەروەری و ئازادیخوازی مامۆستا کەریم ئەحمەد لە مێژووی گەلی کورد و عێراقدا زیندوو و رۆناک دەمێنێتەوە و بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی، دەبێتە سەرچاوەی هێز و بوێری."

ف.ق