کەجەکە: سیاسەتی هاوکاریی پەدەکە گەورەترین مەترسیە

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕایگەیاند، سیاسەتی هاوکاریی پەدەکە، مەترسییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و داوای لە گەلی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد لە دژی ئەم یارییە مەترسیدارانەی پارتی دێموکراتی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت و ڕووبەڕووی ببنەوە.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنفیدرالیزمی کۆمەڵگاکانی کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند: "بە پرۆسەیەکی سەختی مێژوویدا بە ناوی جەنگی جیهانی سێیەم تێدەپەڕین". لەم پرۆسەیەدا پێشهاتە گرنگەکان لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن. لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە هەموو هێزیەوە بەردەوامە. لەم دۆخەدا شەڕ لە دەریای سوور پەرە دەستێنێت و هێشتا ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ شوێنەکانی دیکە هەیە. لەکاتێکدا ئەم شەڕانە بەهۆی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت، بەڵام بەداخەوە گەل و ژنان باجەکەی دەدەن و زیانیان پێدەگات. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی سەرۆک فاشیستی بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە شەڕ و دژایەتییانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن و بە شەڕی کۆمەڵکوژیی کە دەستی پێکردووە دەیەوێت ئەنجام وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەبازرگانی کردن بە پێگەی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی خۆی و پێدانی ئیمتیاز لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسیدا، هەموو سامانی ژێرزەویی و سەرزەویی تورکیا دەخاتە خزمەتی ئەم شەڕە کۆمەڵکوژییەوە. لەسەر بنەمای ئەمەش دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێران و سوریا و عێراق دانوستانێکی چڕوپڕ دەست پێبکات و لەگەڵ خۆی لەم شەڕە کۆمەڵکوژییە هاوبەشیان بکات. لە ئەنجامدا ئامانجیان لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە بە ئەنجامدانی هێرشی شەڕخوازانەی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان"

ئەو سیاسەتەی کە پەدەکە پەیڕەوی دەکات مەترسی گەورەی بەدواوە هەیە

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا دەوڵەتی فاشیستی تورک لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژە کورددایە لە ناوچەکە و جیهاندا، بێ گومان ئەرکی کوردیش دروستکردنی یەکڕیزی لەنێوان خۆیاندایە و بەرەنگاری داگیرکاریی و هێرشە کۆمەڵکوژییەکانە. بە تایبەتی ئەو هێزانەی کە بە ناوی کوردەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارن لە سیاسەتدا، لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، لەبەرامبەر پەرەپێدانی سیاسەت و ستراتیژی هاوبەشدا بەرپرسیارن. بەڵام بنەماڵەی بارزانی کە حوکمڕانی پەدەکە دەکەن، لەبری ئەوەی هەوڵی یەکخستنی کورد بدەن، هەوڵ دەدەن بە هاوکاری و کۆیلایەتی لەگەڵ دوژمنانی کورددا، چارەنووسی کورد بکەنە قوربانی بەرژەوەندییە تەسکی بنەماڵەیی و ئەم سیاسەتانەی کە پەدەکە پەیڕەوی کردووە، هەتا ئێستا لە مێژوودا زیانێکی زۆری بە کورد و بە تایبەتی باشووری کوردستان گەیاندووە و ئەمڕۆش مەترسیی گەورەتری لێدەکەوێتەوە."

گەلی باشور هەژار دەبن، پەدەکە سەروەت و سامانی زیاد دەکات

لە بەیاننامەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکەدا ئاماژە بەم خاڵانە کراوە:

"پەدەکە بە ئاشبەتاڵ (تەسلیمبوون) لە ساڵی 1975، خیانەتی لە دۆزی ئازادی باشووری کوردستان کرد. دوای ئەوە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی براکوژی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، درێژە بە براکوژی دەدات و لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٩٦ سوپای سەدامی هێنایە باشور و کوشتاری گەورەی ئەنجامدا. دواتر کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا باشوری کوردستان دانی پێدانرا و بەپێی دەستوور مافەکانی کورد لە عێراق مسۆگەر کرا، دەرفەتێکی گەورە بۆ دیموکراتیک کردنی عێراق و چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاتە ئاراوە. بەڵام دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەو بڕوایەی کە دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد زیان بە بەرژەوەندیی سنوورداری بنەماڵەی دەگەیەنێت، هەوڵیدا دەستووری عێراق تێکبدات و نەهێڵێت جێبەجێ بکرێ و لەلایەکی دیکەشەوە دەرفەتی ئابوری و سیاسی بۆ بەرژوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت. سوودی لە دەرفەتەکانی کوردستان بۆ بەرژوەندی دەسەڵاتەکەی بینیوە و پێشکەشی تورکیای کردووە. قەیرانی سیاسی (پەرلەمان و حکومەتی خۆجێی هیچ کاریکگەریی نەماوە) و قەیرانی ئابووری (نەدانی مووچەی فەرمانبەران، بێکاری، گەندەڵی و هتد) کە ئەمڕۆ لە باشور هەیە، لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی پەدەکە سەری هەڵداوە. لە کاتێکدا گەلی باشووری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەبن و ناچارن کۆچ بکەن، بە پێچەوانەوە بنەماڵەی بارزانی کە پەدەکە بەڕێوەدەبەن، سەروەت و سامانی خۆیان زیاد دەکەن و پارەی دزراوی گەل دەگوازنەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە.

ئەوە پەدەکەیە کە ئاسانکاری بۆ هەموو کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات لە باشور

 لە ئەنجامی سیاسەتە گڵاوەکانی پەدەکە، گەلی عێراق و باشووری کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر بوونەتەوە. لە ڕابردووی زۆر دوور نە، لە کاتێکدا داعش نەک هەر بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی مەترسی بوو، پەدەکە وەک دراوسێ نوێیەکەی پێناسەی کرد و شەنگالی ڕادەستی داعش کرد و گەلی ئێزیدی ئێمەی کۆمەڵکوژ کرد. وەک بڵێی ئەم کۆمەڵکوژییە بەس نەبووبێت، بە سیاسەتە گڵاوەکانی، دەستکەوتەکانی گەلەکەمانی لە باشووری کوردستان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. ئێستا بە ڕاکێشانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ناو عێراق و باشووری کوردستان، دەرفەتی بۆ ئەردۆغانی فاشیست کردۆتەوە لە عێراق سیاسەت بکات. لەبری ئەوەی دەوڵەت و گەلی عێراق بکاتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و باشووری کوردستان، تەسلیمی ئەردۆغان و کۆماری تورک بووە کە ئینکاری کورد دەکەن و هەوڵی کۆمەڵکوژی دەدەن. ئەو دەسەڵاتەی کە کۆماری تورک والێدەکات گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، پەدەکەیە. ئەوە پەدەکەیە کە لە زاخۆوە تا سیدەکان ئاسانکاری بۆ سوپای داگیرکەر-مروڤکوژی تورک کردووە. ئەوە پەدەکەیە شەرعیەت دەدات بە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات (لە کوشتنی خەڵکی سڤیلەوە تا لەناوە بردنی سروشت) و تاوانەکانی پەردەپۆش دەکات. تەنانەت دەسەڵاتدری پەدەکە خیانەتی لە میراتی تێکۆشانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی کردووە کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە موسڵ لەسێدارەدرا و ئەردۆغانی فاشیست کە خاوەنی عەقڵیەتی نیو عوسمانییە و بەدوای زیندوو کردنەوەی پەیمانی میساقی میللی دەگەڕێت.

ئەمڕۆ پەدەکە بەرامبەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی باشووری کوردستان کە بە تێچووی گەورەوە بەدەستی هێناوە بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت. لەکاتێکدا هەموو ئەو ڕاستیانە دیارن، نێچیرڤان بارزانی، بەناوی پارتییەوە، پەکەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی "گرفت بۆ باشور دروستدەکات و بە بێڕێزی کردن بە دامودەزگاکانی باشوور تۆمەتباری دەکات، هەربۆیە هەوڵدەدات پاساو بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عێراق و باشور بهێنێتەوە. لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی نە لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکان دەگونجێت، نە لەگەڵ بارودۆخی سەردەمی ئەمڕۆدا، نە لەگەڵ ئەخلاقی سیاسیدا. هەمووان زۆر باش دەزانن ئەوە پەدەکە بوو کە بینای پەرلەمانی باشوری کوردستانی پێشکەش بە سەربازەکانی سەدام کرد. دوای ٢٠ ساڵ لەم ڕووداوە، ئەوە پەدەکەیە کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی لە دەروازەی هولێرەوە گەڕاندەوە دواوە و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی بو پارلمان کرد. ئەوە خودی پەدەکەیە چەمکی "پێشمەرگە"ی لەکوردستان داماڵین و لەساڵی 1975 پێشمەرگەی بێ چەک کرد و پاشان پێشمەرگەی بەدناو کرد و کردی بە پێشەنگ و هێزی پاراستن و پاڵپشتی لۆجستیکی بۆ سوپای سەدام و سوپای داگیرکەری تورک. لە کاتێکدا پەدەکە نەیتوانی بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات، لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش لە شەنگال، کەرکوک و هۆلیر هەڵهات، ئەوە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و پەکەکە بوون کە بۆ پاراستنی گەلی باشوور بەرامبەر داعش شەڕیان کرد و بەدیلی مەزنیاندا. ئێستا لە کاتێکدا کە پەدەکە دەستکەوتەکانی عێراق و باشور کوردستان ڕادەستی تورکیا دەکات و سەدان بنکە دەخاتە خزمەت سوپای داگیرکەری تورک و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی لۆجستییان بۆ دابین دەکات و ڕێگە بە تیرۆریستانی میت (دەزگای هەواڵگری تورکیا) دەدات لە باشور دژی بەرژوەندییەکانی گەل ئیشی خۆیان بکەن، ئەوە گەریلاکانی ئازادی کوردستان و پەکەکەن کە قارەمانانە لە دژی سوپای داگیرکەری تورک بۆ پاراستنی گەل و خاکی باشوور شەر دەکەن. تورکیا هەمان مەترسی داعشە بۆ باشوری کوردستان و عێراق. شەڕکردن لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورکیا واتە شەڕکردن لەگەڵ داعش. چونکە ئەردۆغان فاشیستە و لەگەڵ داعش دوانەی یەک ئایدیۆلۆژین. ئەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی فاشیستە کە داعشیان کردووە بە بەڵایەک بەسەر مرۆڤایەتی و گەلی کوردەوە.

دەبێت هەمووان بەرامبەر بە یارییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک هەستیار بن

تورکیا لە ڕێگەی پەدەکەوە دەستێوەردانی سەربازی، سیاسی و ئابووری لە عێراق ئەنجام دەدات. پەدەکە لەبری ئەوەی لە بەرژەوەندی گەلی باشووری کوردستان و عێراق سیاسەت بکات، بووەتە درێژکراوەی سیاسەت و پیلانەکانی دەرەوە و ئامێری هەواڵگری تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت بە شێوەیەکی هەمەلایەنە، ژینگەی پێکهاتەیی نەتەوەیی و ئایینی، بکاتە گۆڕەپانی ململانێ وئاڵۆزییەکان. کۆماری تورکیا بۆ کەڵک وەرگرتن لە پەدەکە هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق دروست بکات و تەنانەت عێراقیش بهێنێتە ناو هێڵی سیاسی دژە کوردەوە لەگەڵ خۆی. ئەمڕۆ بە هاوکاریی پەدەکە هەوەڵ دەدات تاوانبارانی ڕۆژ و زێرەوانی سەر بە پەدەکە له ژێر ئاڵای عێراقدا بهێننە هەرێمەکانی گەریلا. لە کاتێکدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەردەوام گورز لە سوپای داگیرکەری تورک دەدەن، پەدەکە هەوڵی ڕزگارکردنی سەربازانی تورک دەدات. پەدەکە بە بەکارهێنانی ئاڵای عێراق لە ژێر ناوی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی دۆخی هاوکاری- نۆکەری و خیانەتکارانەی خۆی و ئاسانکاری بۆ جێگیرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی کوردستاندا ئاسانکاریی دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەکەین بەرامبەر بە یارییەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورک هەستیار بن. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی ناسنامەی پاسەوانانی سنوور و ئاڵای عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کە کورد ئینکار دەکات و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە، پێشی لێ بگرێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری پیلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئاکەپە-مەهەپەی بکوژەوە.

لە بەرامبەر سیاسەتی هاوکاری، خێانەت و نۆکەری پەدەکە، کە نەک هەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو دەرگای کۆمەڵکوژی بە ڕووی گەلی کورددا دەکاتەوە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان دژی پیلانە مەترسیدارەکانی پارتی و شەڕی تایبەت هەڵوێستیان هەبێت، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن و لە دژی سیاسەتە هاوکاریی و خیانەتکارانەکانی پەدەکە و داگیرکاری لە باشووری کوردستان پەرە بە هەڵوێست و بەرەنگار بوونەوەیان بدەن.