کەجەکە یادی فریاد هیرانی بەرزڕاگرت
کەجەکە لەپەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی فریاد هیرانی، رۆژنامەنووس و پێشمەرگەی دێرین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و سەرجەم گەلی کورد کردووە.
کەجەکە لەپەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی فریاد هیرانی، رۆژنامەنووس و پێشمەرگەی دێرین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و سەرجەم گەلی کورد کردووە.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردتان (کەجەکە) لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی فریاد هیرانی، نوسەر، رۆژنامەنووس و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاندووە: " بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری باشوری کوردستان، پێشمەرگەی دێرین، رۆژنامەنووس و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان “فریاد حەسەن ئەحمەد” ناسراو بە "فریاد هیرانی"مان پێگەیشت. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کوردستان، هاوڕێیان و هاوسەنگەران و بنەماڵەی هێژای کاک فریاد دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین".
راشیگەیاندووە: " کاک فریاد هیرانی وەکو مرۆڤێکی ئازادیخواز، تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر کە لە تەمەنی گەنجێتیدا بەشداری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کردووە و پاشان لە حیزبی شیوعی کوردستاندا درێژەی بە خەبات داوە. لە راپەڕینی جەماوەری گەلەکەمان لە باشوری کوردستاندا بە تایبەت لە ئازادکردنی شاری هەولێر و کەرکووکدا دەورێکی چالاکی هەبووە. کاک فریاد هیرانی وەکو نووسەرێکی بەئەزموون و قەڵەمێکی بەهێز لە ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەورێکی گرنگی هەبووە و بە کاری رۆژنامەنووسی درێژەی بە تێکۆشان داوە. وێستگەی کۆتایی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاک فریاد هیرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK بوو کە وەکو کەسایەتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیپەروەرێکی دڵسوز لە پێناو پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد خەباتی کردووە. کاک فریاد هیرانی لە هەموو ئەم وێستگانەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە هەڵوێست و بیروبۆچوونەکانی جێگەی رێز و بڕوا و متمانەی هاوڕێیان و گەلەکەی بووە."
لە کۆتایی پەیامەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکەدا هاتووە: " جارێکی دی بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک فریاد هیرانییەوە پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد، هاوڕێیان و هاوسەنگەران، ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و بە تایبەت بنەماڵەی هێژای دەکەین. هیوادارین پەروەرەدگاری مەزن رۆحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵە و هاوڕێیانی ببەخشێت".
هـ . ب