کۆمەڵەکانی پارێزەرانی باکوری کوردستان سکاڵا لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ تۆمار دەکەن

زۆرێک لە کۆمەڵەکانی پارێزەرانی باکوری کوردستان ڕایانگەیاند، سکاڵا لەسەر کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورک لە زاخۆ تۆمار دەکەن و داوای دادگایکردنی بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن.

دوێنێ سوپای تورک لە گوندی پەرخێی سەر بە زاخۆ لە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاریی کرد و بەهۆیەوە ٩ کەسی کوژران. چەندین کۆمەڵەی پارێزەرانی باکوری کوردستان کاردانەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە هەبوو. کۆمەڵەکانی پارێزەران لە ئامەد، وان، شرنەخ و ڕحا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوی جیاواز ئەو کۆمەڵکوژییەیان شەرمەزارکرد. 

سەرەتا کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی سوپای تورک بۆ سەر ناوچەی زاخۆی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ، چەندین هاوڵاتی مەدەنی و منداڵ کوژراون. وەک کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی، کاتێک باس و بابەتی هەواڵەکە هاتە سەر کورد ئیدی یاسای مرۆڤ بێ بەها دەکرێت. ئێمە سەرەخۆشی لەکەسوکاری قوربانیان و کوردستان دەکەین. بە مەبەستی دەستنیشانکردن و ناساندن و دادگاییکردنی بەرپرسانی هێرشەکە، کۆمەڵەى پارێزەرانی ئامەد سکاڵا لە دژی ئەو تاوانە تۆمار دەکات و ەنزیکەوە چاودێری پرۆسە و ڕەوتی یاسایی ئەو دۆسیەیە دەکات".

لە بەردەوامیی ناڕەزایەتیەکاندا کۆمەڵەی پارێزەرانی ڕحا ڕایگەیاند، بۆردومانکردنی ناوچە مەدەنییەکان پێشێلکارییەکی جدیی مافی ژیانە و ڕاشیگەیاند: "ئەو هێرشە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، پێشتریش هێرشی لەم شێوەیە، کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامی قورس و جدیی لێبکەێتەوە ڕوویدابوو. لە دۆخێکی وەهادا ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیە، مەترسییەکی گەورە لەسەر هەمووان دروست دەکات. بۆ پاراستنی ژینگە مەدەنییەکان، کۆمەڵەی پارێزەرانی ڕحا داوا لە بەرپرسانی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ. ئێمە دەمانەوێت بەربەرپرسیارانی ئەو هێرشە دیاری بکرێن و بناسرێنەوە و دادگایی بکرێن و لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر لە ڕووداوەکە ئەنجام بدرێت".

هاوکات کۆمەڵەی پارێزەرانی شرنەخ داوای کۆتاییهێنان بەو هێرشانە کرد و وتی: "سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ دەکەین و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە، کە بوونەتە هۆی پێشێلکردنی جدیی مافی ژیان دیاری بکرێن و دادگایی بکرێن و دەسەڵاتدارانی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە ئەنجام بدەن. ئێمە جارێکی تر داوای کۆتایی پێهێنان بەو هێرشانە دەکەین، کە دژی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ ئەنجام دەدرێن، ئەو هێرشانە پێشتریش چەندین جار ئەنجامدراون و بوونەتە هۆی گیان لە دەستدانی چەندین هاوڵاتی مەدەنی".

هەروەها کۆمەڵەی پارێزەرانی وان لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆی بە "ڕۆبۆسکی دووەم" پێناسە کرد. کۆمەڵەی پارێزەران لە وان لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە: "وەزارەتی دەرەوەی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن سوپای تورکەوە ئەنجام نەدراوە و ئامادەن هاوکاری بکەن بۆ ناساندنی تاوانباران. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاشکرابووە، کە هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە. هەروەها لە بەردەم باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکانی تورکیا لەعیراق و هەرێمی کوردستانی فیدراڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدران.

ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین، کە لە یادی هەموواندا وەک ڕۆبۆسکی دووەم دەمێنێتەوە. سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و هەرێمی کوردستانی فیدراڵ دەکەین و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەخوازین. دەبێت بەرپرسیارانی ئەم هێرشە دەستنیشان بکرێن و دادگایی بکرێن. هەروەها داوا لەدەسەڵاتدارانی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە لەڕووداوەکە ئەنجام بدەن. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێری پرۆسە و ڕەوتی یاسایی ئەو ڕووداوە دەکەین".

ژ.ت