کەمپی ئاشتی لە عەرەبەت بە تەواوەتی داخرا
کەمپی ئاشتی لە ناوچەی عەربەتی سلێمانی کە زۆرینەی ئاوارەکانی ئەو کەمپە ئەو خەڵکانەی شەنگال بوون کە دوای فەرمان کۆچبەرببوون، داخرا. لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا داواکرا کەمپەکانی دهۆکیش دابخرێن.
کەمپی ئاشتی لە ناوچەی عەربەتی سلێمانی کە زۆرینەی ئاوارەکانی ئەو کەمپە ئەو خەڵکانەی شەنگال بوون کە دوای فەرمان کۆچبەرببوون، داخرا. لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا داواکرا کەمپەکانی دهۆکیش دابخرێن.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و لیژنەیەكی پەرلەمان كامپی ئاشتی لە شارەدێی عەربەت، كە ئاوارەكانی عێراقی تێدا بوو، بەیەكجاری داخرا و ٢٢ هەزار خێزانیش وەک ئاوارە لەناو شاری سلێمانیدا ماونەتەوە و بەخواستى خۆیان ناگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەگەڵ لیژنەیەكی پەرلەمان لە شاردێی عەربەت سەبارەت بە داخستنی كامپێكی سنووری شارەدێكە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
ئیڤان فایەق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لێرەیەن بۆ ئەوە داخستنی یەكجارەكی كامپی ئاشتی ڕابگەیەنین، كە تایبەتە بە ئاوارەكانی عێراق، ئیدارەی سلێمانی هاوكاری ڕاستەقینە باشی وەزارەتەكەمان بوون، بۆ داخستنی كامپەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر كامپەكە دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی ئاوارەی تێدا بووە، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ خێزانی ئاوارە لەو كامپە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەوانەی دیكە چوونەتە ناو شارەكان و نیشتەجێ بوون، ئێستا ژمارەی سەرجەم ئاوارەكانی نیشتەجێی سلێمانی دەوروبەری نزیكەی ٢٢ هەزار خێزانە.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە ڕۆژانی داهاتوودا پلانێك دادەنێن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو ئاوارانەی كە لە ناو سلێمانیدا ماون، بەڵام تا ئێستا كامپی ئاوارەكان لە هەولێر و دهۆك دانەخراون، سەرۆك وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە لە نێوان وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە ڕۆژانی داهاتوودا كار لە سەر گەڕانەوەی ئاوارەكانی ئەوێش دەكەین بە شێوەیەكی یەكجاری.
هاوکات سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: ئێمە وەك لیژنەكەمان پشتیوانی لە بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین بۆ داخستی كەمپی ئاوارەكان، هەروەها سوپاسی ڕێكخراوەكان دەكەین، كە هاوكارمان بوون.
باسی لەوەشکرد: ئەو ئاوارانەی لە سلێمانی بوون ڕێز لێگراو بوون، ئومێد دەكەین ئاوارەكانی دهۆك و هەولێریش بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان، بۆیە هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ مانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان.
لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە بە هۆی پەلاماری چەتەكانی داعشەوە، بەشێكی زۆری دانیشتوانی پارێزگاكانی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە كامپەكان نیشتەجێكران، دواتر حكومەتی و وەزارەتی كۆچوكۆبەرانی عێراق بڕیاریاندا تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان و سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان دابخرێن.
هـ. ب