کەمپینی ناردنی پۆست کارت و نامە بۆ ئیمراڵی دەستیپێکرد

کەسوکاری زیندانیان بۆ راکێشانی سەرنج بۆ سەر گۆشەگیری رەهای سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە کەمپینی ناردنی پۆست کارت و نامە بۆ دوورگەی ئیمراڵی کرد.

خزم و کەسوکاری زیندانیان بۆ ئەوەی سەرنجەکان بۆ سەر گۆشەگیری رەها لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رابکێشن کە ماوەی ٣٣ مانگە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە بەردەست نییە و لە گەڵ هەر یەک لە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش لە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی چڕی ئیمراڵی زیندانییە، کەمپینی ناردنی نامە و پۆست کارت دەستپێکرد. کەمپینەکەی بنەماڵەکان تا ٣٠ کانونی یەکەم بەردەوام دەبێت. بنەماڵەکان سەبارەت بە کەمپینەکە لە بینای رێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی رەزانی ئامەد کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیان سازکرد.

ئەندامانی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی یاسایی و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان مەد (مەد-توهاد-فەد)، رێکخستنەکانی ناوەند و ناوچەکانی دەم پارتی، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و کۆمەڵەی هاریکاری، پشتیوانی، یەکێتی و کولتوریی ئەو بنەماڵانەی کەسوکاریان لە لانکەی شارستانیەتدا لەدەستداوە (مەبیا-دەر)، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی و چەندین کەسی دیکە بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا کرد.

هاوسەرۆکی مەد توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵاد سەبارەت بە کەمپینەکە رایگەیاند، کە وڵاتەکە لە ژێر گۆشەگیری قورسدایە. ئاماژەی بە ئێشکگریی دادپەروەی و مانگرتن لە خوارنیش کرد کە لە ٢٧ی تشرینی دووەم دەستیپێکراوە و رایگەیاند: "وەک بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان ئەمڕۆ دەست بە کەمپینێکی نوێ دەکەین. ئەو کەمپینە تا ٣٠ی کانونی یەکەم بەردەوام دەبێت. ئێمە نامە و پۆست کارت بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێکانی دەنێرین. لە رێگەی ئەم کەمپینەوە دەمانەوێت سەرنجی رای گشتیی گەلانی کوردستان و تورکیا بۆ سەر گۆشەگیری رابکێشین. گۆشەگیری هەنوکەیی هەم سیاسەت و هەمیش کێشەی کورد بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵێتەوە. ئەگەر تەنانەت بە دوو وشەش بێت ئێمە دەمانەوێت هەموان نامە و پۆست کارت بۆ بەڕێز ئۆجالان بنێرن. هەموان با لە شوێنی خۆیانەوە لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری بە ناردنی نامە و کارتپۆستاڵ بۆ بەشداری بکەن".

جانپۆڵات ئەوەی خستەڕوو کە رێگەی چارەسەری قەیرانە ئابورییەکان و هێنانەدی ئاشتی لە هەڵگرتنی گۆشەگیریدایە و بەم جۆرە درێژەی پێدا، "بێدەنگی گەلان و کۆمەڵگا لە بەرامبەر گۆشەگیری بە واتای مردنی منداڵانی گەلی کوردە. هەربۆیە دەبێت هەمووان دەنگ هەڵبڕن. داوا دەکەین کە دایکان و گەنجان ببنە یارمەتیدەر. نابێت گەلی کورد و بنەماڵەکانمان لە دژی گۆشەگیری بێدەنگ بن".

کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخودانی زیندانەکان" کۆتایی هات. دواتریش ئەو کەسانەی بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا کردبوو پۆست کارت و نامەیان نوسی و بڕیارە نامە و کارتەکان رەوانەی زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی چڕی ئیمراڵی بکرێن.

هـ . ب