كۆنگرەی گەل پانزدەی تەباخی پیرۆز كرد؛ لەتێكۆشانی سی و نۆهەمیندا سەفەربەر ببن

كۆنگرەی گەل بەبۆنەی سی و نۆهەمین ساڵیادی قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ، پیرۆزبایی دەكات و دەڵێت:"ئێدی كات، كاتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلانە. بەم ئامانجە و بەم رۆحی ئاپۆئیستی پێویستە هەركەس لەتێكۆشانی سی و نۆهەمین ساڵەدا سەفەربەر بێت".

دیوانی هاوسەرۆكایەتی كۆنگرەی گەل بەبۆنەی سی و نۆهەمین ساڵیادی پانزدەی تەباخ راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.

لەسەرەتای راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی گەلدا وەها هاتووە؛ سی و هەشتەمین ساڵیادی جەژنی پانزدەی تەباخ، جەژنی ژیانەوە گەلانی كوردستان لەپێشدا لەرێبەر ئاپۆ، لەهەموو هەڤاڵان، گەلی كوردستان و بەتایبەتی لەبنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان پیرۆز دەكەین. لەپێشدا فەرماندەی گەورەمان، هەڤاڵ عەگید و هەموو شەهیدانی قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ بەرێزو حۆرمەتەوە بەبیردەهێنینەوە. وەكو گەل و بزوتنەوە، قەرزداری شەهیدانمانین. بەجێهێنانی خەیاڵەكانیان ئامانجی ئێمە ژیانە".

لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی گەلدا هاتووە؛ پانزدەی تەباخ لەمێژووی گەلی كوردستاندا نموونەیەكی ژیانەوەیە. لەشەڕی جیهانی یەكەمدا، كوردستان وەكو گەل و جۆگرافیا پارچەكرا، ماف و هەبوونی ئینكار كرا. داگیركەران لەكوردستان بەهاوكاری هێزە هەژەمۆنخوازەكانی سەرمایەداری بەرخۆدانەكانی گەلی كوردیان بەكۆمەڵكۆژكردن لەناو برد. بە سیاسەتی تواندنەوە و كۆمەڵكۆژی ئێرادەی گەلەكەمانیان شكاند، گەلیش بەمشێوەیە تەسلیم بوو.

لەكاتی ترس و بێ هیواییدا، قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ بووە لەدایكبوون و ژیانەوە

كاتێك لەهەرچوار بەشی كوردستاندا بێ هیوایی و ترس لەسەر گەلی كورد زۆر بەكاریگەر بوو، قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ بووە هیوایەك بۆ گەلانی كوردستان، بووە لەدایكبوون و ژیانەوە گەلی كوردستان.

پانزدەی تەباخ بووە وەڵامی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد. ئەو بەرخۆدانەی كە لەدژی خیانەت و تەسلیمیەت لەنەورۆزی ساڵی 1982دا هەڤاڵ مەزلووم دەستی پێكرد، فەرهاد، مەحمود، ئەشرەف و نەجمی ئاگرەكەیان بڵندتر و گەشتر كرد و بەرخۆدانی چواردەی تەمموز بە هەڤاڵان خەیری، كەمال و عاكیف بوونە رۆحی سەركەوتنی پەكەكە. ئەم رۆحی بەرخۆدانە كە ئێستاكە لەئاڤاشین و زاپ و مەتینا لەبەرامبەر بە داگیركەری دەوڵەتی تورك و خیانەتی پەدەكە سەركەوتن قازانج دەكات و پیلانەكانیان مایەپووچ دەكاتەوە.

ئەم رۆحە، رۆحی ئاپۆئییە، لەهەرچوار بەشی كوردستان و لەدەرەوەی وڵات لە دڵ و مێشكی كچان و كوڕانی كوردی ئازاددا هەمیشە مەزن و مەزنتر دەبێت. ئێدی هیچ هێزێك ناتوانێت ئەم رۆحەی ئاپۆئییە لەناو ببات. ئەم رۆحی مرۆڤی ئازاد، ئێدی نەتەنیا لەكوردستان، لەرۆژهەڵاتی ناوین لەجیهاندا پێشەنگایەتی ژیانی ئازاد دەكات.

كۆمەڵگەی دیموكراتیك و كەلتوورێكی نوێ ئافرێندرا

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی گەلدا هاتووە؛ قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ بنەمای شۆڕشی كۆمەڵایەتیە، بنەمای شۆڕشی ژنە. لەسەر ئەم بنەمایە لەكوردستان ژن بوونە ئەرتەش، ژن بوووە پێشەنگی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و نەتەوەی دیموكراتیك. لەم چوارچێوەیەدا كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك و كەلتورێكی نوێ ئافریندرا.

بۆ ئێمە رەخنەدانی هەرە مەزن، ئەوەیە كە رێبەر ئاپۆ لە سی و هەشتەمین ساڵیادی پانزدەی تەباخدا لەهەلومەرجی دیلگرتندا پێشوازی ئەم قەڵەمبازە دەكات. بە تێكۆشانی قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ فاشیزمی دەوڵەتی تورك لەهەموو لایەكەوە لەقەیرانێكی مەزندایە و ئێدی بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت. بەرۆحی ئاپۆئیستی لەتێكۆشانی ساڵی سی و نۆهەمینی قەڵەمبازی پانزدەی تەباخدا، بۆ ئێمە ئامانجی هەرە مەزن لەناوبردنی دەسەڵاتداریەتی فاشیستی ئاكەپە ـ مەهەپەیە. بەلەناوبردنی رژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورك، لەهەرچوار لای كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین، كاتی ئازادی گەلان دەست پێ دەكات.

كات، كاتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلانە

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی گەلدا هاتووە؛ ئێدی كات، كاتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلانە. بەو ئامانجە و بەرۆحی ئاپۆئیی پێویستە هەركەس لەسی و نۆهەمین ساڵەی قەڵەمبازی پانزدەی تەباخدا سەفەربەر بێ. لەسەر ئەم بنەمایە، جارێكی تر جەژنی پانزدەی تەباخ بەدڵ و گیان پیرۆز دەكەین. لەم تێكۆشانە پیرۆزەدا بۆ گەلەكەمان و هەموو هێزە دیموكراتیكخوازەكان سەركەوتن دەخوازین.

ف.ق