کەنەکە بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکیی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە

کەنەکە: رۆژی جیهانی زمانی دایکیی لە هەموو کوردی زمانێک پیرۆز بێت و هیوادارین کە زمانەکەمان هەموو کات لە پێشەنگەکانی زمانەکانی جیهان بێت. ئەوەش پێویستی بە خەباتی بە پلان هەیە.

کۆمسیۆنی زمان، کولتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکیی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، کە دەقەکەی بەم جۆرەیە:

"پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی و لێکنزیککردنەوەی

 دیالێکتەکانی پایەیەکی یەکبوونیی نەتەوەییمانە

 رۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆزبێت

زمانی کوردی ناسنامەی گەلێکی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەنی تایبەتمەندێتیی رێزمانی و زمانی رەسەنی خۆیەتی. بە هۆی ئەو شاڵاوانەی سەر گەلی کورد بە درێژایی مێژوو هۆکارێکی مانەوە و پاراستنی جیاوازەکانمان بووە. دوای دابەشکردن و داگیرکردنی خاکی کوردستان و زاڵبوونی بێگانەکان و دواتر ئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان ، دەوڵەتانی سەردەستی ( ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق) سیاسەتی نکۆڵیکردن و شێواندنی زمان و هەوڵی سڕینەوە و توانەوەی زمانی کوردیان پەیڕە کرد و تا ئێستایش بەردەوامی هەیە. بەتایبەتی لە تورکیا و ئێران مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بە  کوردی نەدراوە و لەو مافە گەردوونی و یاسایییە بێبەشکراون.

لەم روانگەوە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازیەکانی مافی مرۆڤە کە دژی ئەم ستەمەی هەر دوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بێدەنگ نەبن و فشار بۆ بەکارهێنانی زمانی دایک بکەن و گەل و پێکاهاتەکانی ناو سنووری دەستکردنی ئەو دوو دەوڵەتانە مافی بەکارهێنانی زمانیی شیرینی دایکییان هەبێت.

ئەو گۆڕانکاریی و وەرچەرخانە خێراییانەی جیهان و شۆڕشی پەیوەندیەکان و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە. دەکرێت بە لایەنی ئەرێنی کەڵکی لێوەبگیرێت. لەو روەوە زمانی کوردی سەرباری ئەوەی پێگەیەکی باش و دیاری هەیە، بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاسی ئەو هەموو هەوڵە تاکەکەسی و دامەزراوەییانەی ئەو بوارە دەکات. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم (باشوری کوردستان) و دەسەڵاتی خۆسەریی رۆژاوای کوردستانیشە لە روانەگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانیەوە ئەم کارە و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە رۆژەڤ و ستراتیژیەتی کارەکانیاندا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ رابسپێردرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، سەرباری پشتیوانی ئەو هەوڵانە ئامادەی زیاتر پشتیوانیکردن و هاوکاریە و بەردەوام لە هەوڵی لێکنزیککردنەوە و پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی دایە و چالاکی و کاری جۆراوجۆری ئەنجامداوە و پەردەوامیش دەبێت. وەک چۆن ئەم ساڵ لە ٢١ ی شوباتدا بە هەمئاهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی لە باشوری کوردستان دیدارێک بۆ جوار پەنەلیستی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجام دەدات و ساڵانی رابردووش لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان بەو بۆنەوە چالاکیمان ئەنجام داوە.

 رۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هەموو کوردی زمانێک پیرۆز بێت و بە هیواین هەمیشە زمانەکەمان لە پێشەنگی زمانەکانی جیهاندا بێت. ئەمەش خەباتی بە پلانی دەوێت".

هـ . ب