کەنەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەی سیستمی غازی شاری دهۆک کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەی سیستمی غازی شاری دهۆک کرد و رایگەیاند، پێویستە رێکار بگیرێتەبەر و لێکۆلینەوە لە روداوەکە بکرێت.

دەستەی بەڕیوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەی سیستمی غازی ماڵان لە شاری دهۆکی باشوری کوردستان بڵاوکردەوە کە لە ئەنجامدا چەندین هاونیشتیمانی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.

کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد ، دەبێت رێکاری جددی بگیرێتەبەر و لێکۆلینەوە بکرێت، بۆئەوەی جارێکی دیکە هاوڵاتیان نەبنە قوربانی کارەساتی بەم شێوەیە.

راگەیەنراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە؛

"هەواڵی دوبارەبوونەوەی تەقینەوەی سیستەمی غاز دڵ تەنگ و غەمباری کردین، کە بە هۆیەوە لە شاری دهۆک، چەندین هاونیشتمانی بریندار بوون و چەند هاونیشتمانەکیش گیانیان لەدەستدا و بوونە قوربانی.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، هاوخەمی و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە بەڕێزەکانی کۆچکردووان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.

هیوادارین دوا هەواڵی ناخۆش بێت لەم بارەیەوە بیبیستین و لایەنەکانی پەیوەست لە حکومەتی هەرێم بەرپرسیارانەتر بە تەنگ ئەو کارەساتەوە بچن کە خەریکە دەبێتە دیاردە. ئیدی دەبێ رێکاری پێویست و لێکۆلینەوەی جددی لە هۆکاری ئەم رووداوانە بکرێت و چیتر هاونیشتیمانیانی کوردستان نەبنە قوربانیی کارەساتی هاوشێوە."

ف.ق