لە دهۆک بەهۆی تەقینەوەی تانکی گازەوە ٤ کەس گیانیان لەدەستدا

لە دهۆک بەهۆی تەقینەوەی تانکی گاز لە بەشە ناوخۆیی خوێندکاراندا، ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٣ کەسیش برینداربوون.

درەنگانی ئەمشەو، لە باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەکی کوڕان و فڕنێکی نان لە شاری دهۆک، تانکییەکی گاز تەقییەوە. بەگوێرەی زانیارییە  سەرەتاییەکان لە تەقینەوەکەدا، ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٣ کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان خوێندکار بوون و بریندارەکان کە ڕە،شی هەندێکیان سەخت ڕاگەیندراوە، بۆ چارەسەری ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دهۆک کراون.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە پەیجی ستێرک تیڤی لە فەیسبوک بڵاوی کردوەتەوە، سەرەتا کێشەیەکی گاز لە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەکەی خوێندکاران دروست دەبێت و خەڵکی و تیمەکانی فریاکەوتن لە شوێنەکە کۆبوونەوەتەوە. دواتر تەقینەوەیەکی زۆر گەورە و ئاگراوی ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی وێرانبوونی بەشێک لە باڵەخانەکە.


ڕاگەیەندار، رائید عەلی بەرواری، جێگری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک لە نێو قوربانییەکاندایە و گیانی سپاردوە.

چەند ڕۆژێک بەر لەئێستاش لە شاری سلێمانی، ڕووداوێکی هاوشێوە کەوتبوویەوە و بەهۆیەوە خانویەکی سێ نهۆمی داڕووخابوو و ١٥ کەس گیانیان لەدەستدابوو و چەندین کەسی دیکەش بریندار ببوون.

شارەزایانی بوارەکەش پێیانوایە، هۆکاری تەقینەوەی تانکی گازی ماڵان، بۆ کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەبوونی چاودێری و کوالێتی کۆنترۆڵ، بێسەروبەری و خراپی و ناشارەزایی لە دانانی سیستمی تانکی، لولەکێشی گاز و سۆڤاژی گەرمکەرەوە دەگەڕێتەوە. ئەوان هۆشداریش دەدەن، ئەگەر بەزوویی ئەو گرفتانە چارەسەر نەکرێن، ئەوا تانکی گازی ماڵان کارەساتی مەرگبارتری لێبکەوێتەوە.

هـ.هـ