کەرکوک، یادی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەرز ڕاگیرا
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، یادی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە، کە لە پاریس کۆمەڵکوژ کرابوون.
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، یادی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە، کە لە پاریس کۆمەڵکوژ کرابوون.
لە بەردەوامی سیمینار و چالاکییەکان بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان یادی ئەو سێ ژنە شەهیدە بەرزڕاگیرا.
ژنە شۆڕشگێرانی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژ کران، دوای نێوەرۆی ئەمڕۆش لە شاری کەرکوک لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (رەژاک)ەوە یادی ئەو شەهیدانە بەرزڕاگیرا.
ژمارەیەکی زۆری ژنانی کەرکوک ئامادەی یادەکە بوون، سەرەتای یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان سکاڵا سامی ئەندامی ئەنجومەنی کەرکوکی رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان سیمینارێکی پێشەکەشکرد و باسی لە ژیاننامەی شەهیدی سەرکردەی شەهید ساکینە جانسز کرد.
سەبارەت بە شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، سکاڵا سامی، کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستانە لە یادەکەدا ووتی: "لە نۆهەمین ساڵیادی شەهیدان (ساكینەجانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەماز) تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادی ژن و گەلی كورد و مرۆڤایەتی بەگشتی بەبیردەهێنینەوە و سەری رێزو نەوازش لەبەردەمیاندا دادەنەوێنین، پێشەنگەكان لە ژیاندا سیمبولی واتادانی ژیانن و مردنەكەشیان وانەی گرنگی ژیانی ئازاد دەداتە كۆمەڵگا، بەتایبەتی ئەگەر ئەم پێشەنگە ژن بێت تەواو دەبێتە فێرگەی ژیان، ژن خۆی لەخۆیدا هەڵگری زۆرترین بەها مەعنەوییەكانی ژیانە، هەر بۆیە سیستەمە زۆردار و دەسەڵاتدارەكانیش سەرەتا لە ژن دەدەن و لەرێگەی لێدان لە ژنەوە كۆمەڵگا رووبەرووی زۆرترین كۆیلایەتی دەكەنەوە. گرێدراو بەم راستیانەوە شەهیدانی ژنانی پێشەنگ ئەگەرچی لە شوێنی جیاوازبن و لەسەر فكر و ئایدیای جیاوازبن، بەڵام هەموویان یەك ئامانجیان هەبووە ئەویش هەڵوەشانەوەی تەواوی زهنیەتی كۆیلایەتی و داگیركاریە و كۆنگیریەكانە. نمونەیان وەك رۆزا لوكسەمبورگ، ساكینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەماز، دۆلیس سێبتەمبەر و پاكیزە و سێوێ و فاتمە."
هەروەها سکاڵا سامی ووتیشی: "هەڤاڵ ساكینە جانسز یەكێكە لەو ژنە شۆڕشگێر و بوێرانەیە، كە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كوردستان یەكەمین ژنە، كە لە یەكەمین هەنگاوە سەختەكانی شۆڕش و تێكۆشاندا جێگەی گرتووە. لە سەرەتای ساڵی حەفتاكانەوە دەست بەكار و تێكۆشان دەكات. یەكەمین ژنە كە لە دامەزراندنی پارتیەكی سیاسیدا جێگەی گرتووە. ساكینە جانسز وەك دامەزرێنەری پەكەكە و رێكخستن و پارتی ژنان و لەشكری ژنان وەك پێشەنگی بەهێزی سەدەی بیستەم دژی زهنیەتی ناموسپەرستی و رەگەزگەرایی وەستایەوە، لە ریزی پێشەوەی بەرخودانی زینداندا بۆتە سیمبول و وەك سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكاری خەباتی نەتەوەی و ئەنتەرناسیۆنالی ژنان."
لە دریژەی قسەکانیدا سکاڵا سامی ووتی: "هەڤاڵ فیدان؛ وەك دیبلۆماتكارێكی نۆژەنی رادیكاڵ و خاوەن ئیرادەیەكی سەربەخۆی ژنانە، روبەروی هەموو سیاسەتە نادیموكراتەكانی سیستەمی سەرمایەداری بوویەوە، لەیلا شایلەمەز؛ ئەو گەنجەی كە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر و تیژتر بیری دەكردەوە و وەك پێشەنگی گەنجانی خاوەن ویژدان و نیشتمانپەروەر و بە ئیرادەی گەنجانە و ژنانە لەپێشەوەی هەموو تێكۆشانەكاندا بوو، ئەمانە هەموویان رۆژبەرۆژ بوونە هیوای گەل و بوونە ئاستەنگ لەبەردەم دوژمنانی گەلەكەمان و هەموو مرۆڤایەتی، هەر بۆیە هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕ لە ٩-١-٢٠١٣ لەناوەراستی پاریسدا بەدەستی دەوڵەتی توركیا تیرۆركران، بەڵام ئەم شۆڕشگێڕانە نەك بەجەستە نەمان، بەڵكو بوون بەبوركانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ژنان."
پاش ناساندنی ژیاننامەی شەهیدی سەرکردە هەڤاڵ سەکینە جانسز و هەڤاڵانی، لە ڤیدیۆیەک بە داتا شۆ باس لە رۆڵی شەهید هەڤاڵ ساکینە جانسز کرا لە سەرکەوتنی خەبات و تێکوشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و هەروەها رۆڵی شەهید لە پێشخستنی رۆڵی ژنان لە کایەکانی شۆڕشگێڕیدا.
پاشان بە دروشمی (شەهید نامرن، شەهید نامرن) کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.
ژ.ت