کەرکوک، یادی١٤ساڵەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە کرایەوە
لە شاری کەرکوک، ١٤هەمین ساڵرۆژی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بەرزڕاگیرا، بنەماڵەی سۆرانی مامە حەمە، دەسەڵاتی کوردی تۆمەتبار دەکەن بە تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە.
لە شاری کەرکوک، ١٤هەمین ساڵرۆژی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بەرزڕاگیرا، بنەماڵەی سۆرانی مامە حەمە، دەسەڵاتی کوردی تۆمەتبار دەکەن بە تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە.
١٤ ساڵ بەر لە ئێستا و لەشاری كەركوك ڕۆژنامەنووسی بوێر و گەنج، سۆرانی مامە حەمە، بەدەستی چەکدارانی نەناسراوی دەسەڵات شەهیدكرا، بەڵام تائێستا تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە بەنادیاری ماونەتەوە و سزا نەدراون، سۆرانی مامە حەمە لەدوای شەهیدکردنی بەهۆی بوێریی و زیندویەتی قەڵەمەکەیەوە نازناوی “شەهیدی قەڵەم”ی پێبەخشرا.
https://1649452211.rsc.cdn77.org/vod/2022-07-21-kerkuk-sehit-anmasi-1.mp4
سۆران مامە حەمە لەساڵی ١٩٨٧ لەشاری کەرکوک لەدایکبووە، ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆی گۆڤاری لڤین بوو و ماوەی سێ ساڵ لەو گۆڤارە کاری کرد، کە لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٠٨ لەبەردەم ماڵی خۆیدا تیرۆرکرا، کەیسی سۆرانی مامە حەمە ئێستا بەکراوەیی ماوەتەوە و سەرەڕای پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، تاوانباران و ھۆکاری کوشتنی ھێشتا تەواو ڕوون نییە.
بەر لە دوو مانگ لە کوشتنی، سۆران ھەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو. کوشتنەکەشی بەدوای چەند وتارێکدا دێن کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردبوونەوە، وەک وتاری پرسی دەرکەوتنی خانمی یەکەمی کوردستان لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی کە تێیدا داوای دەرکەوتنی خێزانی مەسعوود بارزانی کردبوو لەگەڵ ڕاپۆرتێک لەسەر تێوەگلانی بەرپرسانی حکومی شاری کەرکوک لەگەڵ لەشفرۆشانی ئەو شارە. ھەندێ کەسیش گۆڤارەکە بەھۆکاری تیرۆرکردنی ناوبراو لێکدەدەنەوە ئەوەش لەبەر بڵاوکردنەوەی وتارەکەی سۆرانی مامە حەمە.
سۆرانی مامە حەمە نوسینەکانی زیاتر دژی خیانەت و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی بوون. لە یەکێ لە نوسینەکانیدا باس لەوە ئەکات کە خیانەت لە ناو دەسەڵاتی کوردیدا بۆتە فەلسەفە و فاکتەرێکە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات. بۆ نموونە ئەڵێ "ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە سیاسی و خاوەن خەباتی کوردایەتی ئەو ھەرێمە دەزانن، لە خۆیان وردبوونەتەوە کە ئایا، تەنھا ڕۆژێک خەبات و سەروەرییان ھەیە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی دۆزی کوردان لە مێژوودا، جگە لە کوردکوشتن و خیانەتی نەتەوەیی و بوون بە کۆیلە و جاسوسی وڵاتانی دراوسێ و جیھان".
ئێوارەی ئەمرۆش لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لە ١٤هەمین ساڵرۆی تیرۆرکردنی شەهیدی قەلەم سۆرانی مامە حەمە بەرزڕاگیرا، مەڕاسیمەکە بە دەستپێشخەڕی گۆڤاری نوگرە سەلمان ڕێکخرابوو کە گۆڤاڕێکی تایبەتە بە جینۆساید ئەنفال و هەروەها سۆران مامە حەمە دەستەی نووسەر و دەستەی دامەزرێنەی ئەو گۆڤارەبووە، لە مەڕاسیمەکەدا هەریەک لە کەسوکاری شەهیدی قەلەم و چالاکوانان و رۆژنامەوانان ئامادەبوون.
سەبارەت بە مەڕاسیمی بەبیرهێنانەوەی ئەو شەهیدی قەڵەمە، هێمن حەسیب رۆژنامەوان و ڕێکخەری مەڕاسیمەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئەمڕۆ وەکو گۆڤاری نوگرە سەلمان کە سۆرانی مامەحەمە یەکێک لە دامەزرێنەر و دەستەی نووسەری بوو، ئێمەش بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدی قەڵەمە بڕیارماندا مەڕاسیمێکی جیاوازی بۆ بکەین کە پێکهاتبوو لە مەڕاسیمێکی ئەدەبی و رۆژنامەوانی، لەم ئێوارە ئەدەبییەدا توانیمان توانا ئەدەبیی و شعرییەکانی سۆرانی مامەحەمە بکەینە ڕوو، لێرەوە ئەو پەیامە دەگەینن کە یادی سۆران زیندووە و بەرز ڕادەگرین، ئەو پەیامەش دووپات دەکەینەوە بۆ دەسەڵات کە پێویستە بکوژان ئەم تاوانە دەستگیربکەن و دادگاییان بکەن، چونکە لە ئیستادا عێراق و هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی نائارامە بۆ رۆژنامەنووسان، ئەمەش کاریگەری خراپی دروستکردووە لەسەر هەردوو کۆمەڵگای عێراقی و کوردستانی".
ف.ق