کرۆکی کێشەکانی نێوان پارتی و بەغداد دەستورە

کرۆکی کێشەکانی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بەغداد دەستورە، بەڵام پەدەکە لادانە دەستورەیەکانی خۆی وەک خەباتی نەتەوەیی بە کورد دەفرۆشێتەوە.

لە دوای  ٢٠٠٣ کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی  بەعسی فاشی هێنا، لە نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقدت بە شیعە، سونە، کورد و تورکمانەوە لێژنەیەکیان پێکهێنا بۆ داڕشتنەوەی دەستوری عێراق بە ناوی کوردیشەوە  نوێنەری پارتە سیاسیەکان بە تایبەتی  یەكێتی و پارتی بە شێوازێکی کارا بە شداریان تێدا کرد و ڕەشنوسی  دەستوری عێراقیان داڕشتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو کاتە هێندێک لاینی سیاسی ڕەخنەیان لەو ڕەشنوسی دەستورەکە هەبوو، بەڵام نوێنەرەکانی کورد بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیان لەوە دەکردەوە، کە دەستورەکە گونجاوە و مافەکانی گەلی کوردی تێدا دەستبەرکراوە و  دەبێت لە ڕاپرسیدا گەلی کورد دەنگی پێ بدات.

لە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٥ بە دەنگی زۆرینە عیراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەستوری بنەڕەتیی عێراق پەسەند کرد، بەڵام لە ڕۆژەوە تا ئیستا وەک پێوست کار بەو دەستورە نەکراوە بە پێ دەستور کێشەکان چارەسەر نەکراون.

بەڵام ئەوەی وایکرد کێشەکان زیاتر ئاڵۆزبن لە نێوان پەدەکە و بەغداد سیاسەتی فرۆشتنی نەوتی کوردستانە بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، و ڕادەستنەکردنی داهاتی گومەرگەکانە بە حکومەتی ناوەند.

لە بەندی چوارەمی دەستوری عێراق کە باس لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە مادەی ١٠٩ ئاماژە بەوە کراوە "دەسەڵاتی فیدراڵی یەکێتی و یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و سەرورەی دیموکراسیخوازانەی فیدراڵی عێراق دەپارێزێت". بەڵام بەپێچوانەوەی ئەو  بڕگە دەستوورییەوە پەدەکە بەبێ گەرانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی، باشوری کوردستانی پڕ کردوە لە بنکە و بارەگای سەربازیی و سیخوری دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کە هەڕەشەن بۆ پارچەکردنی حکومەتی فیدراڵی.

لەهەمان بەندی پێشو لە مادەی ١١٠ لە خەڵی یەکەم نوسراوە: "ڕەنگرێژکردنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دبلۆماسی ئەنجامدانی دانوستان لەسەر پەیماننامە و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان، سیاسەتی قەرزکردن و واژۆکردن لەسەریان یەکلایکردنەوە و ئابوری و بازرگانیەکان دەرکیەکان و سەروەریەکان". لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان، بەڵام پەدەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی ڕێکەتنی بازرگانی نەوتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کردوە، کە پێچەوانەی دەستورە، ئەو پەیمانامەیە نەک هەر دەسەڵاتی فیدراڵی ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نییە بگرە نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە هاوڵاتیانش ناوەرۆکی ئەو پەیماننامەیە نازان، تەنها چەند دەڵاڵیکی نەوت و سەرانی پەدەکە خۆیان دەیزانن.

هەر لە مادەی ١١٠ لە خاڵی دووم ئاماژە بەوەکراوە کە دەسەڵاتی عێراق هێزێکی چەکداری دادەمزرێنێت بە مەبستی پاراستنی سنور و ئاسایشی سنوور، کە مەبەست لە هێزی پاسەوانی سنورە کە ئیستا بونیان هەیە، بەڵام پەدەکە ئەو هێزەی کردووەتە ملیشیای خۆێ و فەرمان لە پەدەکە وەر دەگرن نەک دەسەڵاتی فیدارڵی ئەوەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە.

  خاڵی سێیەمی مادەی ١١٠ دەستور ئاماژەی بەوەکردوە کە ڕەنگرێژکردنی سیاسەتی دارایی و گومرگ و دەرکردنی دراو و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنوری هەرێم و پارێزگاکانی عێراق مافی دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقە. واتا داهاتی هەموو خاڵە گومرکییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراق دواتر بەسەر هەرێمەکاندا لە چوارچیوەی بودجەی گشتی دابەش دەکردێت، بەڵام پەدەکە هیچ لە داهاتی گومرگەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی عێراق ناکات، هاوکات حکومەت و  هاوڵاتیان و حیزبەکانی بەشداریش لە ناو حکومەتی هەرێم ئاگایان لە داهاتی ئەو خاڵە گومرکیانە نییە و نازاندرێت داهاتی ئەو گومرکانە چەندە و بۆ کوێ دەڕوات.

 هەر لە بەندی چوارەم لە مادەی ١١١ زۆر بە ڕونی لە دەستوردا نووسراوە : "نەوت و غاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا". بەڵام پەدەکە کار بەو خاڵە ناکات و دەستی بەسەر نەوت غازی هەرێمی کوردستاندا گرتوە و بە شێوازێکی هەرزانفرۆش و تاڵانی ڕادەستی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری کردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم و فیدراڵی کە ئەوە بۆ خۆی  پێشلکارییەکی گەورەی دەستورە.

هەموو ئەو لادانە دەستورییانەی پەدەکە لە دەستوری عێراق تاڵانکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا و ڕادەستنکردنی داهاتی گومرکەکان بە حکومەتی عێراق وایکردە کێشەی قوڵ بکەوێتە نێوان حکومەتی فیدراڵی و عێراق لەو نێوەندەش تەنها هاوڵاتیانی باشوری کوردستان زەرمەندن.

لەبەرامبەر ئەوپێشیلکاری و تاڵانییەی کە پەدەکە دەیکات حکومەتی عێراق لەبەری ئەوەی پەدەکە ناچار بە بڕگەکانی دەستور بەکات بە هێز و فشار، بە پێچەوانەوە دەست بۆ قوت مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبرێت، پەدەکەش ناکۆکییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی و لەسەر  تاڵانی و لادانە دەستوریەکانی خۆی وەک تێکۆشانی نەتەوەی بە هاوڵاتیانی کوردستان دەفرۆشێتەوە.

پەدەکە خۆی بەشداربوویەکی نووسینەوەى ئەو دەستوورە بووە و دەنگی پێداوە و خەڵکی کوردستان و ئەندامانەکانی خۆی قەناعەت پێکردبوو دەنگی پێبدەن و هەر کەسیش دەنگی پێنەدایە گوشاریان دەخستەسەری. جگە لەوانەش پەدەکە ئامادە نەبووە پێبەندی ئەو دەستوورە بێت، بەڵام هەر کات کێشەیەکی بۆ دروست دەبێت داوا دەکات لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکان چارەسەر بکرێن. بۆ نمونە کاتێک قەیرانی دارایی لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی دروستبوو، کە ئەویش هەر بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی پارتییەوە روویدا و خەڵکی کوردستان ئێستا باجەکەى دەدات، بۆ ئەوەى چەردەیەک پارە لە بەغدا وەربگرێت باس لە پێبەندی بە دەستوورەوە دەکات. ئیتر پارتی لە پێناو قۆرغکاری و تەماع و دەستتێکەڵیی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەکەى و حیزبەکەى بەسەر کوردستاندا کارێکی کردووە، کە ئێستا خەڵکی کوردستان باجێکی زۆری ئەو رەفتار و سیاسەتە نەشیاوانەى ئەو حیزبە بدەن.

ژ.ت