کەسایەتییەکانی کەرکوک: بەدەنگدان ڕێگری لە گۆرینی دیموگرافیای کەرکوک دەکرێت
کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک: "ناکرێت کوردان دەنگ نەدەن چونکە سەرکەوتنی کەرکوکو دووبارە گەڕانەوەی شکۆیە بۆ هاوڵاتیانی شارەکە".
کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک: "ناکرێت کوردان دەنگ نەدەن چونکە سەرکەوتنی کەرکوکو دووبارە گەڕانەوەی شکۆیە بۆ هاوڵاتیانی شارەکە".
ئەمڕۆ ١٨ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەدەچێت و یەکەم جاریشە لە دواى ١٨ ساڵ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان دەدرێت.
دەنگدەرانی کەرکوک لە ٥٦٥ بنکە دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش ٢٣٦٧ وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، جێگای باسە کورد لە تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان بەشدارە، لە کەرکوک ٨٦٨ هەزار و ٩٠١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ٢٤٥ کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە کێبركێی بەدەستهێنانی ١٦ کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن.
رۆژی شەممە دەنگدانی تایبەت لە شارەکە بەڕیوەچوو، ئەمڕۆش دووشەممە ١٨ی کانونی یەکەم دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
کەسایەتییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)، داوا دەکەن لەپێناو پاراستنی کوردستانی بوونی کەرکوک هاووڵاتیانی شارەکە بەشداری بکەن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕێگری کردن لە گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە و گەڕانەوەی پێگەی کورد لە کەرکوک.
کورد بەری لە پیلانگێرییەکان و سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە گرتووە
محەمەد سەید کەریم کەسایەتی شاری کەرکوک سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ کەرکوک، بەئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاند: "هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ کەرکوکییەکان جارێکی دیکە سەلماندنی کوردستانی بوونی کەرکوکە و سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد بەری لە هەموو ئەو هەوڵی بەعەرەب کردن و پیلانگێریانە گرتووە کە رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەوڵیانداوە کە دیموگرافیای کەرکوک بگۆڕن وشارەکە بەعەرەب بکەن".
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن کوردان گڕوتینترن
هەروەها محەمەد سەید کەریم ڕاشیگەیاند: "خەڵکێکی زۆر نیگەرانن لەدەسەڵاتی کوردی و ئەو دۆخەی هاتۆتەوە ئاراوە، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن رۆژ لەدوای رۆژ خەڵکی زیاتر گروتین دەدەن بەخۆیان تا بەشداری هەڵبژاردن بن، سەرکەوتنی ئەمجارەی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەتوانێت قەرەبووی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بکاتەوە".
دەنگ بدەن بۆ بەهێزی سەنگ و پێگەی کورد
لە کۆتایدا ئەو کەسایەتییەی شاری کەرکوک پەیامێکی ئاڕاستە هاووڵاتیانی کەرکوک کرد و ووتی: "پەیامم بۆ خەڵکی شاری کەرکوک ئەوەیە کە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە لیستەکانی کورد بدەن تاکو دەنگی کورد نەفەوتێت و سەنگ و پێگەی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهێز بێت".
بەدرێژایی مێژوو زۆرینەی شارەکە کورد بووە
هەروەها لەلایەکی دیکەوە مەلا فەرمان محەمەد چاودێر و سیاستەمەدار سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ووتی: "لەم هەڵبژاردنەدا گرنگە کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستبهێنێت لەبەر دوو هۆکاری گرنگ، یەکەمیان کە لەمێژووی هەڵبژاردنەکان کورد هەمیشە زۆرینە بووە ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە بەدرێژایی مێژووی شارەکە زۆرینەی کوردە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە بەعەرەب کردنی شارەکە و گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە و هەموو ئەو ستەمەی دەسەڵاتی بەغدا لەبەرامبەر کورد کردویەتی وە لەماوەی ڕابردووش دەسەڵاتی کوردی ستەمی بەرامبەر کورد کردووە".
لەلایەنی یاساییەوە کورد دەتوانێت داکۆکی لەخۆی بکات
سەبارەت بە گرنگی بەدەستهێانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلایەن کوردەوە، مەلا فەرمان ئاشکرای کرد: "هۆکارێکی گرنگی دیکەی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کورد ئەوەیە کە لەڕووی دەرونیەوە بۆ خەڵکی کورد زۆرباشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەی تەعریب کرد و لەلایەنی یاسایەوەش کورد دەتوانێت داکۆکی لەخۆی بکات لە بابەتەکانی وەکو داگیرکرنی زەوی جووتیارانی کورد لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، بۆیە داواکارم لە کوردانی شارەکە بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بدەن بە لیستە کوردستانییەکان".
دەنگێک فیشەکێکە بۆ جەستەی داگیرکەران
شێخ ئەشرەف تاڵەبانی، سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە گرنگییەکی خۆی هەیە دوای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر خەڵکی کەرکوک لەم هەڵبژاردنە بێبەش کراوە لەئیستاشدا هەلێک هاتۆتە پێشەوە کە کورد لەڕێگەی یاسا و دیموکراتییەوە مافەکانی بەدەست بێنێتەوە، پێویستە کوردان لەبەرامبەر ئەو ستەمەی لە کورد کراوە و خاکەکەی داگیرکراوە ئەبێت کوردانە بیر لەم هەلە مێژووییە بکەین و بیری تەسکی حزبایەتی هەرێمی کوردستان نەیاتە نێو کەرکوکەوە، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا هەر دەنگێک فیشەکێکە بۆ جەستەی داگیرکەران و ئەوانەی کە کەرکوک بەعەرەب دەکەن".
هەوڵەکانی بەعەرەب کردن دادی داگیرکەران نادات
هەروەها ناوبراو تیشکی خستەسەر مەترسی ئیدارەی سەپێندراوی کەرکوک لە درێژەدان بە پرۆسەی بەعەرەب کردن و چەوسانەوەی کورد، ئاشکرای کرد: "لەئیستادا لە کەرکوک لەلایەن ئیدارەی شارەکە و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک ژمارەیەکی زۆر عەرەبی هاوردەی شاری کەرکوک کردووە و بەچاوی جیاوازی تەمەشای کورد دەکات، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بەعەرەب کردن دادی داگیرکەران نادات چونکە چواردەوەری شاری کەرکوک گوند و هۆزە کوردییەکانە بۆیە شاری کەرکوک لە ڕووی مێژووی، جوگرافیا و لەڕووی واقعی ئیستاوەش کوردستانە".
دەنگ بدەن بۆ ڕێگری کردن لەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر کورد کراوە
ناوبراو پەیامێکی ئاڕاستە کەرکوکییەکانی نیشتەجێ شارەکانی دیکە کرد و ووتی: "داواکارم لەو کەرکوکیانەی نیشتەجێ شارەکانی دیکەن لە رۆژی هەڵبژاردنی بێنەوە کەرکوک دەنگی خۆیان بەئازادی بدەن تا کورد لەم شارەکەی خۆی پارێزگارێکی کورد دیاری بکات و ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر کورد کراوە لە ساڵانی ڕابردوو لە خزمەتگوزاری و دامەزران و کایەکانی دیکە چارەسەر بکات".
پێویستە بەرپرسیارانە بیربکەینەوە لەپرسی دەنگدان
شێخ ئەشرەف باسی لە نێگەرانی خەڵکی کرد لەدەسەڵاتی کوردی و ئاماژەی بەوەکرد: "کاتێک دەسەڵات لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە خراپ بەکارهاتووە خەڵکی مافی خۆیەتی گلەیی و ڕەخنەی هەبێت بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەینێت کە دەنگ نەدات چونکە دەنگ نەدان بۆ مێژوو، جوگرافیا، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دواڕۆژی ئەم شارە مەترسیدارە، بۆیە پێویستە بەرپرسیارانە بیربکەینەوە لەپرسی دەنگدان".
سەرکەوتنی کەرکوک دووبارە گەڕانەوەی شکۆیە بۆ کوردستان
لە کۆتایدا ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ڕایگەیاند: "بۆ ڕەخنەگرتن لەدەسەڵاتی کوردی جەوماوەری کورد دەتوانێت خۆی بەڕێکخستن بکات و پێشڕەوەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە و لەڕێگەی دیموکراتی و هەڵبژاردنەوە کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوو ئەنجامدەدرێت خەڵکی دەتوانێت لەوێ هەڵوێستی خۆیان بدەن بەڵام بۆ شاری کەرکوک ناکرێت کوردان دەنگ ندەدەن چونکە سەرکەوتنی کەرکوک دووبارە گەڕانەوەی شکۆیە بۆ کوردستان، بۆیە پێویستە هاوولاتیان بەدڵێکی پڕ لە جۆشو خرۆش بچن دەنگ بدەن".
هـ . ب