کەسوکاری شەڕڤانانی یەبەشە: دەبێت دەستبەجێ ڕۆڵەکانمان ئازاد بکرێن

کەسوکاری شەڕڤانانی یەبەشە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیرکراون، بە نامەیەک بانگەوازیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ١٤ وڵات کرد دژی ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق بوەستنەوە و شەڕڤانە دیلەکان ئازاد بکرێن.

کەسوکاری شەڕڤانە زیندانیکراوەکانی یەبەشە نامەیان نارد بۆ ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەو ١٤ وڵاتەی کە بە فەرمی فەرمانی ٧٤ یان وەک جینۆسایدی ئێزیدییەکان پێناسە کردووە. ئامانج لەم نامەیەدا ئەوەیە کە ڕۆڵەکانیان ئازاد بکرێن و ئاماژە بەوە کراوە کە شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە پارێزەری خاک و گەلەکەیانن و دەبێت دەستبەجێ شەڕڤانە زیندانیکراوەکان ئازاد بکرێن.

لە نامەکەدا گوتراوە: "هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە بۆ پاراستنی خاک و شکۆ و باوەڕی خۆیان دامەزران. بە هێز و قوربانیدانی خۆیان هێرشەکانی داعشیان شکاند".

هەروەها دەڵێن: " لە ١٨ی ئادار، سوپای عێراق لە شاری شەنگال بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی یەبەشەیان دانا و ڕێگایان گرت و لە ئەنجامدا ٥ شەڕڤانی یەبەشە دەستگیرکران. ئەوان بە تۆمەتی مادەی چواری یاسای تیرۆری ساڵی ٢٠٠٥ دەستبەسەر کراون. دوای ئەم ڕووداوە، سوپای عێراق زرێپۆشی زۆریان ناردە ناو شەنگال و شارەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە گەمارۆدرا. فشارێکی زۆر دروست دەکەن و کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکان دەکەن. ئەگەر سوپا بەم چەکانە هێرشی بکردایەتە سەر داعش، هیچ فەرمان و کۆمەڵکوژییەک ڕووی نەدەدا. هەرچەندە ئەم هێرش و فەرمانە لەسەر خاکی عێراق ڕوویدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵوێستێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەگیراوەتەبەر. بەپێچەوانەوە، حکومەت بڕیاری لێبوردنی گشتی پەسەندکرد بۆ ئازادکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کە فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە".

ئاماژە بەوە کراوە سوپای عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو ڕۆڵە ئێزدییانەی سەراپای گەلی عێراقیان پاراست لە دژی داعش، ئەم هێرشە لە کاتێکدایە تراژیدیای فەرمانی ٧٤ هێشتا ماوە و بە ئێستاشەوە هەزاران ژنی ئێزدی لەژێردەستی داعشن و چارەنووسیان نادیارە.

کەسوکاری شەڕڤانەکان بانگەواز دەکەن لە ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەو ١٤ وڵاتەی کە بە فەرمی فەرمانی ٧٤ یان وەک جینۆسایدی ئێزیدییەکان پێناسە کردووە، هەوڵبدەن بۆ ئازادردنی شەڕڤانەکان، دەڵێن: "داوامان ئەوەیە ڕۆڵی خۆتان بگێڕن و بەرامبەر هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی هەڵوێست وەربگرن و بێدەنگ نەبن. دەبێت دەستبەجێ ڕۆڵەکانمان ئازاد بکرێن. هاوکات پێویستە هێرشەکان دژی ئێزدییەکان بوەستن و ئەم ڕەوشی ئاڵۆزییە کۆتایی بێت".