کوردانی کەرکوک بە گڕوتینەوە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان
تادێت بنکەکانی دەنگدان لە شاری کەرکوک بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا گڕوتینتر و قەرەباڵغی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
تادێت بنکەکانی دەنگدان لە شاری کەرکوک بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا گڕوتینتر و قەرەباڵغی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨/١٢/٢٠٢٣، لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە و خەڵکی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بە پۆشینی جلی ڕەنگاو ڕەنگی ڕەسەنی کوردی بەرەوە بنکەکانی دەنگدان چوون و جۆشو خرۆشێکی زۆر لەنێوان هاووڵاتیانی کوردا هەبووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە تا لەڕێگەیەوە بتوانن پارێزگاری سەپێندراوی شارەکە بگۆڕن.
جێگای ئاماژەیە، لەدوای ١٨ ساڵ بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو، وە لە شاری کەرکوکدا یەک ملێۆن ١٥٣٠٠ کەس مافی دەنگدانی هەیە بەڵام ٨٦٨ هەزار و ٩٠١ کەس خاوەنی کارتی بایۆمەترییە و دەتوانێت دەنگ بدات.
عومەرە درێژی هونەرمەندی مەقامبێژی ناسراوی باشوری کوردستان و شاری کەرکوک، لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداربوو و بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەوەندە ئەلێم ' هەی کوردینە ئەی مەردینە با دەست بخەینە دەستی یەکتر ' بژی کەرکوک بژی کوردی کەرکوک و هەموو کوردێکی دڵسۆز، هیوادارم تەواوی کوردان بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن هەر وەکو چۆن من بەم تەمەنەوە هاتووم کەسی تەمەن ١١١ساڵ هاتووە بۆ دەنگدان پێویستە گەنجەکانیش بێن دەنگ بدەن و نەوەستن چونکە ئەمڕۆ رۆژێکی چارەسەنووسازە بۆ ئێمە".
لەلایەکی دیکەوە مەلا بەهادین کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک کە بە تەمەنیترین دەنگدەری کوردە و تەمەنی ١١١ ساڵە، مەلا بەهادین وەکو بەتەمەندترین دەنگدەری کوردی ئەمرۆ لە دەنگدانی گشتیدا دەنگی دا و لەکاتی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات مەلا بەهادین هۆنراوەی (کوردم ئەمن)ی ووت کە لەلایەن هێمن موکریانی شاعیری گەورەوە کوردەوە هونراوەتەوە، هەروەها مەلا بەهادین لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە داوای لە هەموو کوردان کرد کە بەشداری هەڵبژاردن بن و ووتیشی "شەرمە کە خەڵکی نەیەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، زۆر شەرمە بۆ هەر کوردێک کە ئەمرۆ دەنگ نەدا".
بەهار ڕەشید مامۆستایەکی شاری کەرکوکە و سەبارەت بە گرنگی بەشداری کوردان لەم هەڵبژاردنە بۆ ئاژانسی هەاڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ شاری کەرکوک تایبەت مەندییەکی خۆی هەیە چونکە بۆ یەکەمجارە لە شاری کەرکوک ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام دەدەرێت، بۆیە داواکارم لە هەموو کوردێکی بەشەرەف لە هەموو چین و توێژەکان کە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بدەن بە کورد، گرنگ نیە دەنگ بە چ حزبێک دەدەین گرنگ ئەوەیە کە دەنگ بە کورد بدەین تا کورد لەم شارە سەرکەوتووبێت".
وتیشی: "تا جارێکی دیکە پرۆسەی بەناو ئەنفال و کیمیابارانی وولاتەکەمان نەکرێت، تا جارێکی دیکە گەنجی کورد نەبرێتەبەر پەتی سێدارە و باوکەکانمان پشت شکاو نەبن و دایکەکانمان جەرگ سووتاو نەبن، وە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کچان و ژنانی کورد ڕەش پۆش نەبن تکایە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆتان بدەن بە کورد".
کوردستان ئازاد ژنێکی دیکە شاری کەرکوک کە خاوەن پێداویستی تایبەت بوو و توانای ڕۆشتنی نەبوو بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر لە هاتنی بۆ دەنگدان بۆ سەرخستنی کورد لە شارەکە، کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی کوردانی شارەکە کرد و ڕایگەیاند: "داواکارم هەموو چین و توێژەکان بە تەمەنە جیاوازەکانەوە بە موڕاڵەوە بێن دەنگ بدەن و پەنجەی دەنگدانتان مۆر بکەن وەکو شانازییەک بۆ دەنگدانت بە کورد".
جێگای باسە، بۆ هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى ٢٨٥ ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
هـ . ب