کەژەکە: پێویستە ژنان لە دژی داگیرکاریی پێشەنگایەتیی بکەن

کەژەکە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە تەواوی گەلی کوردستان و کوردستانییانی دەرەوەی وڵات کرد و داوایان لە ژنان کرد، بە هەستیارییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن و ژنان پیشەنگایەتیی لە کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی و هێڵی نۆکەرانیان بکەن.

پەیامی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە، لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل خوێندرایەوە.

لەسەرەتای پەیامەکەی کەژەکەدا هاتبوو: جەژنی نەورۆز سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکییدا، جەژنی مەزڵومە بەسەر زاڵمەکاندا، جەژنی ئازادیی گەلانی بندەست لە ئێوە و تەواوی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان  کوردستانییانی دەرەوەی وڵات پیرۆز بێت، لە قەندیلی مەڵبەندی تێکۆشان و شەهیدانەوە، لە کەسایەتی زەکیە ئاڵکان، مەزڵوم دۆغان، رەهشان دەمیرەل. بێریڤان و ڕووناهییەکان کە بە ئاگری جەستەیان نەورۆزیان واتادارتر کرد، تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بە بیر دەهێنینەوە و لە کەسایەتی ئەواندا سەری ڕێز و وەفاداریی بەرامەبر گڵگۆی تەواوی شەهیدان دادەنەوێنین.

ئاماژەیان بەوەشداوە، هەموومان شاهێدی هاوار و بانگی ٨ـی ئاداری ژنان بووین لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی و  کۆتاییهێنان بە هەموو توندوتیژیی و کوشتن و داگیرکارییەک و بە بەشداری و چالاکییەکانیان سەرکەوتنی جۆشی نەورۆزیان مسۆگەر کرد، هەر بۆیە لە ئێستادا وەک ژنانی ئەو جوگرافیایە بە تایبەت کە باشووری کوردستاندا، کە خاوەن ئەزموون و تێکۆشانێکی بێ وێنەیە، پێویستە بەرامبەر هەموو پیلان و هێرشەداگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و  هاوکاریی نۆکەرانیان وەک ژن پێشەنگایەتی بکەین.

لە کۆتاییدا بانگەوازییان لە تەواوی ژنان کرد، کە بە هەستیارییەکی زیاترەوە ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین و لە پێناو کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی  و شکاندنی هێڵی نۆکەرایەتی، تێکۆشانی هاوبەش بڵندتر بکەین و بۆ یەکێتی نەتەوەیی ژنان و پێشەنگایەتییکردنی ئەم سەدەیە کە سەدەی ژنە، هەوڵەکانمان جدیتر و زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین.

هـ .ب