لە باشوری کوردستان چەندین چالاکی بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس ئەنجام دەدرێت

بڕیارە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پاریس ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز زنجیرەیەک چالاکی لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان ئەنجامبدات و خەڵاتی شەهید ساکینە جانسیزیش دەبەخشرێتە ژنانی تێکۆشەر.

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، ژنانی باشووری کوردستان بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک زنجیرەیەک چالاکی لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان بۆ یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پاریس ئەنجامبدەن.

بەرنامەی چالاکییەکان بەمشێوەیەیە؛

ڕۆژی شەممە ٩ی ١ی ٢٠٢١ کاتژمێر ٠٢:٠٠ی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پاریس ئەنجامبدرێت و خەڵاتی شەهید ساکینە جانسزیش ببەخشرێت.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی ١ی ٢٠٢١ کاتژمێر ٠١:٣٠ دوانیوەڕۆ ڕێکخراوی ڕژاک لە ئۆفیسی خۆیان لە شاری کەرکوک، مەراسیمێک بۆ یادی کۆمەڵکوژیی پاریس ئەنجامدەدات.

ڕۆژی هەینی داهاتوو لە ڕانیەش یادی شەهیدانی پاریس دەکرێتەوە.

لە گوندەکانی ئینزێ و کۆزینێ-ی بناری قەندیل یادی شەهیدانی پاریس دەکرێتەوە.

بڕیارە لە شارۆچکەی کەلاریش چالاکی بۆ یادی کۆمەڵکوژیی پاریس ئەنجامبدرێت.

ف.ق