لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا فیدراسیۆنەکە لەلایەن ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسان و میدیاکان ڕاگەیەنراو و لە راگەیەندراوی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکەدا هاتووە: وەک وەڵامدانەوەیەک بە پێویستییەکانی ئێستای کوردستان، بە پێویستمان زانی فیدراسیۆنێک لە (میدیاکاران، نووسەرانی ئازاد و سەربەخۆ)، بە تایبەت ئەوانەی بە ڕاستی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ڕابگەیەنین و هەوڵدەدەین هەمووان لە دەوری پرۆژەیەکی نیشتمانی هاوچەرخدا، بۆ یەک ئامانج کۆببینەوە.
دهقى یهكهم بهیاننامهى بۆردی سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ “
” بۆ ڕایگشتی، نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و میدیا و میدیاکارانی ئەهلی و ئازاد.
پشتیوانانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیی وشە و قەڵەم.
دۆخی باشووری کوردستان و ناوچەکە ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەرییەکانی ئەم ناسەقامگیرییە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیادتر دەردەکەوێت.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناتەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوەکی، لە دەستدانی متمانەی خەڵک، نەبوونی گوتاری نیشتمانی هاوبەش و نەخشەڕێگەیەکی ڕوون لەبارەی پرسە ستراتیژییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەمانکات ناکاریگەربوونی ئۆپۆزسیۆن، کە بتوانن جێگەی ئومێدی گواستنەوەی خەڵکی کوردستان بن بەرەو دۆخێکی ئارامتر و پەروەردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشتر، هەروەها شکستهێنان لە دروستکردنی ڕایگشتی سەبارەت بە پرسە گرنگە ژیانییەکان، ڕەنگە بەشێک لەو هۆکارانە بن، کە نە تەنیا دۆخی باشووری کوردستانی لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، ڕووبەڕووی چەقبەستووییەکی ترسناک کردووەتەوە، بەڵکو ڕێگەخۆشکەریش بووە بۆ هەرچی زیاتر فراوانکردنی ڕووبەرەکانی ستەمکاری و بەرتەسککردنەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین، بچووککردنەوە و لە قاڵبدانی کاری پیشەییانەی سەندیکایی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
کۆی ئەم هۆکارانە و بێگومان هی دیکەیش، کەم تا زۆر، کاریگەرییان بەسەر پەرتکردنی دەنگ و سەنگی ڕاستەقینەی خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و وزە و هێزی یەکخستنی ڕووبەری ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکارییەوە داناوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتن و خوێندنەوەیەدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بە پێویستییەکانی ئێستای کوردستان، بە پێویستمان زانی فیدراسیۆنێک لە
(میدیاکاران، نووسەرانی ئازاد و سەربەخۆ)، بە تایبەت ئەوانەی بە ڕاستی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ڕابگەیەنین و هەوڵدەدەین هەمووان لە دەوری پرۆژەیەکی نیشتمانی هاوچەرخدا، بۆ یەک ئامانج کۆببینەوە.
ئەم فیدراسیۆنە، ڕاستە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئازاد و سەربەخۆ لە ڕووی ئینتیمای حیزبییەوە، ڕادەگەیەنرێت و سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام ڕووبەری کۆمەڵایەتی کارکردن و ئامانجەکانی، کوردستانی و گشتییە. فیدراسیۆن، نەک تەنیا گەرەکییەتی لە پشتی هەموو دەنگ و ڕەنگێکی ئازاد بوەستێت، بەڵکو دەخوازێت کۆی دەنگ و ڕەنگەکانی، کە خەونی ئازادی و ژیانێکی ئازادیان هەیە، خۆیان بە بەشێک لە فیدراسیۆنەکەو، خەون و ئامانجەکانیشیان، بە بەشێک لە خەون و ئامانجەکانی فیدراسیۆن بزانن، هەر بۆیە ڕایدەگەیەنین فیدراسیۆن دەرگای کراوەیەو هەموو ئەوکەسانە خاوەنی دەبن کە تێدەکۆشن لە پێناو فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربرین و، دەوەستنەوە لە دژی ستەم و نادادی و سەرکوتکردنی دەنگە ئازاد و بوێرەکانی دەرەوەی دەسەڵاتداران.
ئامانجهكانی فیدراسیۆن:
– هەوڵدان بۆ فراوانکردنی فەزای گشتی.
– چاونەپۆشین و لە قاودانی هەموو جوڵە و هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین.
– هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕایگشتی لە دژی هەر یاسا و ڕێسایەک، کە ئازادی ڕادەربڕین بخاتە ژێر پرسیارەوە.
– وەستانەوە و هەڵوێست نواندن بەرانبەر هەر دەستدرێژی و پەلامارێک بۆ سەر میدیا و میدیاکار، نووسەرانی سەربەخۆ و ئازاد.
– هەوڵدان بۆ کاری هاوبەش بە ئامانجی ڕەخساندنی کەشێکی ئەرێنی بۆ کاری میدیایی و ئازادی نووسین.
– دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی، کە لەگەڵ ئامانجەکانی فیدراسیۆن کۆک و تەبا دێنەوە بە ئامانجی بە جیهانییکردنی ئەو گرفت و ڕێگریانەی بۆ میدیاکاران و نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و ئازاد دروستدەکرێت لە هەرێمی کوردستان.
بۆردی سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ ” ڕۆنوس”
ئهمرۆ لهكۆنگرهیهكى رۆژنامهوانیدا فیدراسیۆنهكه ڕاگهیهندراو داواى پشتیوانى له ئازادىخوازانى كوردستان دهكهن.
هـ . ب