'لە بەرانبەر تەرمەکانیش درێژە بە دووژمنایەتی دەدەن'

پارێزەر ڕەسوڵ تەمور دەستنیشانیکرد دەسەڵاتداری تورک ڕێگرە لە هێنانەوەی تەرمی هەردوو ڕۆژنامەوان نازم داشتان و جیهان بیلگین بۆ زێدی خۆیان لە باکووری کوردستان و وتی: "تەنانەت لە بەرانبەر تەرمەکانیشدا دووژمنایەتیکردنیان بەردەوامە."

لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا هەردوو ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازادی نازم داشتان و جیهان بیلگین لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە تشرین کران بە ئامانج. بە درێژایی ئەو ماوەیە کەسوکاری هەردوو ڕۆژنامەوانی شەهید لە هەوڵدابوون تەرمی ڕۆڵەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ببەنەوە بۆ باکووری کوردستان و لە زێدی خۆیان بەخاکییان بسپێرن، بەڵام دەوڵەتی تورک وەک پیشەی دووژمنایەتیکردنی بەرامبەر گەلی کورد تەنانەت ڕێگەش نادات تەرمی هەردوو ڕۆژنامەوان بگەڕێنرێتەوە بۆ باکووری کوردستان.

لە پارێزەرانی ئیهەدە ڕەسوڵ تەمور، کە پێشتر پارێزەری نازم داشتان بووە دەسنیشانیکرد ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تەرمەکان لە لایەن دەسەڵاتداری تورکەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەمەی گوت: "نابێت ئاستەنگییەکان وەک شتێکی یاسایی دابنرێت. پرۆسەیەکی فەرمی نییە. هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە لایەن کەسوکارەکەیەوە لە خاکی زێدی خۆییدا بنێژرێت. دەوڵەت بەم ڕیگریکردنەی درێژە بە دووژمنایەتیکردن لە مردووەکان دەکات."

هیچ بنەما و ڕەوایەتییەکی یاسای نییە

پارێزەر تەمور پەیوەست بە لێدوانی دەسەڵاتداری تورک لەسەر ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە 'دۆسییەیان هەیە' ئەمەی گوت: "ئەم دۆخە تەنها دووژمنایەتی کردنە. پروپاگەندەی ئەوەیان هێنایە ڕۆژەڤەوە کە ئەم ڕۆژنامەوانانە پێشتر دادگای کراون. دۆزی ڕەواکردنی مردوان هیچ جێگەیەکی لە یاسادا نییە. دادگایی کردن لە دادگادا بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام دەدرێت و سزاکەشە لەوێ دەدرێت."

پارێزەر تامور ئاشکرایکرد لە دۆسییەی ناوهێنراودا نازم داشتان لە ساڵی ٢٠١٦دا بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە دەستگیرکراوە و دوای ٦ مانگ لە زیندان ئازادبوو و وتی: "دەربارەی دۆسیەی جیهان بە دواداچوونم نەکردووە، بەڵام نازم لە ساڵی ٢٠١٦دا لە دیلۆک دەستبەسەرکرا و دوای ٦ مانگ ئازادکرا. لەو دۆسییەدا بێتاوانی خۆی سەلماند. نازام بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە زیندانی کرا، بەڵام هیچ شتێک وەک ئەوەی تاوانێکی کردبێت یان پروپاگەندەی ڕێکخستنی لە دۆسییەکەییدا نەبوو، بۆیە ئازاد بوو، ئەو سزایەی دراوە تەنها بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە بووە. دەبوایە لە گۆڕەپانی شەڕدا پارێزگاری لێبکرایە، لەم ڕووەوە نۆرمەکانی یاسای نێونەتەوەیی ڕوونە و هەموو یاساکان سەلمێنەری ئەوەن دەبێت ڕۆژنامەوانان لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا پارێزگارییان لێ بکرێت."