لە هەولێر هێرشکرایە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ئاشکرای کرد، لە هەولێر لە کاتی ڕووماڵکردنی کێشەی هاوڵاتییاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن و گوتی: "داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ڕێز لە کاری ڕۆژنامەنووسان بگرن."

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان دەربارەی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هێرشی هێزە ئەمنییەکانی بۆسەر ڕۆژنامەوانان شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ لە کاتی ڕووماڵکردنی کێشەی هاوڵاتییان لە کەمی خزمەتگووزاری و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی پەیوەست بەو بابەتە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شارەکەوە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستیان بەسەر کامێرا و ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆکانیان گرت و ڕێگرییان لێکردن."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکان شەرمەزار کراوە و هاتووە: "ئێمە ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر بە پەیامنێر و وێنەگرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە شەرمەزار دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین دەست لە پێشێلکارییەکان هەڵگرن و ڕێز لە کاری ڕۆژنامەنووسان بگرن، هەروەها داوا لە دەزگاکانی جێبەجێکار دەکەین سنووری ئەرکەکانیان نەبەزێنن و لە چوارچێوەی ئەركەكانیان رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنووسی بگرن."