لە کەمپی مەخمور لەپێناو رێبەری گەلی کورددا مانگرتن لە خواردن دەستیپێکرد
دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.
دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.
لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکی مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی سێ رۆژ دەستیپێکرد.
چالاکی مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی سێ رۆژ، لە دامەزراوەی گەنجانی مەخمور بەڕێوەدەچێت. چالاکیەکە بە گردبوونەوەیەکی دانیشتوانی کەمپەکە دەستیپێکرد و لە سەرەتادا بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدان یەک خولەک بە بێدەنگی وەستان. بەر لە دەستپێکردنی مانگرتنەکە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کەمپەکە یوسف کارا وتەیەکی پێشکەش کرد.
یوسف کارا لە وتەکانیدا وێڕای شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات باسی لە ئامانجەکانی پشت ئەو پیلانگێڕییە کرد و ئەوەی خستەڕوو کە ژمارەیەکی زۆر لە قارەمانانی گەلی کورد بۆ رێگری لە هاتنەدی ئامانجەکانی ئەو پیلانگێڕییە بە دروشمی 'کەس ناتوانێت رۆژی ئێمە تاریک بکات' گیانی خۆیان بەخت کرد و بە رێزەوە یادی ئەو شەهدیانەی کردەوە.
یوسف کارا ئەوەشی خستەڕوو، کە "بە دڵنیاییەوە پیلانگێڕی ئامانجەکانی ناپێکێت و ئەوەی سەردەکەوێت و دەگاتە ئامانج، راستی و پاڕادایمی رێبەرایەتیمانە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا یوسف کارا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی باسی لە چالاکیەکەیان کرد و وتی، "وەک گەلی مەخمور رۆژانی ١٣، ١٤ و ١٥ی شوبات چالاکی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن و دوای ١٥ی شوباتیش بەردەوام دەبن لە چالاکی جیاجیا".
دوای وتەکانی یوسف کارا بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' دەست بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرا.
هـ . ب