لە کەرکوک کۆڕێک دەربارەی ڕۆڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو

کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "گرنگی رۆڵی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق" کۆڕێک سازکرا و تێیدا رۆژنامەنووسان ڕەخنەیان لە سەندیکا گرت کە بەرگری لەدەسەڵات دەکات لەبری برگری کردن لە رۆژنامەنووسان.

لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە ژێرناونیشانی "گرنگی رۆڵی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق" کۆڕێک بۆ حەکیم چالاک ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق-لقی کەرکوک ڕێکخرا، لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنووسان و کەسایەتیی رۆشنبیر و چالاکوانان ئامادەبوون.

لە سیمینارەکەدا، حەکیم چالاک ئەندامی دەستەی کارگێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق – لقی کەرکوک، سەرەتا باسی لە دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق کرد لە ساڵی ١٩٥٩ و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد کە یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە عێراق مام جەلال تاڵەبانی وەکو یەکەم سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا بەڵام بەهۆی کاری سیاسییەوە ئەو پۆستەی ڕادەستی گەورە شاعیری عێراق محەمەد مەهدی جەواهیری کرد، کە دووەم زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی سەندیکای بەدەستهێنابوو.

هەروەها ناوبراو تیشکی خستەسەر لقی کەرکوکی سەندیکاکە و ڕایگەیاند، لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراو سەرەتا تەنها ١٧ ئەندام بووین بەڵام لە ئیستادا سەدان رۆژنامەنووس ئەندامن، هەروەها ڕێکار و مەرجەکانی ئەندام بوون و ئەو مافانەی کە ئەندام هەیەتی لە کۆڕەکەدا ڕوونکرانەوە و تێیدا ئەو نوێنەرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق جەختی کردەوە کە لە بەرژەوەندی رۆژنامەنووسە ببێتە ئەندام لە سەندیکا تا مافەکانی نەفەوتێت".

هەروەها ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق – لقی کەرکوک، ڕەخنەی لە دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکانی شاری کەرکوک گرت کە تا پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە هیچ دەزگا و کارمەندێکی دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکان ئامادەنەبوون ببنە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق لەبری ئەوە دەبوونە ئەندام لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکان مۆڵەتیان لە سەندیکای عێراق وەرگرت و بەشێک لە ئەندامانیان بوونە ئەندامی سەندیکاکەمان بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکی کەمە رۆژنامەنووسە کوردەکان ڕوویان کردۆتە سەندیکای عێراق لە بری کوردستان، بۆیە ژمارەی رۆژنامەنووسانی کورد لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق کەمترە بەراورد بە پێکهاتەکانی دیکە".

لە کۆتای کۆڕەکەدا، رۆژنامەنووسانی کوردی شارەکە تێبینی و سەرنج و ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی ئەو نوێنەرەی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق کرد و تێیدا ڕەخنەیان لەوە گرت کە رۆژنامەنووسانی کورد نوێنەری باشیان نیە لەو سەندیگایە و سەندیکا کەمتەرخەمە لە ناسینی رۆژنامەنووسان و رۆڵی سەندیکا زیاتر پاراستنی دەسەڵات بووە لەبری داکۆکی لە رۆژنامەنووسان.

هەروەها لەدرێژەی ڕەخنەکانیان بۆ نوێنەری سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک ووتیان: "بەداخەوە کە سەندیکایەک سەرکردەیەکی کوردی وەکو مام جەلال دایمەزراندووە کەچی لەئیستادا دژایەتی کورد دەکرێت لەڕێگەی ئەو سەندیکایەوە، هەروەها سەندیکا نەیتوانیوە ئاسانکاری زمان بۆ رۆژنامەنووسانی کورد بکات کە بە زمانی دایک وەڵامی تاقیکردنەوەکانی سەندیکا بدەنەوە، وە هەمووان ئاگادارن کە بەردەوام لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە سوکایەتی بە رۆژنامەنووسانی شارەکە دەکرێت بەتایبەتی رۆژنامەنووسانی کورد بەڵام سەندیکا هیچ هەڵوێستێکی نیە".