لە کەرکوک کۆڕێک لەژێر ناونیشانی "پاراستنی سامانی گەلێک" بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک سەبارەت بە چۆنێتی پاراستنی کەلتور و فۆلکلۆری کوردی کۆڕێک بەڕێوەچوو.
لە شاری کەرکوک سەبارەت بە چۆنێتی پاراستنی کەلتور و فۆلکلۆری کوردی کۆڕێک بەڕێوەچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ، دوو شەممە، لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوک، لە ژێرناونیشانی (پاراستنی سامانی گەلێک) کۆڕێک بۆ هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک شێروان کەرکوکی ڕێکخرا.
ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و هونەرمەندان، بەشداری کۆڕەکەیان کرد. تێیدا شێروان کەرکوکی جەختی لە گرنگی پاراستنی کەلتوور و فۆلکلۆر کرد، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ پاراستنی هەبوونی کورد لەقەڵەمیدا، گوتی: "هەر گەلێک ڕابردوو و کەلەپور و پاشماوەی نەبوو ئایندە و ژیانی نابێت".
چۆنێتی پاراستنی کلتور و فۆلکلۆر
سەبارەت بە کۆڕەکە شێروان کەرکوکی هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گوتی: "کۆڕەکەی ئەمرۆمان لەژێر ناونیشانی 'پاراستنی سامانی گەلێک' واتا کەلەپور و فۆلکلۆر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیرانی شارەکە ئەم کۆڕەمان پێشکەش کرد کە سەبارەت بە چۆنێتی پاراستنی کلتور و فۆلکلۆر و کەلەپوری کوردی بوو".
ماوەی ٢٠ ساڵە هەوڵی کۆکردنەوە و پاراستنی کلتور و فۆلکلۆری کوردی دەدەم
هەروەها شێروان کەرکوکی گوتیشی: "لەم بواردەدا باسی ئەزموونی تایبەتی خۆشم کرد کە ماوەی ٢٠ ساڵە بە پرۆژەیەک هەوڵی کۆکردنەوە و پاراستنی بابەتی کلتوری و فۆلکلۆری کوردی دەدەم، کە ئەو پرۆژەیەشم دابەش کردۆتە سەر سێ تەوەری سەرەکی کە پێکهاتووە لە ئەرشیف، پەرتوکخانەکەم و مۆزەخانە، قۆناغێکی زۆرم بڕیوە و بابەتی زۆرم لەم بوارە کۆکردۆتەوە، ئەتوانم بڵێم ٨٠٪ی ئەرشیفی کوردم کۆکردۆتەوە کە پێکهاتووە لە میوزیک، گۆرانی، شانۆ، دراما زنجیرە فیلم و بابەتی کوردەواری، هەروەها کەرەستەی کوردەواری زیاتر لە دوو هەزار ئاسەواری کوردەواریم کۆکردۆتەوە".
پێکەوە کاردەکەین بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و ڕەچەڵەکی کوردەواری
سەبارەت بە گرنگی ناسنامەی گەلان، ئەو هونەرمەندە ڕایگەیاند: "دەبیت ئێمەی کورد بە هەموومانەوە لە خەمی ناسنامە بین چونکە لەئێستادا مەترسی لەسەر ناسنامە، شوناس، زمانی کوردی و جل و بەرگمان هەیە، بۆیە جێگای خۆیەتی هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەسانەیەتی و ڕەچەڵەکی کورد، کە بەداخەوە لەئێستادا خەریکە وردەووردە کایە ڕەسەنەکانی کورد کاڵ دەبێتەوە، جارێکی دیکە ڕایدەگەینیەوە کە بەڵێ کەسانێک هەیە ڕەسەنایەتیان لەبیر ناچێت و بەردەوام کاری لەسەر دەکەین".
ئەوەی ناسنامەی کوردی پاراستووە کلتور و دابونەریتە
لە کۆتایدا سەبارەت بە دەوڵەمەندی کلتوری کورد و داکوتانی ڕەگ و ڕیشەیەکی بەهێزی کلتوری و ڕەچەڵەکی لەسەر خاکەکەی، ناوبراو گوتی: "هەمیشە گوتوومە کە پێنج هەزار ساڵە لەم ناوچەیەداین، هەموو ئەوانەی کە دروست بوونە بەحزبە کوردییەکانەوە کە تەمەنیان سەد ساڵ تێپەر ناکات وە هەموو دەوڵەت و میرنشینەکانی کورد تەمەنیان ناگەتە ٥٠٠ ساڵ نهێنی مانەوەی کورد لەماوەی ئەم پێنج هەزار ساڵە کە تائیستاش بەزمانی خۆی قسەدەکات، بێ گومان کلتور، جل و بەرگ، هونەر، زمان و رۆشنبیرییەکەیەتی، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ناسنامەمان بپارێزین دەبێت لەم کایەیەوە کار بکەین کە ئەوەی ناسنامەی ئێمەی پاراستووە کلتور و دابونەریت، زمان، جل و بەرگ، مۆزیک و پاشماوەی کلتوری باوباپیرانمانە ، لەسەر ئەو ڕێچکەیەش بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ پاراستنی سامانی کلتور و فۆلکلۆری کوردەواریمان".