لە کەرکوک پانێلێک سەبارەت بە " گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی" بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک، پانێلێک لەژێرناونیشانی (گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان) بەڕێوەچوو.
لە شاری کەرکوک، پانێلێک لەژێرناونیشانی (گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان) بەڕێوەچوو.
لە هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەلایەن بۆردیی چالاکییەکان و بە هاوبەشی دەزگای ستاندارد بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لەژێر ناونیشانی (گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان) پانێلێک بۆهەر یەکە لە "رەوەند مەلا مەحموود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لێپسراوی مەڵبەندی دووی کەرکوک، مەسعوود عەبدالخالق سەرۆکی دەزگای ستاندارد و چاودێری سیاسی، نەجات حوسێن ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان" ڕێکخرا.
جێگای ئاماژەیە، لە پانێلەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدار، چاودێری سیاسی، چالاکوان، نوێنەری ڕیکخراوەمەدەنی و کەسایەتی رۆشنبیرەکان ئامادەبوون.
" بزوتنەوە ئیسلامییەکان وەکو جاران نامینێت بەشێوەی دیزاینی ناتۆ دەبن"
لە سەرەتای پانێڵەکە مەسعوود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و سەرۆکی دەزگای ستاندارد بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، باسی لەوەکرد کە لە پانێڵەکەدا باس لە سێ تەوەر دەکات کە ئەوانەش تەوەرەکانی گۆڕانکارییەکانی جیهان، گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر عێراق و کوردستان، پاشان باسی لەوەکرد کە سیستەمێکی وەکو ترەمب هاتووە و زۆر مەترسیدارە بۆ میللەتانی ژێر دەستە کە دەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی نێونەتەوەیی، لەئیستاشدا سیستەمی سەرمایەداری تووشی قەیران بوونە کە چیدیکە ناتوانن ئەو مرۆڤانە بەخێو بکەن کە سوودی بۆیان نیە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بارسەنگی هێز لە ناوچەکە گۆڕا، لەئیستا بەدواوە بزوتنەوە ئیسلامییەکان وەکو جاران نامینێت بەڵکوو بەشێوەی دیزاینی ناتۆ دەبن.
"تورکیا تێگەیشتووە کە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان ویستیان لەسەر نەماوە"
هەروەها مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و سەرۆکی دەزگای ستاندارد، باسی لە رۆژئاوای کوردستان و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی کرد و ئاماژەی بەوەکرد: "لەکاتی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکان سنورەکان ناگۆڕدرێن بەڵام لەناو سنورەکان دیزاینی ناوچە و هێزەکان دەگۆڕدرێت، سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان تێگەیشتووین کە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەو شێوەیەیە لە هەر پارچەیەکی کوردستان گۆڕانکاری ببێت بەرەو ئەوە دەچێت کە هەرێمێکی بۆ دروست بکرێت، بەڵام دروست کردنی ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان ئاڵنگاری گەورە لەبەردەمە لەوانەش تورکیایە، بەڵام دوای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا تێگەیشتووە کە میحوەری تورکیا و قەتەر ئەوەندە رۆڵیان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان نەماوە و ویستیان لەسەر نەماوە، بەم شێوەیەش ئاڵنگارییەکانی بەردەم رۆژئاوای کوردستان بەرەو هێور بوونەوە دەچێت".
"مانەوەی ناسنامەی پێکهاتەکان بەستراوە بە کوردستانی بوونی کەرکوک"
ئەو سەرۆکەی دەزگای ستاندارد، هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە وریابن لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان چونکە دۆخی خراپ چاوەڕوانیان دەکات ئەگەر گۆڕانکاری ڕووبدات، بۆ عێراقیش بە هەمان شێوە هەر گۆڕانکارییەک لە دەستور و یاساکانی عێراق دۆخێکی خراپتر بۆ پێکهاتەکانی عێراق دەخولقێت، لە تەوەری کۆتایی کە تایبەت بوو بە شاری کەرکوک، ناوبراو ووتی، "زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە کەرکوک عێراقێکی بچووکە بەڵام ئەم پێناسەیە هەڵەیە بەڵکو کەرکوک کوردستانێکی بچووکە، دەبێت پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوک بزانن کە کەرکوک لە کوردستان دابڕێت ئەوە دوای ٥٠ ساڵ ئەو پێکهاتانە بوونیان نامینێت چونکە بنەمای دەوڵەتی عێراق بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتێکی تایفی بووە".
"دەستی گەورە هەیە هەوڵی تێکدانی پێکەوەژیان لە کەرکوک دەدات"
لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسعود عەبدولخالق ووتی، زۆرجار کۆمکاری عەرەبی باس لە پێویستی گەڕانەوە عێراق دەکات بۆ باوەشی ووڵاتانی عەرەبی بەڵام ئەمە بە واتای گەڕانەوەی دەوڵەتی تایفی عەرەبی سونەیە وەکو سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق، لە شاری کەرکوک خەریکە برایەتی و پێکەوەژیان دروست دەبێتەوە بەڵام دەستی زۆر گەورە هەیە حەزی بە برایەتی نێوان پێکهاتەکان کەرکوک ناکات و هەوڵدەدات ئەو پێکەوەژیانە تێکبدات، زۆر گرنگە پەرە بەپێکەوەژیان و گفتوگۆ بدرێت و تەنانەت ڕەخنە لە خۆمان بگرین".
"دەستی دەرەکی ناکۆکی کردە نێوان کورد و تورکمان"
پاش تەواوبوونی ووتەکانی مەسعود عەبدولخالق، نەجات حوسێن ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان بۆ ئامادەبووان قسەی کرد، و ڕایگەیاند: "دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس کورد و تورکمان بۆ ماوەی یەک مانگ پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان دەگێڕا بەڵام دوای دوو مانگ بەهۆی دابەش کردنی دەسەلاتەکان و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری شاری کەرکوک هێواش هێواش پێکەوەژیانی نێوان کورد و تورکمان تێکچوو، هەرچەندە بەرژەوەندی پێکهاتەی تورکمان بە هاوپەیمانییە لەگەڵ کورد، بەڵام بەرەی تورکمانی هەمیشە دژی هەموو هاوپەیمانییەک بوونە لەگەڵ کورد، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە كورد دەستی هاوپەیمانی بۆ تورکمان درێژ کرد بەڵام ئێمەی توركمان لووت بەرزبوین و دەستمان بەعەبای عەرەبەوە گرتبوو، كە تائێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە".
"تورکمان دیسانەوە هەڵەی کرد کە متمانەی بە عەرەب کرد"
هەروەها ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ووتیشی، "دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، ئەمریكییەكان داوایەكی زۆریان لێمان كرد بچینە دانوستانەوەو لەگەڵ كوردو پۆستی جێگری پارێزگار وەربگرین، بەڵام ئەوكات حەسەن تۆران سەرۆکی ئیستای بەرەی تورکمانی ئەو هەلەی لەباربرد چونكە لەگەڵ عەرەب رێكەوتنیان هەبوو تاوەكو دانوستان لەگەڵ كورددا نەكەن، بەڵام لایەنی عەرەب کە خاوەن ٦ کورسی ئەنجوومەن بوون و ئێمەی تورکمانیش خاوەن نۆ کورسی بووین، لەدوا ساتەكاندا عەرەب بەئامادەبووونی ئەمریكییەكان لەگەڵ كوردا دانیشتن و پۆستی جێگری پارێزگاریان وەرگرت، ئەو هەڵەی تورکمان جارێکی دیکە لە پێکهێنانی ئیدارەی ئیستای کەرکوک دووبارەبووەوە".
"وڵاتانی ئەوروپا جارێکی دیکە هاتوونەتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
لە بەشێ سێەمی پانێڵەکە، رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکوک، قسەی بۆ ئامادەبووان کرد لە سەرەتای قسەکانی باسی لەوەکرد کە ئەوروپا لەدوای شەری دووەمی جیهان لە ناوچەکە کشایەوە و ئەمریکا جێگای گرتەوە ئەمەش ووڵاتانی ئەوروپای تووشی گۆشەگیری کرد، جەنگی ئۆکڕانیا کاریگەری خراپی لەسەر ئەوروپا هەبوو، لەئیستادا ئەوروپا بیری لەوە کردۆتەوە بێنەوە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەبینین فەرەنسا هاتۆتەوە سوریا و لبنان لەهەمان کاتدا بەریتانیاش هاتۆتە عێراق و ئوردن و سعودیا، ئەمریکاش فشار لە عیراق دەکات، جەنگی ئۆکرانیا لە کۆتایی هاتنە چونک بەرژەوەندییەکان ئەو جەنگەی دروست کرد ئیستاش بەرژەوەندییەکان کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت".
"تورکیا لە ناوچەکە بە بەهێزی نامینێتەوە"
هەروەها ڕەوەند مەلا مەحمود باسی لە پاڵپشتی تورکیا بۆ چەتەکانی داعش کرد و ڕایگەیاند: "تورکیا رۆڵی گرنگی هەبوو لە دروست کردنی داعش بۆیە میحوری سەرەکی دروست بوونی داعش تورکیا بووە لە ناوچەکە، لەئیستاشدا جارێکی دیکە پاشماوەکانی داعش لە سوریا دەسەلات دەگرنە دەست، ئەمریکا تائیستا بڕیاری جدی لەسەر حکومەتی سوریا نیە، تائیستا تورکیا لە ناوچەکە بەهێزە بەڵام ئەم دۆخە بۆ تورکیا بەو شێوەیە ناچێتەسەر، تورکیا لەناخۆ کێشەو قەیرانی زۆرە و هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەناو خاکی باشوری کوردستان هەناردەی کێشەکانی بۆ دەرەوە بکات".
"دەبێت عێراق لە کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی دووربێتەوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە، باسی لە دۆخی عێراق کرد و ووتی: "عێراق بە کۆمەڵێک قۆناغی خراپ تێپەڕێوە، لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی شیعەکانی عێراق ڕووبەڕووی ستەم و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بۆیە شیعەکانی عێراق هەمیشە هەست بە چەوسانەوە دەکات بۆیە لەکاتی هاتنیان بۆسەر حوکم بە نەفسی تۆڵەسەندەوە هاتنە سەر دەسەڵات کە ئەمەش بووە هۆی شەڕی تایفی، لە سایەی حوکمی شیعەکان گەندەڵیش لە هەموو عێراق بڵاوبۆتەوە، سەرکردەکانی ئیستای عێراق دوای پەلەمارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل شکانە قورسەکەیان بینی ئەو قناعەتەیان لەلا دروست بووە کە دەبێت عیراق لە بابەتی نەتەوەیی و مەزهەبی و تایفی دوور بکاتەوە".
پاش پێشکەشکردنی تەوەرەکانی پانێڵەکە لەلایەن میوانانی پانێڵەکە، ئامادەبووان سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانیان ئاڕاستەی پێشکەشکارانی پانێڵەکە کرد.