قەسەدە هەوڵەکانی داگیرکەرانی پووچەڵ کردەوە
هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند کە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقوزاق تێکشکێندران.
هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند کە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقوزاق تێکشکێندران.
لیدوانی ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە بەم شێوەیەیە:
"دوێنێ (سێشەممە) هێزەکانمان سەرجەم هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانمان لە هەموو بەرەکاندا تێکشکاند."
لە بەرەی بەنداوی تشرین، سوپای داگیرکەری تورک دەوروبەری بەنداوی تشرینی تۆپباران کرد و چەتەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانمان. بەڵام شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و یەکینەکانی شەهید هارون کۆبوونەوەی چەتەکانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا چەتێک کوژرا و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها لە بەرەی دێرحافر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە. چەتەکان لە گوندی ئەل ئیمامەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانمان بەڵام شەڕڤانان دەستبەجێ وەڵامیان دایەوە و شەڕ هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتە بریندار بوون و مۆڵگەی چەتەکان لە ناوچەکە لەناوبرا.
لە شوێنێکی دیکەی بەرەی دێرحافر، شەڕڤانانمان هێرشێکی دیکەی چەتەکانیان بەرپەرچ دایەوە و شەڕ لە نزیک مۆڵگەی چەتەکانەوە هاتە ئاراوە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتە برینداربوون و کەرەستەکانیان لەناوبران. لە هەمان کاتدا ٢چەتە کە هەوڵیاندا بچنە ناو خاڵێکی هێزەکانمانەوە، لە ئەنجامی ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان هەردوو چەتەکە دەستبەسەر کران.
لە بەرەی قەرەقۆزاقەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک گوندەکانی ئەل تینا، خەسەق و بیر حەسۆیان بۆردومان کرد، هەروەها گوندەکانی ئەل تینا، جادا، بیر حەسۆ، خەسەق، دیکان، مالها و سەرنییە و گردەکانی سێڤێ و قەرەقوزاق تۆپباران کران، زیاتر لە ٩٥ گولـلە هاوەن لە ناوچەکە دراوە و لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوت.
چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە پاڵپشتی تۆپ هاوێژەکان، هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی هێزەکەمان و شەڕێکی توند ڕوویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتە کوژران و بریندار بوون، بەڵام ژمارەیان ڕوون نەبووەوە."