زەینەب جەلالیان لە ٢٥ـی شووباتی ٢٠٠٨ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی جوراجۆر سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و لە ماوەی ئەم ١٧ ساڵەدا سەرەرای ئەوەی لەبورای تەندروستیەو دۆخی باش نییە، ڕووبەڕووی گوشار و ئەشکەنجەی بەردەوام بووەتەوە، ناوبراو بە بۆنەی ١٧هەمین ساڵی دەستبەسەر کردن و زیندانی کردنیەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە.
دەقی نامەکەی زەینەب جەلالیان بەمشێوەیەیە:-
“دەستەکانم بۆنی گوڵیان لێ دەهات، بە تاوانی گوڵچنین سزایان دام. بەڵام کەس بیری لەوە نەکردەوە کە ڕەنگە گوڵێکم چاندبێت. ستەم برینێکی قووڵی خستەسەر دڵم کە تا هەتایە بیرم ناچێتەوە. من باویلکەیەکی بچووک بووم، هەڵگری پەیامێکی گەورە بۆ ئازادیی و ئازاد ژیان. لە ڕۆژی ٢٥ـی شووباتی ٢٠٠٨ سەفەری خۆم بۆ شاری شیرینی کرماشان دەست پێکرد، بەڵام بەکرێگیراوانی ستەم لە ڕێگادا ڕفاندیانم و بردیانمە شوێنێکی نامۆ و غەریب.
پاسەوانانی ڕەشپۆش دابوونەریتێکی سەیریان هەبوو. لەو شوێنە تۆقێنەرەدا کەس بۆی نەبوو ئەویدی ببینێت. چاوەکانمیان بە چاوبەندێکی ڕەش بەستبوو و دەیانپرسی: “ناوت چییە؟”، دەمووت: “ناوی من زەینەبە”، لێیان دەدام و دیسان دەیانپرسی: “ناوت چییە؟”، دیسان دەمووت: “ناوی من زەینەبە”، دیسان لێیان دەدام، ئەشکەنجەیان دەکردم و دیسان دەیانپرسییەوە: “ناوت چییە؟”. چەندین و چەندەها جار پرسیارێکیان دووبارە دەکردەوە. وەڵامم داباوە یان بێدەنگیم لێ کردبا، هیچی نەدەگۆڕا؛ ئەشکەنجەکان درێژەی هەبوو. لەو مێشکە نەخۆشەیان تێنەدەگەیشتم. لەو شوێنە تاریکەدا هیچ دەلاقەیەک بەرەو ڕووناکی نەبوو، چونکە پاسەوانانی ستەم وەک شەمشەمەکوێرە لە ڕووناکی دەتۆقان.
چەند مانگێک دواتر ڕەوانەی زیندانیان کردم. زینداندانەکان ژن بوون، بەڵام هەڵسوکەوتیان لەو پیاوە بێناو و نادیارانە خراپتر بوو و ئازاری ئەمە لەلام زۆر قورستر بوو. دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی و هەڵپەسێردراویی پڕئازار و تاقەت پڕووکێن، ڕۆژێک لە سپیکەری زیندانەوە بە ئاوازێکی پڕ لە ڕق و نەفرەت بانگیان کردم. زنجیریان لە دەست و پێیەکانم کرد و ڕاپێچی بەردەم دادگایەکی فۆرمالیتەیان کردم. سێ خولەک بە زمانی دایکییم لەگەڵ دادوەرەکە قسەم کرد، نەیدەناسیم، تەنانەت گوێی لە قسەکانیشم نەگرت. باشە پشتی بە چی بەست که سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندم؟ نازانم!
پاشان دووریان خستمەوە بۆ تاران، شەش مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتدا بە مەبەستی ناچارکردنم بە دداننان بە تاوان و وتووێژی زۆرەملێدا خستیانمە ژێر گوشاری پڕووکێنەرەوە، دوای چەندین ساڵ پاسەوانانی حکومەت دایکمیان بە هەڕەشە هێنا بۆ تاران، هاوارەکانی دایکم پڕ لە تێگەیشتن بوو و لە وێناکردن نایەت، هەڵگرتنی ئێش و ئازاری دوور بوون لە منداڵ و سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ڕۆڵەکەیدا، بۆ ئەو گەلێ سەخت بوو و هێشتا هەر سەخت و دژوارە، ئازاری دایکم لە سەبوورییەکەی زیاتر بوو، بەڵام لە بەرانبەر ستەم و ستەمکاراندا سەری نەوی نەکرد، دایکم وێنای خەمێکی گەورە بوو؛ بێگومان وشەکانی من توانای وێناکردنی ئەو پەژارە مەزنەیان نییە.
دوای شەش مانگ گەڕاندیانمەوە بۆ کرماشان، چەندین و چەند جار داوام کرد بمگوازنەوە بۆ پارێزگاکەی خۆم، بەڵام حەوت ساڵ لە زیندانی کرماشاندا مامەوە، دواتر دووریان خستمەوە بۆ زیندانی شاری خۆی و چوار ساڵیشم لەوێ و لەژێر گوشاری ڕۆحی و دەروونیدا بردە سەر. شەوێک کە کاتی خەوتنیان ڕاگەیاندبوو و بێدەنگییەکی مەرگاوی زیندانەکەی داگرتبوو، پاسەوانانی ستەم دیسان هاتنەوە، زنجیریان لێ بەستم و دووریان خستمەوە بۆ زیندانی قەرچەک، لە بەندی کاتیدا ڕایان گرتم و لەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم، هیچ چاودێرییەکی پزیشکیم وەرنەگرت، سییەکانم زیانی گەورەیان بەر کەوت. چەندەها جار داوای گواستنەوەم کرد بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدامەوە. بە ناچار مانم لە خواردن گرت.
دوای چەندین ڕۆژ چاوەڕوانی، نیوەشەوێک کە زیندانییەکان لە خەودا بوون و تەنها دەنگی کۆکەی من بوو بێدەنگییەکەی دەشکاند، پاسەوانانی ستەم دیسان هاتنەوە، بە زۆر و بە کەلەپچەوە دووریان خستمەوە بۆ کرمان، نە چاوێک هەبوو داواکارییەکەم بخوێنێتەوە، نە گوێیەک کە قسەکانم ببیسێت، نە دڵێک کە هاودڵی و هاوخەمیم لەگەڵ بکات. دوای چەندین مانگ تەنیایی و گۆشەگیری، قەدەغەکردنی تەلەفۆن و دیدار و تەنانەت نەبوونی کارتی بانکی، لە ئێوارەیەکی خەمبار و تەمگرتووی کرماندا، هێزەکانی زیندان بە سوێندی درۆ و پەنابردن بۆ زۆر سەرلەنوێ دووریان خستمەوە بۆ کرماشان.
بە هەموو ئەمانەیشەوە، دوای ئەم هەموو دەربەدەری و ئاوارەبوونە ئیجبارییە، بە جەستەیەکی ماندوو و نەخۆشەوە چاوەکانم داخست تاکوو بۆ ساتێک پشوو وەربگرم، بەڵام دەنگی پاسەوانان دەرفەتی پشوودانی لێ زەوت کردم، دەست و قاچەکانیان بەستمەوە، چاوەکانیان داپۆشیم و دووریان خستمەوە بۆ یەزد. چەندەها ساڵم لەم تاریکییەدا بە هەموو ئازار و سەختییەکانیەوە، بەبێ تەلەفۆن و دیدار، بەسەر بردووە. ئێستا چوار ساڵ و چوار مانگە لە زیندانی یەزد بەند کراوم.
لەم تاریکییەی زینداندا، چاوانم لەسەر یەک دادەنێم. تاپۆیەک لە ژیانی دەرەوەی زیندان لە خەیاڵمدا ماوەتەوە، بیری باوەشی گەرمی دایکم، نیگای پڕمیهرەبانیی باوکم، بزەی خوشکەکەم و تەنانەت گرژییەکانی براکەم دەکەم، دڵتەنگم بۆ خەڵکی خوێنگەرم و میوانداری کوردستان و ئاوازە کوردییەکان. تاسەی بۆنی خاک، هەڵاڵە برمەکان، داربەڕووەکان و سمۆرە بەڕووخۆرەکانی دەکەم، دڵم لە لای کانیاوە ڕوونەکان، ڕووبارە بزۆزەکان، چیا سەرکەشەکان و شەوانی پڕئەستێرەیە.
بە هەموو ئازار و تاسەکانەوە، ١٧ساڵ تێپەڕی… ١٧ساڵ!
خەڵکی بەڕێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
کاربەدەستانی ئەم ڕژێمە خەریکن وڵاتی دایکیمان کاول دەکەن، لاوەکانمان دەکوژن، لە سێدارەیان دەدەن یان توندی زیندانیان دەکەن. کانزا و سەرچاوە سروشتییەکانمان تاڵان دەکەن، ئابووریی وڵاتیان کاول کردووە، هەژاری و برسێتی هەموو قوژبنێکی گرتووەتەوە.
ئێوە تا کەی دەتانەوێت لە بەرانبەر ئەو کاولکارە بێڕەحمانەدا بێدەنگ بن؟!
تا کەی دەتانەوێت بە هەژاری و برسێتییەوە هەڵکەن؟!
تا کەی دەتانەوێت چاوەڕوانی وێرانبوونی وڵات و داهاتووی منداڵەکانتان بن و هیچ نەڵێن؟!
ئایا ئێمە شایستەی ئاوا ژیانێکی زەلیلانەین؟!
خەڵکی نازداری ئەم سەرزەمینە!
وەرن یەک بگرین و پێکەوە یەکدەنگ هاوار بکەین:
نا بۆ مرۆڤکوشتن، نا بۆ سێدارە، نا بۆ زیندان، نا بۆ هەژاری، نا بۆ برسێتی…
“ئەگەر بە دیتنی نادادپەروەری تووڕەیی دات دەگرێت، ئەوا هاوخەباتی منی”
چێ گیڤارا
زەینەب جەلالیان
زیندانی یەزد – ٢٥ـی شووباتی٢٠٢٥”