لە کەرکوک پێشانگایەکی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد کرایەوە
لە کەرکوکی باشووری کوردستان لە پێشەنگایەکدا لەژێر ناونیشانی (فرمێسکەکان دوای ٣٦ ساڵ بەردەوامیان هەیە) ئازارەکانی کەسوکاری ئەنفال و جینۆسایدی کورد نمایش کران.
لە کەرکوکی باشووری کوردستان لە پێشەنگایەکدا لەژێر ناونیشانی (فرمێسکەکان دوای ٣٦ ساڵ بەردەوامیان هەیە) ئازارەکانی کەسوکاری ئەنفال و جینۆسایدی کورد نمایش کران.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک لە باشووری کوردستان، بەمەبەستی یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال و جیۆسایدی گەلی کورد، لەژێر ناونیشانی (فرمێسکەکان دوای ٣٦ ساڵ بەردەوامیان هەیە) پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ فۆتۆگرافەر جەوهەر کانی هەنجیریی کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا بە لە ڕێگەی وێنەکانەوە ئازاری دایک و باوک و کەسوکاری ئەنفال و جینۆسایدکراوانی کورد نمایش کران، هەروەها لە پێشانگاکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان، چالاکوانان، کەسایەتی ڕۆشنبیر، نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندە ڕۆشنبییرکانی شارەکە ئامادەبوون.
پێشانگاکە لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردستانەوە ڕێکخرابوو، لە پێشانگادا ٣٦ تابلۆی فۆتۆگرافەری نمایش کران وەکو ئاماژەیەک بۆ تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد لە باشوور کوردستان.
جێگای ئاماژەیە فۆتۆگرافەر جەوهەر کانی هەنجیریی کەسوکاری ئەنفالە و خاوەنی نۆ کەسی ئەنفالکراوە لە بنەماڵەکەیدا، هەروەها ١٠١ کەس لە گوندەکەی بەر کۆمەڵکوژی بەدناوی ئەنفال کەوتووە.
سەبارەت بە پێشانگاکە، دیمەن محەمەد - لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنانی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) لە بارەی کار و چالاکیەکانیانەوە قسەیکرد و وتی: "ئێمە بیرمان لەوە کردەوە کە ئەمساڵ بۆ ٣٦ ساڵەی یادی جینۆسایدی بەدناوی ئەنفال ٣٦ وێنەی ڕاستەقینەی کەسوکاری ئەنفالکراوان نمایش بکەین کە ماوەی ٣٦ ساڵە فرمێسکەکانیان بەردەوامی هەیە. بۆیە هەوڵماندا ئازاری دایک و باوک و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکرێ بە تابلۆ و نمایشی بکەین کە لە ماوەی مانگی ڕابردوو تائیستا لە چەندین شوێن ئەو تابلۆیانەمان نمایش کردووە، بۆ نموونە لە سلێمانی، مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ، گۆپتەپە و داتر لە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق ئەم تابلۆیانەمان بۆ ماوەی دوو رۆژ نمایش کرد. لەئیستاشدا لە کەرکوک نمایشی دەکەین چونکە خەڵکی کەرکوکیش ڕووبەڕووی ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە بوونەتەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا دیمەن محەمەد جەختی لە گرنگی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەنفالکردەوە و وتی: "کە یادەکردنەوەی تاوانەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژکردنی کوردان تەنها بە شیوەن و گریان نابێت بەڵکو ئەکرێ بەجۆرەها ڕێگەی جیاواز یادبکرێتەوە لەنێوانیشیاندا ڕێگەی هونەر،فیلم، شانۆ و پێشەنگاوە ئەو تاوانانە بەبیربهێنینەوە و بە جیهانی بناسێنین کە چ جینۆسایدێکی گەورە دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراوە".