لە مانگێکدا ٥٥ کۆڵبەر بوونە قوربانی و ٥٤ چالاکوانی رۆژهەڵاتیش دەستبەسەرکراون

لەمانگی رێبەنداندا ٥٥ کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە قوربانی، ١٠ کورد لە سێدارەدراون، سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو زیندانی سیاسیدا سەپێندراوە و ٥٤ چالاکوانیش دەستبەسەرکراون.

بە گوێرەی ئاماری تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی رێبەندان (٢١ی کانونی دووەم تا ٢١ی شوبات) لانیکەم سێ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران لەناوچە سنووریەکانی پاوە، سەقز و بانە کوژراون و کۆڵبەرێکی دیکەش لە سنووری نەوسود لەئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ژیانی لەدەستداوە و لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوانیش کۆڵبەرێک بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە.

هەرلەو مانگەدا ٣٨ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لەناوچە سنووریەکانی پاڕێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ برینداربوون، دوو کۆڵبەریش لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە بریندارکراون. هەروەها ٨ کۆڵبەر بەهۆی رووداوی هاتووچۆ  و دوو کۆڵبەری دیکەش بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی برینداربوون.

سەبارەت بە ئاماری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ئاماژە بەوەکراوە، کە لەو مانگەدا ١٠ کورد کە چوار کەسیان زیندانی سیاسی بوون و کەسێکیشیان چالاکوانی ئایینی بووە لەسێدارەدراون و پێنج کەسەکەی دیکەس بە تۆمەتەکانی وەک بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و کوشتن ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

هەر لە مانگی رێبەنداندا دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی یوسف ئەحمەدی و محەمەد خزرنەژاد سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپێندراوە.

تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە دۆسیەی وەریشە مورادی (جوانا سنە) ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان (کەژار) کردووە کە دوای چەندین مانگ دەستبەسەری براوەتە بەردەم دادگا و تۆمەتی بەغی (چەکهەڵگرتن لە دژی دەوڵەت)ی دراوەتە پاڵ، بەمەش مەترسی ئەوە لەئارادایە کە سزای قورسی بەسەردا بسەپێندرێت.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە لەمانگی رێبەنداندا ٥٤ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی دەستگیرکراون و هەر لەو مانگەدا سزای جیاجیا بە سەر ١٢ چالاکواندا سەپێندراوە.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە گەنجێکی تەمەنی ١٨ ساڵی خەڵکی ئیلام بە ناوی محەمەد کومەیل زەندخانی کە لە میانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دووجار دەستگیرکرابوو، دوای ئاگاداربوون لەوەی سزای ١٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، لە بینایەکی شەش نهۆمیەوە خۆی خستووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.

بەشێکی دیکەی راپۆرتە تەرخان کراوە بە پێشێلکردنی ئازادی ئایینی لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو بارەوە ئاماژە بە دەستگیرکردنی سێ چالاکوانی ئایینی سوننە لە شاری بۆکان کراوە.

هەر لەو راپۆرتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باس لە بەردەوامی قوربانیبوونی هاووڵاتیانی دانیشتوانی ناوچەسنووریەکانی رۆژهەڵات کراوە بە مین و تەقەمەنیەکانی پاشماوەی شەڕی هەست ساڵەی ئێران و عێراق و لەو بارەوە ئەوە خراوەتەڕوو، کە بەهۆی تەقینەوەی مین لە شاری گیلان غەربی کرماشان دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش برینداربوون.

سەبارەت بە دۆخی کرێکارانیش ئەوە خراوەتەڕوو، کە لە مانگی رێبەنداندا لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد و کرماشان ٤ کرێکار لەئەنجامی رووداوەکانی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە.

هـ . ب