لە نسێبین بە بێ خوێندنەوەی پێوەرەکان هاوبەشانی کارەبا پارەی زیادەیان لێدەسەنرێت

کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا بەبێ ئەوەی بچنە گوندەکانی نسێبینی مێردین بە دەیان هەزار لیرە سزای دارایی بەسەر هاوبەشاندا سەپاند.

کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای دیجلە  (دەداش) بە بێ ئەوەی بچنە  ناوچەکە نزیکەی ٣٠٠ خانوو لە گوندەکانی داڵا، دێرێ و قانتری سەر بە نسێبینی مێردین،  بەشێوەی هەڕەمەکی لە نێوان ٢٢ بۆ ٣٥ هەزار لیرە هاوبەشانی کارەبایان غەرامە کرد. خەڵکی گوندەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە رێگەی کورتەنامە و پسوڵەکانەوە کە وەریانگرتووە، زانیویانە سزا دراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە گوندنشینەکانەوە دەستکەوتوون، دەداش پێوەرەکانی کارەبای نەخوێندووەتەوە و بە بیانووی 'بەکارهێنان و راکێشانی کارەبا بە شێوەی نایاسایی'، بەبێ ئەوەی بچنە گوندەکان، غەرامەیان بەسەردا سەپاندوون .

یەک لە دانیشتوانی ئەو گوندە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باسی لەوەکرد، کە بە بڕی زیاتر لە ٢٤ هەزار لیرە غەرامە کراوە.

دانیشتوانی ئەو گوندانە پەیوەندیان بە پەرلەمانتارانی مێردینەوە کرد و داوادەکەن ئەم بابەتە بخرێتە بەرنامەی کار لە پەرلەمان.

هـ . ب