لە شاری سلێمانی ئاهەنگێک بۆ مناڵانی ئۆتیزم ڕێکخرا

لە شاری سلێمانی لە لایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بە هاوکاری پەیمانگای ماد و کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان و فێرگەی میللی کوردستان ئاهەنگێک بۆ منداڵانی ئۆتیزم ڕێکخرا.

چالاکییەکە تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم ڕێکخرابوو، لە ناویدا کۆمەڵێک دیاری بە منداڵەکان بەخشرا و هاوکات چەندین موزیک و گۆرانیان پێشکەشکرا.

شنەویا محەمەد، بەڕێوبەری پەیمانگای ماد بۆ فێربوونی زمان و پەروەردە، هاوکات وەک ڕێکخەری ئاهەنگەکە، ئاماژەی بەوەدا کە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە منداڵانی ئۆتیزم و هەروەها وەک پەروەردەکارێک کە بڕوای وایە منداڵانی ئۆتیزم وەک هەموو مرۆڤێکی تر مافی ژیان و ئامادەبوون لەناو کۆمەڵگایدا هەیە، ئەم چالاکییەیان ڕێکخستووە تا دڵی منداڵەکان خۆشبکەن و هەست بە گرنگی خۆیان بکەن.

نیان عەبدوڵا، دایکی یەکێک لە منداڵەکان ئاماژەی بەوەدا، کە هەبوونی ئەم چالاکییانە بۆ منداڵەکانیان زۆر گرنگە، هەروەها ئاماژەی بە سەختی بەخێوکردنی منداڵی ئۆتیزم دا و گوتی: "لە ژینگەی ئاسایی دابڕاون و تا تەمەنێکی دیاریکراو دەتوانن لە خوێندنگەکان بەردەوام بن، دواتر هیچ جێیەکیان نابێت و ژیانێکی سەخت بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دروست دەبێت."

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر باری دارایی خێزانەکان باش بێت، لە فێرگە ناحکومییەکان دەتوانن لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی بەردەوام بن لەفێربوون، بەڵام زۆربەی خێزانەکان بە بۆنەی نەبوونی داراییەکی باش، ناتوانن بەردەوامی بە فێربوونی منداڵەکانیان بدەن.