لە تاقیکردنەوەکاندا ستەم لە خوێندکارانی ئامەد دەکرێت

بەڕێوەبەری لقی دووەمی ئەیتمسەنی ئامەد فەسیح زیرەک رایگەیاند کە ٤٠ هەزار خوێندکاری خەڵکی ئامەد ناچارن لە شارە جیاجیاکانەوە بەشداری تاقیکردنەوەی زانکۆ بکەن و جەختی کردەوە کە ئەوە پێشێلکردنی مافە.

هەفتەی داهاتوو لە تورکیا و باکوری کوردستان تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بەڕێوەدەچن. ژمارەی خوێندکاران کە بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵدا دەکەن بەراورد لەگەڵ ژمارەی ساڵی رابردوودا زیاترە. لە ئامەد ١٢٠ هەزار کەس خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە دەکەن. لەوانە ٤٠ هەزار کەسیان ناچارکراون کە لە شارە دوورەکان بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان سەرباری ئەوەی لە ئامەد بینای فەرمانگە میری، خوێندگە و شوێنەکانی هاوشێوەی ئەوانە بۆ تاقیکردنەوەکان هەیە، بەڵام رایگەیاندووە کە  ئەو خوێندکارانە دەبێت لە ئەنقەرە، سێواس، دیلۆک، قبرس و شارە دوورەکانی دیکەی وەک ئەوان بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن.

بەڕێوەبەری لقی دووی سەندیکای خەباتکارانی زانست و پەروەردە (ئەیتم سەن) لە ئامەد، فەسیح زیرەک باسی لەوەکرد کە لە دژی ئەو ستەم و ندادپەروەریە ئەوان هەنگاوی پێویستیان هەڵگرتووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە سەردانی کاربەدەستانیان کردووە. زیرەک وتی "لە ئامەد زیاتر لە ٤٠ هەزار هاوڕێی خوێندکارمان لە شارە جیاجیاکان بەشداری لە تاقیکردنەوەی زانکۆ دەکەن لە ناو ئەو هاوڕێیانەماندا هەندێک دەبێت لە قوبرس بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن. ئەمە ناحەقی و ستەمێکی بەرچاوە.".

لەبارەی ٥ هەزار کەسەوە دەستوەردان کرا

زیرەک ئەوەشی خستەڕوو کە ئەزمونەکانی زانکۆ کاریگەری یەکجار زۆر دەکاتە سەر ژیانی مرۆڤەکان و وتی، "رێگەیەکە کە گەنجانمان هیواکانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. ئەزمون و تاقیکردنەوەکانیش دەکرێت بە جیا هەڵبسەنگێندرێن، ئەمە بابەتێکی جیایە، بەڵام هەموو خوێندکارانی دواناوەندی بە گوێرەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ وەردەگیرێن. دۆخی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی خوێندکارەکانمان بەهۆی بومەلەرزەوە روون و لەبەرچاوە. لەوەها دۆخێکدا قەبوڵمان نەکرد کە ئەو بارگرانیە لە خوێندکاران زیاد بکرێت و سەبارەت بەوە ئێمە سەردانی پەروەردەی نیشتمانیی شارەکەمان کرد. لەئەنجامیشدا بڕیارەکە بۆ پێنج هەزار خوێندکار پێداچوونەوەی پێداکرا، بەڵام ئەوە بەس نییە. دوای سەردانەکەی ئێمە ٢٣ خوێندنگەی جیاجیا لە ئامەد سەرلەنوێ وەک ناوەندی تاقیکردنەوە راگەیەندران. تاقیکردنەوەکان لەوێ دەکرێن، بەڵام ئەمە بەس نییە".

هـ . ب