باری نائاسایی (ئۆهال) لە دوای ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە جۆلەمێرگ و وان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرەرای ئەوەی کە بە فەرمی کۆتایی هاتووە بەلام بە پراکتیکی باری نائاسایی بەردەوامە. ماوەی ٧ ساڵە، لەو دوو شارە جگە لە کاری دامودەزگاکانی حکومەت و دەوڵەت هەموو کارەکانی تر قەدەغەیە.
جۆلەمێرگ یەکێکە لە شارەکانی باکووری کوردستان کە سیاسەتی شەڕی دەوڵەتی تورکی تێدا جێبەجێ دەکرێت، ئازادی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر کراوە. لە شاری جۆلەمێرگ کە ئۆهال بەڕێوەی دەبات، لە هەموو شەقامێکدا باندێکی چاودێری دانراوە، لە لوتکەی هەموو گردێکدا بنکە و بارەگای سەربازی دروستکراوە. ناوەندی شاری جۆلەمێرگیش بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەورە دراوە. دوای ئەوەی کە شارەوانی جۆلەمێرگ لەلایەن قەیومەوە دەستی بەسەردا گیرا، کراوە بە بنکەیەکی سەربازی و لە خەڵک قەدەغە کراوە. ناوەندی شار بووە بە زیندانێکی سەرکراوە. باری نائاسایی تەنها لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و دەورووبەری نییە، بەڵکو کێڵگە و ناوچە کشتوکاڵییەکانیش کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەن بۆ ئەوانیش باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە، لە ژێرناوی 'ناوچەی ئەمنی تایبەت' قەدەغە کراوە. بەم شێوەیە هەوڵدرا کۆتایی بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ بهێندرێت. دەروازە سنوورییەکانی گەڤەر، شەمزینان و چەلێ داخراون و قەدەغەکراون. دەسەلاتدارانی ئاکەپە-مەهەپە بە مەبەستی بڕینی سەرچاوەی بژێوی خەڵکی جۆلەمێرگ کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بازرگانی گەیاندووەتە ئاسێک کە دەتوانین بلێن کۆتاییە، تەنها لەبەر ئەوەی گەلی جۆلە مێرگ سەر لە بەرامبەر دەولەت شۆرناکەن و ناچەمێنەوە.
وان ئامانجی دەسەلاتدارانە
وانیش وەک جۆڵمێرگ بووە بە یەکێک لەو شارانەی کە هەمیشە ئامانجی دەسەلاتی ئاکەپە-مەهەپە یە. دەسەلاتی ئاکەپە-مەهەپە هەرچەندە لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و گشتییەکاندا هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا، نەیتوانی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت کە مەبەستی بوو. سەرەڕای گوشار و هەڕەشەکان، گەلەکەمان لە وان پشتیان لە ئیرادەی خۆیان نەکرد و ملکەچی دەسەلات نەبوون. بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی وان، دەولەتی تورک ٧ ساڵە باری نا ئاسای لەو شارەدا ڕاگەیاندووە و شارەکەی خستۆتە دەستی ئۆهال و قەیوم، ئەوان شارەکە بەڕێوەدەبەن. ئاکەپە کە دەستی بەسەر شارەوانییەکاندا گرت، هەموو ئەو خانووانەی فرۆشت کە موڵکی شارەوانی بوون. بە هەزاران کرێکاری کورد لە شارەوانی کاریان دەکرد، لە کارەکەیان دەرکراون: خەڵکی شارەکانی ترابزۆن، ئۆردو، قەیسەری و یۆزگاتیان هێنا و لە شارەوانی دامەزرێندران.