لە ئامەد داوای ' مافی چارەی خۆنووسین' کرا
لە ئامەد ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسیەکان لە یادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزاندا کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد و داوای مافی چارەی خۆنووسینیان کرد.
لە ئامەد ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسیەکان لە یادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزاندا کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد و داوای مافی چارەی خۆنووسینیان کرد.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، دەدەکەدە، جوڵانەوەی ئازادی، کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (دەتەکە)، پارتی ئازادی، پارتی چەپی سەوز، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پەدەکەتە)، پارتی مرۆڤ و ئازای (پیا)، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە)، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد و کۆمەڵەی شێخ سەعید کۆبوونەوە و لە ساڵڕۆژی پەیمانی ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ی لۆزان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمرۆ سەدەم ساڵەی پەیمانی لۆزانە! ناونیشانی رۆژێکی رەشە کە رێگە لە بەردەم رەتکردنەوە، نکۆڵی و جینۆسایدی سەد ساڵە لە سەر گەلی کورد کردەوە!
سەد ساڵە دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی کوردان رێککەوتوون لەسەر ئەوە کوردستان بکەنە چوار پارچە. پەیمانی ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ی لۆزان بۆ کوردەکان بە واتای تاریکی، ستەمی بۆکۆتایی، جینۆساید و کۆمەڵکوژییە. بەر لە هەموو شتێک پەیمانی لۆزان لە نوێنەرایەتی گەلەکەمانی تێدانەبوو و ئیرادەکەی پشتگوێخرا و ئەوانەشی کە پەیمانەکەیان واژۆ کرد، بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئەو پەیماننەمان قەبوڵ نەکردووە و ناشیکەین. بە ئامانجی بە دەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیی گەلەکەمان، تێکۆشانی ئێمە تا هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان بەردەوام دەبێت.
ئەو کەمالیستانەی لە پرۆسەی رووخان و هەڵوەشانەوە ئیمپراتۆری عوسمانیدا لە سەر ناوی ئایین داوای پشتیوانی کوردیان کرد، باسیان لەوەکرد کە ئەو دەوڵەتەی دادەمەزرێت دەوڵەتی هاوبەشی تورک و کوردانە و رایانگەیاند کە لە لۆزان نوێنەرایەتی تورک و کورد دەکەن، دوای واژۆکردنی پەیمانی لۆزان هەموو بەڵێنەکانیان لەبیرکرد. حکومەتی ئەنقەرە کە لەرێگەی پەیمانی لۆزانەوە هەبوونی خۆی بە فەرمی ناساند، دوای سێ مانگ لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ کۆماری راگەیاند. راگەیاندنی کۆمار رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن بەرامبەر بە کوردی بە فەرمی ناسی. کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای تاکپەرستی و نەژادپەرستی، لە سەر بناغەی تورکبوون دامەزرا، بە بێ لەبرچاوگرتنی فرەپێکهاتەیی، فرەکولتوری و فرە ئایینی ئەو جوگرافیایەی لەسەری دامەزراوە.
لە دەستوری هەمیشەییدا کە ساڵی ١٩٢٤ داڕێژرا، جێگە بۆ چەمکێکی هاووڵاتیبوون کرایەوە کە نکۆڵی هەبوون، زمان و کولتوری گەلی کورد دەکرد و هەموو ئەوانەی لە تورکیا دەژیان وەک تورک دادەنا. پلانی چاکسازی رۆژهەڵاتی (شارک ئیسلاحات) کە لە ساڵی ١٩٢٥ راگەیەندرا، لەلایەکی دیکەوە بووە بناغەی رژێمی سەربازی. پشکنەری گشتیی و سیستمی دۆخی نائاسایی کە سەد ساڵە لە کوردستان بەردەوامە، زمانی کورد بە فەرمی قەدەغەکرد، بۆ ئەوەی ئامانجەکانیشی بپێکێتم پلانی بۆ کۆمەڵکوژی دانا.
رژێمی کەمالیست کە لە کادرەکانی کۆمیەی ئیتحاد-تەرەقی پێکدەهات لەسەردەمی کۆماریشدا درێژەیان بە سیاسەتەکانی بەتورککردن و ناوەندگەراییدا کە عوسمانییەکان لە ساڵانی ١٨٥٠ەوە دەستیان پێکردبوو. رژێمی کەمالیست سەرهەڵدان و بەرخودانەکانی ئازادیی نەتەوەیی ١٩٢١ی کۆچگیری، ١٩٢٥ی شێخ سەعید، ١٩٢٨-١٩٣٠ ئاگری، زیلان، ١٩٣٨ دێرسیم، کۆمەڵکوژی لەنێویاندا، بەهەموو شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتی کردن. سیاسەتی جینۆسایدی کولتوری لە دژی زمان و کولتوری کوردی کە سەد ساڵ درێژەی کێشا، پەیڕەوی کرد.
ئەم سیاسەتە سەد ساڵەیەی چەسپاندن و بە ستاندەرکردنی نەژادپەرستی بە شێوەی و ئامرازی جیاجیا وەک ستراتیژی دەوڵەت پارێزگاری لێدەکرێت، هەرگیز جەوهەر و ناوەرۆکەکەی نەگۆڕاوە. لە ساڵی ١٩٥٩ دۆسیەی ٤٩کان؛ دوای کودەتای ٢٧ی ئایار، لە سێواس رۆسنبیران، سیاسەتمەداران و سەرۆک هۆزەکانی کورد دەستگیر و دادگایی کران؛ کودەتای سەربازی ١٩٨٠ کە راستەوخۆ سیاسەتی کوردی کردە ئاامنج، دڕندایەتی لە زیندانی ئامەد و کۆمەڵکوژیەکانی ساڵانی ١٩٩٠ و کۆچبەرکردنی زۆرەملێ ملیۆنان کەس لە رێگەی سوتاندنی گوندەکان و ئاوارەکردنی گوندنشینان بەرەو گەورەشارەکان و شارەکانی دیکە هەندێک نمونە بۆ ئەوە.
لەمڕۆشدا هێرشەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بەردەوامە. لە باکووری کوردستان بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلەکەمان بۆ بەڕێوەبردنی خۆجێیی، قەییوم دادەنرین، پارتە سیاسیەکان لە رێگەی هەڕەشەی داخستنەوە گەمارۆ دەدرێن، لە دژی کادرە سیاسیەکان بێ پسانەوە ئۆپراسیۆن بەڕێدەبرێن، سیاسەتی گۆشەگیری توند کە هەموو یاساکان پێشێل دەکات، بەڕێوەدەبرێت.
سەرباری هەموو ئەوانەش تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی گەلەکەمان بێ پسانەوە بەردەوامبوو و بە هەمان بڕواشەوە بەردەوام بێت.
گەلەکەمان سەرەڕای هەموو هێرش و کۆمەڵکوژیەکان لە چوارپارچەی کوردستان درێژە بە تێکۆشانی ئازادی دەدات. گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بووەتە خاوەنی قەوارەیەکی فیدڕاڵ. لە باشووری رۆژئاوای کوردستان گەلی کورد لە سەر رێگەی ئازادی لەبەردەم دەرفەتی گرنگدایە. ئێمە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی فەرمی و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لە سەر بناغەیەکی فیدڕاڵی دیفاکتۆ وەک دەستکەوتی گرنگ دادەنێین. دامەزراندنی حکومەتە فیدڕآڵەکان بۆ ئازادیی نەتەوەیی گەلەکەمان و بۆ ئیدانەکردنی پەیمانی ١٩٢٣ی لۆزان هەنگاوی گرنگن. لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستان گەلەکەمان لە تێکۆشانی رزگاری نەتەوەییدا سەنگەری گرنگی بەدەستهێناون.
لەم قۆناغەدا تاکە کلیلی ئازادی نەتەوەیی گەلی کورد یەکێتی نەتەوەیی بەرفراوان، دیالۆگ و یەکگرتنە. بالەبیرمان نەچێت کە گەلی کورد لە قۆناغی لۆزاندا بە قورسی لەبەر ئەوەی نەتوانی هاوپەیمانی نەتەوەیی سازبکات زیانی بەرکەوت و دۆڕاندی. سەدەی ٢١ەمین کە ئێمە تیایدا دەژین، ئێمە دەتوانین بە سیاسەتێک کە هاوپەیمانی نەتوەیی سازبکات، بازنەی دۆستایەتی فراوان بکەین و بازنەی دوژمن تەسک بکەیەنەوە. سیاسەتی کورد بەو رێبازانە دەتوانێت دەتوانێت بەربەست و لەمپەرەکان لە بەردەم ئازادی لاببات و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و پەیمانی لۆزان پوچەڵ بکاتەوە.
ئێمە داوا لەو دەوڵەتانە دەکەین کە پەیمانی لۆزانیان واژۆکرد، بە تایبەت داوا لە بەریتانیا و فەرەنسا دەکەین وەک دوو وڵات کە رۆڵی سەرەکیان لەوەدا هەبووە کە لە سەرەتای سەدەی رابردوودا کوردستان بۆ دوەم جار دابەش بکرێتەوە و گەلی کوردیشیان بێ قەوارە هێشت و پەیمانی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣یان واژۆکرد، دەبێ ئەو دەوڵەتانە داوای لێبوردن لە گەلەکەمان بکەن و پشتیوانی لە تێکۆشانی ئێمە بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی پەیمانی لۆزان بکەن.
ئێمە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگا نێونەتەوەییەکان دەکەین کە پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلەکەمان لەپێناو چارەسەری دۆزی نەتەوەیی و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان بکەن.
گەلی کورد دەیەوێت سەدەی داهاتوو لەگەڵ گەلانی هەرێمە، بە تایبەتی گەلانی تورک، فارس و عەرەب لەسەر بنەمای مافی یەکسان لە هەموو روویەکەوە، بژی. بۆ ئافراندنی هەلومەرجی پێکەوەژیان، نەک بە نکۆڵی و رەتکردنەوە، بەڵکوو بە بەفەرمی ناسینی وڵات، ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە سەر بنەمای قەوارەی سیاسی و جوگرافیایی یەکسان تێدەکۆشێت.
بانگەوازمان بۆ دەوڵەتی تورک بەم جۆرەیە؛ سەد ساڵە وتەکانی وەک ' ئێمە پێکەوە کۆمارمان دامەزراند، کورد و تورک دوو کۆڵەکەی دامەزراندنی کۆمارن، برایەتی هەزار ساڵە لەنێوانماندایە' دوبارەدەکەنەوە، لە بری ئەو قسانە دەبێت پێداویستییە یاساییەکانی ئەو برایەتیە دەستەبەر بکەن. لە بری سیاسەتی شەڕ و نکۆڵی، لەپێناو چارەسەری پرسی کورد بە رێگەی ئاشتیانە و دیموکراتیک هەنگاو بنێن. لە دەستوورێکی هەمیشەیی نوێدا هەبوونی گەلی کورد و مافەکانی کە هەڵقوڵایی نەتەوەبوونن، بە شێوەیەکی فەرمی بیانناسێنن.
گەلی کورد مافی ئەوەی هەیە کە لە وڵاتەکەی خۆیدا لە کوردستان بە ئازادی و بە شکۆمەندانە بژی و ئەمەش مەرجی ئاشتی و ئارامی ناوچەکەیە".
هـ . ب