لەبەردەم شارەوانی سێرت کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ئەنجامدرا

هاوسەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی سێرت کە دەستی بەسەردا گیراوە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنیان لەبەردەم بینای شارەوانی ئەنجامدا.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی

چالاکییەکان دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی سێرت بەردەوامە. هاوڵاتیان لەبەردەم شارەوانی کۆبوونەوە و درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "قەیوم دزە" و "ژن ژیان ئازادی"یان بەرزکردەوە. هاوسەرۆکانی شارەوانی سێرت کە قەیوم لە شوێنیان دانراوە و پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون.

هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت محەمەد قەیسی ڕایگەیاند ٢٠ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی لە پشکی دەم پارتی و ١١ ئەندام لە پشکی ئاکەپە هەن، ئەندامانی ئاکەپە ڕێگەیان نەدا ئەندامانی دەم پارتی بچنە نێو شارەوانی، داوای کرد ئەم کارە نایاساییە بوەستێنرێت.

هاوسەرۆکی شارەوانی سۆفیا ئالاگاش ڕایگەیاند لە جیهاندا ژنانی کورد ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن و بوونەتە هیوای هەمووان، گوتی: "زیهنیەتی قەیوم هێرشە دژی هاوسەرۆکایەتی. هێرشە دژی دەسکەوتەکانی ژنان. قەیوم کۆڵۆنیاڵیستە. هێرشە دژی کەلتوور و زمان".

سۆفیا ئالاگاش ڕایگەیاند درێژە بە کاری خۆیان دەدەن و بڕیاری دانانی قەیوم قبووڵ ناکەن.

پاشان کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەستی پێ کرد، دانانی قەیوم بووە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکە.

کۆبوونەوەکە بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" کۆتایی هات.