لەدژی گەندەڵیەکانی شاروانی کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا

گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەلایەن گروپی شەقام ئەنجامدارا دژ بە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشآک و شارەوانی کەرکوک بە گەندەڵ تۆمەتبار دەکەن.

ئەمرۆ لە شاری کەرکوک، ڕێگای بەردەم شارەوانی کەرکوک لەلایەن ئەندامانی گروپی شەقام بۆ داکۆکیکردنی لە مافی هاوڵاتیانی کەرکوکەوە داخرا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی ئەو گەندەڵیەی کە لە شارەوانی شارەکە بوونی هەیە و بۆتە هۆی خراپی دۆخی شارەکە لەلایەن پاک و خاوێنێ و کەلەکە بوونی خۆڵ و خاشاك بەشێوەیەکی بەرچاو کە سیمای شارەکەی ناشرین کردووە.

جێگای باسە سەرەرای کۆنەکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەلایەن شارەوانی کەرکوکەوە پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان کۆدەکرێتەوە لە رێگەی مۆلیدە ئەهلیەکان و لە رێگای کۆکردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان، هەروەها شارەوانی کەرکوک تەنها شارەوانیە لە عێراق کە کارمەندانی پاککردنەوەی شاری نیە و گرێبەست لەگەل کۆمپانیای ئەهلی دەکات بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.

ساماڵ جەبار بازیانی ئەندامی گروپی شەقام لە شاری کەرکوک، سەبارەت بە گردبوونەوەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و وتی: "لە کەرکوک دیاردەیەکی ناشرین سەری هەڵداوە ئەویش دیاردەی کەلەکەبوونی خۆڵ و خاشاکە لە شارەکە، سەرەڕای کەلەکەبوونی خۆڵ و خاشاک لە شارەکە لە چەند لایەنێکەوە وەکو مۆلیدە ئەهلیەکان و فەرمانگەی ئاو و کۆمپانیای ئەهلی کە بەردەوامن لە وەرگرتنی پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیانی شارەکە، ئێمەش لەدژی ئەم گەندەڵیە گردبووینەتەوە و شەقامی بەردەم شارەوانی کەرکوکمان داخستووە."

هەروەها ساماڵ جەبار بازیانی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وتی: ''لە ئەمرۆدا کۆمپانیای سێبەر(وەهمی) هەیە بەناوی هەڵگرتنی خۆڵ و خاشاک پارە لە هاوڵاتیانی شارەکە وەردەگرێت بۆیە ئێمەش وەکو داکۆکارێک لە مافی هاوڵاتیانی شارەکە داوای نەمانی ئەم دیاردە ناشرینە دەکەین کە شێوەی شارستانی شارەکە دەشێوێنێت و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەنگی خەلکی کەرکوکەوە بێن.''

ز.ش