له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتدا ٥٠ كه‌س كوژراون

رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ دژی كوژرانی ژینا ئه‌مینی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران ٥٠ كه‌س كوژراون. هه‌روه‌ها راگه‌یه‌نرا كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریش ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران ئاماری ٧ رۆژی خۆپیشاندانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران كه‌ له‌ دوای كوژرانی ژینا ئه‌مینی له‌ تاران له‌لایه‌ن "پۆلیسی ئاكاری"  ده‌ستیان پێكرابوو، بڵاوكرده‌وه‌.

٥٠ كه‌س كوژراون، ژماره‌یه‌كی زۆریش برینداربوون

رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ٥٠ كه‌س كوژراون و ژماره‌یه‌كی زۆریش ده‌ستگیركراون.

تادێت خۆپیشاندانه‌كان به‌ربڵاوتر و گه‌وره‌تر ده‌بن. راگه‌یه‌نرا كه‌ لانیكه‌م له‌ ١٨٠ شاری گه‌وره‌ و بچوك خه‌ڵك رژاونه‌ته‌ شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ شاره‌كانی بابۆل، ئامۆل و رزوانشار له‌ باكوری ئێرانیش چه‌ند چالاكوانێك كوژراون.

به‌ چه‌ك ده‌كرێنه‌ ئامانج

رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران باسی له‌وه‌كرووه‌، كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ ده‌مانچه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج.

هه‌روه‌ها رێكخراوی مافه‌كانی كرۆڤی ئێران داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كرد كه‌ له‌ دژی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵوێستی خۆیان نیشان بده‌ن.

هـ . ب