ئەمرۆ رۆژی شەممە، لە کتیبخانەی "ڕێگای(الکائنة)"لە شەقامی کۆماری شاری کەرکوک، لەچوارچێوەی (پرۆژەی یەکسانی) بە ئامادەبوونی کەسایەتی کاکەیی، ئێزدی، سائیبی، ئیسلام و کریستیان دیبەیتێکی تایبەت بە گفتۆگۆکردن دەربارەی ئایینە جیاوازەکان و پێکەوەژیانیان سازکرا، هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا پێشەنگایەکی تایبەت بە پێکەوەژیان کرایەوە،
هەروەها لە چالاکییەکەدا گۆرانی بە زمانە جیاوازەکانی شارەکە پێشکەش کرا کە تیدا گرنگی بە روحی پێکەوەژیان درا.
نور حسێن رێکخەری پرۆژەی یەکسانی لە کەرکوک سەبارەت بە چالاکییەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF وت،"ئێمە پێشتر چالاکی زۆرمان ئەنجامداوە لەم جۆرە، چالاکی ئەمرۆش لەژێر ناونیشانی (پێکەوە بۆ بنیادنانی ئاشتی)یە، ئامانج لەم چالاکییە بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵگای کەرکوکە چونکە کۆمەڵگای کەرکوک کۆمەڵگایەکی جوانە بەهۆی ئەوەی کە چەندین ئایین، بیروباوەرەو پێکهاتەی جیاوازی تێدا دەژێن."

هەروەها نور حوسێن ئەوەشی راگەیاند، ئەمرۆ بە بەشداری زەردەشتی، ئێزدی، کاکەیی، سائیبی مەندانی، ئیسلام و کریستان، ئەم چالاکییە لەژێرناونیشانی (پێکەوە بۆ بنیادنانی ئاشتی) بریتییە لە گوفتۆگۆیەک بۆ ناساندنی زیاتری ئایین و بیروباوەر و هێماکانیان لە شارەکە، ناساندنی ئەو بیروباوەرانە دەبێتە هۆی ئەوەی هۆشیاری زیاتر دەربارەی ئەو بیروباوەرانە دروست بێت تا هیچ دەمارگیریەک دروست نەبێت بەهۆی هەڵە تێگەیشتن."
لە کۆتایی قسەکانیدا نور حسێن وتی: "ئەم جۆرە چالاکی و گفتوگۆیانە دەبنە هۆی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کەرکوک، هەروەها لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەمان کردنەوەی پێشەنگایەکی شێوەکارییە دەربارەی یەکسانی و پێکەوەژیان و ئازادی بیروباوەر، بۆیە بەشێوەیەکی جوان لە ڕێگەی تابلۆکانەوە هێما و ئایئنە جیاوازەکانی شارەکە دەناسرێن، هەروەها گۆران و هەڵپەرکێ بە چوار زمانی کوردی، تورکمانی، عەرەبی و سریانی بەرێوەدەچێت."
ف.ق