مامۆستایانی ناڕازی لە کەرکوک: "حزبە کوردییەکان کڕین و فرۆشتن بە مامۆستایانی خوێندنی کوردی دەکەن"

پەروین فاتیح : "ئەو مامۆستا ستەملێکراوانە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە رووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و گۆڕانی دیمۆگرافی بوونەتەوە".

دوێنێ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانیی عێراق لە کەرکوک ئەنجامدا، مامۆستایان دەلێن: "ئەم گردبوونەوەیە وەکو ناڕەزایتیەک بەرامبەر بەو هەڵوێستە شۆڤێنییەی کە هەندێک لایەنی نێو پەرلەمانی عیراق دژبە رەتکردنەوەی گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژانی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ سەر ناوەند کردیان.

 لە گردبوونەوەکەدا مامۆستایان داوایان لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق کرد، کە بڕیاری گواستنەوەکەیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، و چیتر ئەو زوڵم و ناحەقییەی کە چەندین ساڵە بەرامبەریان دەکرێت هەڵگیرێت، و ماف و شایستەکانیان هاوتای مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوەند بکرێت.

 لە گردبوونەوەکەدا مامۆستایەکی ناڕەازی دەلێت: "حزبە کوردییەکان کڕین و فرۆشتن بە مامۆستایانی خوێندنی کوردی دەکات، پێشتریش وەیزی خوێندنی عیراق هۆکاری نەگواستنەوەی ڕاژەکانمانی بۆسەر گەڕاندەوە بۆ سێ هۆکار گەڕاندەوە کە بریتین لەوەی کە حزبە سیاسیەکان قەبوول ناکەن بگوازرینەوەی سەر حکومەتی ناوەندی عێراق چونکە دەیانەوێت مامۆستایان بەکار دەهێنن بۆسەر سندوقەکان لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها یەکێتی مامۆستایان تاوانبارن چونکە پیان وایە لە ئەگەری گواستنەوەی ڕاژەکانمان بۆسەر حکومەتی بەغدا ئەوە ئەبینە ئەندامی سەندیگای مامۆستایانی عێراق، هەروەها سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە تا لەکاتی گواستنەوەمان بۆ بەغدا ئەو پارەیە بگەڕیتەوە".

هەروەها مامۆستا پەروین فاتیح سەرپەرشتیاری یەکەی سەرپەرشتیاری مامۆستایانی کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەناوی مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند: "کارێکی ئەنجومەنی نوێنەران راستیەکی ترسناکی ئاشکراکرد، بە سزادانی توێژی بیرمەندان و کارمەندانی بواری پەروەردە لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان".

 هەروەها مامۆستا پەروین فاتح ڕاشیگەیاند: "رێگرتن لە دەنگدان بە بڕگەی ٢١، لە کارنامەی حکومەت، کە تایبەتە بە راژەی گواستنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژانی خوێندنی کوردی، لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ستەمێکی گەورەیە، ئەم کارە قبوڵ نەکراوە، چونکە ئەو کارمەندانە لە بنەڕەتدا نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە رووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و گۆڕانی دیمۆگرافی بوونەتەوە، هەروەها قوربانی دەستی رژێمی بەعسی لە ناوچوون، ئەو سیاسەتە چەوتانە جارێکی دیکە بەعس دەهێنێتەوە بیرمان لە شاری کەرکوک".

 لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا دلڤان ئەکڕەم کە مامۆستایەکی ناڕازییە بوو بەشداری گردبوونەوەکە بوو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بەشداریمان کرد لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەدژی ئەو ستەمەی لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی دەکرێت لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان)، ئێمە ئەمرۆ لێرەدا بە سەدان مامۆستا گردبووینەتەوە و داواش دەکەین ئەو بڕگەیەی یاساییە بگەڕیتەوە کە تایبەتە بە گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێراق".

 لە کۆتایدا مامۆستا دلڤان ئەکڕەم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتیشی: "ئەمە یەکەم خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی نیە کە ئێمەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی ئەنجامی دەدەین کۆتا گردبوونەوەش نابێت بەردەوام دەبێن تا داواکارییەکانی مامۆستایانی خوێندنی کوردی جێبەجێ دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافە ڕەواکانی مامۆستایان".

هـ . ب