ماوەی ٦٩ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بەردەست نییە

ماوەی ٦٩ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لە سەر ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد کە لەلایەن پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە)وە ڕفێندراوە، بەردەست نییە.

هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم بۆ سەردانی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب چووەو ڕۆژئاوای کوردستان. لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا، لە کاتی گەڕانەوەی لە دەروازەی پێش خابوور (سێماڵکا)ــــەوە لە دیوی باشوور، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێندرا و ماوەی ٦٩ ڕۆژە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە بەردەست نییە.

دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک ڕایگەیاند، کە گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد 'بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە نەبووە' و بە ئاشکرا هەڕەشەی سزادانی ڕۆژنامەنووس سلێمانیان کردووە و دانیان بەوەدا ناوە کە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کاری ئەوان بووە. سولەیمان ئەحمەد نزیکەی ٥ ساڵە وەک ڕۆژنامەنووس لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز کاردەکات.

ڕۆژنیوز داوای کرد دەستبەجێ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت.