مێرمنداڵێکی کورد لە ئەنجامی ئەشکەنجە هێزەکانی دەوڵەتی ئێران گیانی لەدەستدا

مێرمنداڵێکی کورد کە لەکاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر و ئەشکەنجەدرابوو، بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە نەشتەرگەری بۆکرابوو، لە کاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئێران بەرزین حەمزەزادە کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە لەکاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەرکرابوو، لە کاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستداوە.

راگەیەندرا کە بەرزینی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت بووە و لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەرکرابوو.

بنەماڵەی بەرزین حەمزەزادە رایگەیاندبوو، کە بەر لە دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیان هیچ نەخۆشیەکی نەبووە. ئەوەش راگەیەندراوە، کە لەکاتی دەستبەسەریدا بەرزین حەمزەزادە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا ٣ جار لە هۆش خۆی چووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان بەرزین لە ئەنجامی ئەو لێدان و ئەشکەنجەیە و بەهۆی ئەو زەبرەی بەری کەوتبوو نەشتەرگەری بۆکرابوو، بەڵام لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا گیانی لەدەستداوە.

هـ . ب