لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک، کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا بۆ سەر ناوچەى ئاڤاشین، مام رەشۆ یەکێک لەو بەرانە بوو، کە زۆرترین پێشەنگایەتیی بۆ هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس لە دژی داگیرکەران کرد. ٧ گەریلا لە سەنگەر و تونێلەکانی شەڕدا لە شاخی مام رەشۆ لە دژی هەزاران سەربازی سوپای تورک و تەکنەلۆژیای سەربازی و گازی ژەهراوی و کیمیایی بەرەنگاری و بەرخودانیان دەکرد. ١٠ رۆژ لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک، کە هیچ جۆرە پێوەر و ئەخلاقێکی شەڕیان تیادا نەبوو، بەبێ دوودڵی و لە هەموو بەرەکاندا بەرخودانیان کرد. فەرماندەی ئەو بەرخودانە کامەران ئالپسار ناسراو بە (سەرحەد گراڤی) بوو.
سەرحەد گراڤی ساڵی ١٩٨٩ لە جۆلەمێرگ لە دایکبووە. یەکێک لە رۆڵە قارەمانەکانی عەشیرەتی گراڤی بوو، کە لە ساڵی ٢٠١١ بەشداری ریزەکانی تێکۆشان و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بوو. زۆربەی هەرە زۆری ژیانی گەریلایی لە زاگرۆس و لوتکەکاندا بەسەر برد. لەو ساڵانەدا بە تایبەتی لە شەڕ و تێکۆشانی لە ئاڤاشین، بە بەردەوامی لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا بوو. لە زاگرۆس فێری بەرخودان، فێری گورزلێدان لە دوژمن بووبوو. لە هەلومەرجی قورس و دژواردا فێری ژیانی گەریلایی بوو بوو و بوو بووە فەرماندە سەرحەد. هەر چۆن مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات کارکتەری ئەو جوگرافیایە وەردەگرێت، کە تیایدا دەژی، فەرماندە سەرحەدیش وەک زاگرۆس سەربڵند و بەهێز بوو، وەک جوگرافیاکەی بەرخودێر و خۆڕاگر بوو. سەرحەد گراڤی لە هەر هەنگاوێکیدا گولـلەکانی لە دوژمن دەدا و زۆر زووتر لەوە چاوەڕێ دەکرا بوو بووە زاگرۆسی، زاگرۆسیش هەموو رۆژێک زیاتر لە رۆژێکی تر لە ئامێزی خۆیی دەگرت.
چارەنووسی هەڵمەتەکەی گۆڕی
کاتێک سوپای تورک لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ لە ناوچەى ئاڤاشین دەستی بە ئۆپراسیۆنکرد، سەرحەد گراڤی لە ناوچەى مام رەشۆ فەرماندەی ناوچەکە بوو. کاتێک سوپای تورک سەربازەکانی لە مام رەشۆ دابەزاند، سەرحەد گراڤی لەسەر بێتەل بە هێزەکانی ئەیالەتی ئاڤاشینی وت، "بە دڵنیاییەوە مام رەشۆ بۆ دوژمن دەبێتە گۆڕستان". سەرحەد بەو بڕیار و پێداگری و ئیرادەیەوە لە یەکەم هەنگاودا دۆخی ئۆپراسیۆن و چارەنووسی ئەو هەڵمەتەى گۆڕی. سەرحەد لەلایەک فەرماندەیی ئەو شەڕانەى دەکرد، کە لە تونێلەکاندا ئەنجام دەدران و لەلایەکی ترەوە ورەی بە هەموو هێزەکانی گەریلای تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەدا. فەرماندەی خۆڕاگر و بەرخودێر و ئەفسانەیی سەرحد و گەریلاکان لە ژێر بەڕێوەبەریی ساریا دیار، رووکەن زاگرۆس، کامەران ئامەد، جانفیدا حەسەکە، زەفەر تۆڵهەڵدان و خەبات ئاسۆ لە شەڕی ١٠ رۆژەدا لە سەنگەرەکانی شەهید مونزوردا یەکگرتوویی و کۆبوونەوەی ئیرادە و ورەی پۆڵاین و رۆحی ئاپۆیی بوون.
بێچارەیی سوپای تورک
سوپای تورک لە بەرخودان بە پێشەنگایەتیی فەرماندە سەرحەددا بێچارە بوو بوو. هەموو ئەو شێوازانەى کە تا ئێستا لە هیچ شەڕێکدا بەکاری نەهێنابوو، بۆ ئەوەى گەریلاکانی ناو تونێلەکان رادەست بکات، هەموو ئەو شێواز و رێگایانەى تاقیکردەوە، بەڵام دیسانەوە هیچ ئەنجامێکی دەست نەکەوت و سەرنەکەوت. سوپای تورک بەهۆی شەڕی بەردەم دەرگای تونێلەکانەوە لەبەریەک هەڵوەشابوو، بەڵام تاوانی شەڕی ئەنجامدا و گازی کیمیایی بەکارهێنا. لە ئەنجامی ئەو بەرخودانە شکۆمەندانە و پڕ هەیبەتە ١٠ رۆژییەدا فەرماندە سەرحەد و هاوڕێکانی هاواری ئەو راستییانە بە گوێی هەموو جیهاندا دا و وتیان، "ئێمە شەڕڤانی رەشید سەردارین، ئێمە لە زاگرۆس رێگا بە داگیرکەران نادەین!" و بەو پەیامە گەیشتنە کاروانی ئەستێرەگەشە نەمرەکان و تا دوا هەناسە قارەمانانە لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر شەڕیانکرد.
ژ.ت